ناگیهان ئاکارسەل؛ ڕووناکییەک بە ڕەنگی ژنۆلۆژی بۆ تێکۆشانی ژن

تێکۆشان، چەمکێکە کە پێکهێنانی دەتوانێت بۆ مروڤ نەمری بهێڵێت، هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە تێکۆشەرن لە بیر ناچنەوە، یەکێکیش لەوانە ناگیهان ئاکارسەلە.

نەرمین ئەحمەد

 

سلێمانی- ناگیهان ئاکارسەل یەكێک لەو تێکۆشەرانەیە کە وەک خۆی دەڵێت: دەتوانین بە دەستگرتن بە هێزی یادگامان لەسەر ئەو خاکەی کە یادەوەری تێدا گەشە دەکات، لە ئێستا تێبگەین و بەرەو داهاتوو بڕۆین"، هەر بۆیە خۆی ئەو هێزە یادەوەرییەیە کە لە ڕۆح و دڵ و مێشکی ژنان و کۆمەڵگە دروستی کرد و ناهێڵێت کە لەبیر بکرێت.

 

ناگیهان ئاکارسەل، ناسراو بە هەڤاڵ زیلان، لە ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خێلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری قۆنیای تورکیا لە دایکبووە. هەر لە منداڵیەوە وەک چۆلەکەیک بەردەوام لەناو سروشت گەڕاوە و جوانیەکانی لەناو ئەو چاوانەی، کە لە هیوا و خۆشەویستیدا دەدرەوشانەوە، کۆکردووتەوە.

 

تەمەنی کەم بووە، بەڵام تامەزرۆیی بۆ چیرۆکی ژنان زۆر بوو، ئەم تامەزرۆییە بناغەی لێگەڕینەکانی ناگیهان بوو کە ببێتە گەڕیدەیەک لەناو چیرۆکەکاندا بۆ گەیشتن بە حەقیقەت.

 

چیرۆکی ناگیهان وەک ژنێک کورد بۆ ناسینی دوژمن لە قوتابخانەدا دەستی پێکرد، کاتێک دەیگوت "قونیا" و مامۆستاکەی لێدەدا و دەیگوت بڵێ "کۆنیا"، هەر ئەو کاتە بوو کە ناگیهان تێگەیشت گەر بیەوێ وەک ژنێکی کورد ژیان بکات، پێویستە لە تێکۆشان نەوەستێت.

 

ناگیهان قۆناغەکانی خوێندنی لە بەشی ڕاگەیاندن تەواو دەکات، لە ڕێگای ڕۆژنامەوانیدا بەردەوامی دەدات بە لێکۆڵینەوەکانی. لێگەڕینەکانی ناگیهان هۆکارێک دەبێت کە لەگەڵ بزووتنەوەی گەنجان ئاشنا بێت و ڕێگایەکی نوێ بە ئاسۆیەکی جیاواز بدۆزێتەوە، ئەو ئاشنای هزرێک بوو کە ئازادی کۆمەڵگەی بە ئازادی ژن دەزانی، ناگیهانیش بە هەنگاونان لەناو ئەم ڕێگایەدا بووە یەکێک لەو ئازادیخوازانە کە گیان و ڕۆحیان لە ڕێگای حەقیقەتی ئازادیدا تەرخان کرد.

 

ناگیهان کە لە منداڵییەوە بە گوێبیست بوونی چیرۆکەکان، جوانی ناخی ژنانی بینی بوو، هەستی بە هێزی ژنان کردبوو، هەوڵدانی ئەوە بوو کە ژنان دیسان ئاشنای خۆیان بکات و ژنان بە ڕوانگەی ژنێکەوە سەیری خۆیان بکەن.

 

ناگیهان ئیتر تەنیا لێکۆڵینی نەدەکرد، بەڵکو بە بیرکردنەوە لەسەر بناغەی ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن، دەیەویست بە ڕێبازە زانستییەکەیشی ژنان لەگەڵ بوونیان ئاشت بداتەوە. ناگیهان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژییەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لە پەرتوکی سوسیۆلۆژی ئازادی زانستی "ژنۆلۆژی" پێشنیار دەکات، پەرە بە لیکۆڵین و تێکۆشانەکەی دەدات.

 

ناگیهان ئاکارسەل ڕۆژنامەوان، لێکۆڵەر، ئەندامی دامەزرێنەری ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، لە ساڵی ٢٠١٥ دا دەست بە خەباتی ژنۆلۆژی دەکات و بە هەنگاونان لە هەر شوێنێک، زانستی ژنۆلۆژی بڵاو دەکاتەوە.

 

ناگیهان بە بایەخەوە لە هەرشتێکی دەڕوانی، هەر بۆیە باش دەیزانی کە چۆن وشەکان لەگەڵ شۆڕش، کۆمەڵگە و ژیاندا ئاوێتە بکات و واتای پێبدات، بە زمانێکی سادە پیر و گەنجیش تێبگەینبێت، ئەو جوانناسی بە ''جوانکردنی ژیان'' پێناسە دەکرد، دەیگوت: "ئەگەر ژیان جوان نەکەین، هەموو جوانییەک لە مەترسیدایە"، جوانیشی سەرەتا لە ئازادکردنی ڕۆحی ژندا دەبینیەوە، هەر بۆیە دەڵێت: "لە سەردەمێکدا دەژین کە مرۆڤ تەنانەت بە گومانەوە لەو بەهایانە دەڕوانیت، کە باوەڕی پێیەتی".

 

ناگیهان، تێکۆشەرێک بوو کە تەنها هەڵگری چیرۆکی تێکۆشانی خۆی نەبوو، ڕێگای تێکۆشانی ناگیهان ڕەنگی زۆر ژنی بە خۆیەوە بینی؛ هەر لە باکووری کوردستان، تا گوێگرتن لە ژنانی شەنگال کە لای ئەوانیش وەک ناگیهان خۆر و مانگ و ئەستێرە بە نرخ بوون، لە بەردەوامی ڕێگای  لێکۆڵینەوەکانی گەیشت بە زێدی خواوەندەکان و لە ڕۆژئاوای کوردستان نەک تەنیا چیرۆکی شارستانیەتی بینی، بەڵكو بووە شایەتحاڵی دەستانی قارەمانی خواوەندەکانی ئەم سەردەمە، کە چیرۆکی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بوو.

 

وەک تەوارێک بە دوای پرسیارەکانی لە ئاسمانی حەقیقەتی ژیاندا دەفڕی

هەر گەشتێک لە ژیانی ناگیهاندا باسکەکانی بە هێزتر دەکرد و ئەم جارە بەری فڕینەکەی بەرەو باشووری کوردستان بوو، ناگیهان بەردەوام بوو لە تێکۆشان بۆ گەیشتن خەونەکانی، بە بیرکردنەوە لەسەر بناغەی ژنۆلۆژی، وەک ڕووناکییەک بوو بۆ ژیانی تاریکی ژنان، هاتنی ناگیهان بۆ باشووری کوردستان شەوقی بیرکردنەوەکانی ژنانی باشووری بەخشی.

 

ناگیهان بە زانستی ژنۆلۆژی هەست، ڕۆح و بیری ژنانی زیندوو دەکردەوە، پەروەردەی گرنگ دەبینی و بەردەوام لە ڕێگای خول و سیمینار ژنانی لە گرنگی خۆبوونیان هۆشیار دەکردەوە.

 

"گەیشتن بە خۆبوون لەسەر خۆڵی ئازادی دەبێت"

ناگیهان ئاکارسەل باسی لەوە دەکرد، "سەرەکیترین هەنگاو بۆ خاوەن بڕیاری و خۆبەڕێوەبردنی ژنێک، خودبوونی ژنە، ئەوەش پڕۆسەیەکە بۆ گەیشتنی ژن بە ڕاستینەی خۆی، ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە جوانی و ڕاستی، گەیشتن بە خۆبوون تەنها لەسەر خۆڵی ئازادی دەبێت، کاتێک ئازادی نەبێت ئەو کاتە خۆبوون بوونی نابێت، لەبەرئەوە یەکەم هەنگاو جێبەجێکردنی بیردۆزی ئازادی ژنە.

 

دەڵێن: "گەردوون هەموو هونەری خۆی لە بوونی ژندا نەخشاندووە"؛ ناگیهان کە دەیزانی ژن بوونێکی ئازادە و هونەریش ڕەنگدانەوەی بیری ئازادی گەردوونە، لە ڕێگای پێشەنگایەک بە ناوی "خۆبوون" ویستی ببێتە دەنگی ژنان و ژنانیش لە ڕێگای هونەرەوە بوونی ئازادی خۆیان، ڕەخنە و ئازارەکانیان پێناسە بکەن. هەر بۆیە ناگیهان بەردەوام دەیوت:" دەبێت ژن یەکتریان خۆش بوێت و یەکگرتوو بن. هەر ئەوەیە ئێمە ئازاد دەکات و تەنانەت پیاویش ئازاد دەکات".

 

ئامانجەکانی ناگیهان گەورە بوون و خەونەکانی ناگیهانیش بو پێکهێنانی گەورە بوون. ژیانی ناگیهان ساتەکانی تێر و پڕ بوون لە واتا، هەر بۆیە ناگیهان وەک خەزێنەیەک بوو کە ئەزموون و سەرپێهاتەکانی ژنان. بەڵام خەونی ناگیهان خەزێنەیەکی گەورەتر بۆ هەموو ژنان بوو، کە ئەرشیف و مێژوویەکیان هەبێت. هەر بۆیە لە باشووری کوردستان پرۆژەی ”ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد"ی دەستپێکرد.

 

ئەلیف بەرک، هاوڕێیەکی ناگیهان ئاکارسەل دەڵێت، ناگیهان لە ڕۆژنووسەکەیدا نووسیویەتی "مانگی ئەیلوول بۆ من وەک دەستپێکردن، هەنگاونانێک نوێ و ژیانێکی نوێیە. نازانم چییە بەڵام هەست دەکەم لە دەستپێکردنێکی نوێ دامە".

 

ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بە دەستی دەوڵەتی تورکیا و خیانەتی ناوخۆی کە لە حەقیقەتی ژن دەترسن، تیرۆرکرا، بەڵام ڕۆحە سەرکەشەکەی ناگیهان وەک خۆی وتوویەتی بوو بە دەستپێکێک بۆ هەموو مانگەکانی ساڵ. بوو بە گەریدەی حەقیقەتێک کە هیچ هێز و دوژمنێک ناتوانێت لەم لێگەڕینە بیوەستنێت، چونکە ئازادی شتێک نیە کە بەربەستی بۆ دانرێت.

 

ناگیهان لە ڕۆژێک بەر لە شەهیدبوونی نووسیویەتی: "دەمەوێت بە عەشقێکی گەورە بنووسم، بەڵام وشەکان بەش ناکەن، ئەمەوێت لەسەر هەموو هاوڕێکانم بنووسم، لە سەر ئەم ژیانە و ئازادی بنووسم...".