ژنانی ئیدلب لەژێر هەڕەشەی ئاوارەبووندان

لەگەڵ بەردەوامبوونی بۆردوومانەکان، ژنانی ئیدلب ترسیان لە ئاوارەبوون هەیە کە ئازارەکانی پاراستنی پەناگە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان خراپتر بکات.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- بەردەوامبوونی گرژییەکان لە شاری ئیدلب شەپۆلێک ئاوارەیی بەرەو کامپەکان دروست دەکات، کە پێشتر بەهۆی کارەساتی مرۆییەوە هەمان بارودۆخ دروست ببوو، هەروەها لاوازی وەڵامی مرۆیی و نەبوونی یارمەتی مرۆیی لە ناوچەکەدا هەیە کە زیاتر لە چوار ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی تێیدا دەژین، نیوەیان بەزۆر ئاوارە بوون و مافی خۆراک و دەرمانیان لێ بێبەشکراوە.

 

زەینەب غاوی تەمەن ٣٨ ساڵ ناتوانێت بخەوێت لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئەریحای باشوور لە ترسی ئەوەی بکرێتە ئامانج، کە چەندین جار هێرشی کراوەتەسەر، چونکە نازانێت ئایا لە شارەکە دەمێنێتەوە یان ئاوارە دەبێت و ماڵەکەی جێدەهێڵێت.

 

ئەگەر ئاوارەبن بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناچاری ژیانی کامپ دەبن

ئاماژەی بەوەشکردووە، ترس و نەبوونی ئاسایش هەستێکی بەربڵاوە لەناو هاوڵاتیانی مەدەنیدا کە هەوڵدەدەن بەرگەی بگرن، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ناوچەکە چەند کیلۆمەترێک لە شوێنەکانی هێزەکانی حکومەتی شامەوە دوورە، ئاوارەبوون لەم کەشوهەوا ساردەو هەبوونی قەیرانی داراییدا زۆر قورس دەبێت، چونکە پارەی پێویست نییە بۆ کرێدانی خانوو یان کڕینی کەرەستەی گەرمکردنەوە.

 

دەترسێت وەک دراوسێکانی ناچاری ئاوارەبوون بێت

بارودۆخی زەینەب غاوی هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ مەروە فەهیم کە لە گوندی فاتیرە دەژی، یەکێک لە گوندەکانی جەبەل ئەلزەویە، ئەو دەترسێت لەوەی وەک دراوسێکانی ماڵەکەی بۆردومان بکرێت و ناچاری ئاوارە بوون بێت، مەروە نایەوێت ماڵەکەی و زەوییەکەی کە بە دار زەیتوون چاندوویەتی، تاکە سەرچاوەی بژێوییەتی بەجێبهێڵێت.

 

مەروە فەهیم لە باخچەکەیدا چەند سەوزەیەکی چاندووە بۆ دابینکردنی هەندێک خۆراک بۆ خۆی و نەوەکانی کە لەگەڵیدا دەژین، وتی: خەڵکی لێرە پشت بە وەرزەکان، دانەوێڵە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەبەستن، ناتوانرێت وازیان لێ بهێندرێت، ئەگەر لە بۆردومان ڕابکەین، ساردی و بێ ماڵی دەمانکوژێت، ئێمە لەنێوان دوو بژاردەی تاڵداین، بۆیە پێم باشترە لە ماڵ و زەویەکانم بمێنمەوە، زۆر باشتر دەبێت لە هەڵگرتنی باری ئاوارەبوون.

 

بەیان بورهانی تەمەن ٤٤ ساڵ، ئاوارەی گوندی حاس و نیشتەجێی کامپەکانی سەرمین لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب بووە، بەڵام نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان ئازارەکانی زیاتر کردووە، جەختی لەوە کردەوە جارێکی دیکە ترسی لە ئاوارەبوون هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی خێرایی بۆردومانەکان لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە و سەرەتای ئەمساڵەوە، وتی: لە دۆخێکی ترس و چاوەڕوانیدا دەژین، چونکە بۆردومانە بەردەوامەکان ترسی ئاوارەبوونمانی زیندوو کردەوە، بەڵام ئەمجارە لە نێوان بارودۆخی کەشوهەوای سەخت و هەژارییەکی توندداین.