عایشە حەمادی کۆچبەر: دەنگمان ببیستن

عایشە حەماد، تەمەن ٤٣ ساڵە و بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە کۆچی کردووە بۆ تل تەمر و ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی و حەوت منداڵەکەی لەناو هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان نیشتەجێبوون، دەڵیت: دەنگمان ببیستن.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ئەو هاوڵاتییانەی لە خاکی خۆیان کۆچیان کردووە چەندین برینی نوێیان لە ڕۆحیاندا هەیە و چاوەڕێی چارەسەرن، عایشە حەماد، دایکی ٧ منداڵە و لە گوندی قەبیر کەبیر، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیەوە ناچارکراوە کۆچ بکات، لە سەرەتای کۆچکردندا، عایشە ڕوویکردە چەندین گوندی شاری حەسەکە و تل تەمر بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەکی پارێزراو، بەڵام لە کۆتاییدا لە تل تەمر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان نیشتەجێ بوو، دوای ڕووخانی ماڵەکەی بە بۆردوومانی دەوڵەتی تورکیا، ئەم هۆڵە بووەتە پەناگەیەک بۆی.

 

دڵی هەموو کۆچبەران پڕە لەو وشانەی کە بە ڕاستی ژیان دەورە دراون، بە هیوای ئەوەن دەنگیان ببیسترێت، چاوەکانیان لە ڕێگای چارەسەرێکی سیاسیدان و لەبەردەم کامێرادا قسە دەکەن، عایشە یەکێکە لەو ژنانەی کە هەموو شەوێک بە دانانی سەری لەسەر سەرینەکەی دەیەوێت بگەڕێتەوە شوێنی خۆی.

 

گوندی قەبیر کەبیر کە دەکەوێتە سەر هێڵی بەرکەوتن لەسەر ڕێگای تل تەمر-زرگان لە کانتۆنی حەسەکە لە هەرێمی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هیچ خانوویەکی پارێزراو بەهۆی بۆردومانەکانەوە نەماوە، هەموویان وێران بوون، ئەم گوندە بۆ ماوەی ٥ ساڵە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە.

 

"ژیانی پارێزراو پێش داگیرکاریی بوو"

عایشە حەماد باسی ژیانی پێش داگیرکاری تورکیای کردو وتی: ژیانێکی پارێزراو بوو پێش داگیرکاری تورکیا، منداڵەکان دەچوون بۆ خوێندنگەکانیان ژنان دەچوون بۆ بێری و پیاوان دەچوون بۆ کار، بارودۆخی ئێمە خراپتر بوو دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر زەوی و گوندەکانمان، نە مەڕ و نە خاکەکەمان مانەوە، چی لەمە گەورەترە؟ ئێستا منداڵەکانم ناتوانن بخوێنن، ناتوانین پێداویستییەکانی خوێندنگە دابین بکەین، ئێستا تەنها یەکێک لە کچەکانم لە پەیمانگە دەخوێنێت.

 

هۆڵی ئاهەنگگێڕان دەبێتە پەناگە

عایشە حەماد وتیشی: لە هۆڵی ئاهەنگگێڕاندا دەمێنینەوە، ئەگەر دەرفەتم هەبووایە کرێ بدەم، خانوویەکم بەکرێ دەگرت، بەڵام دەبێت بەرگەی دەنگی بەرزی ئاهەنگەکان بگرین، داگیرکەران و چەتەکان دژی ئێمەن، هەموو ڕۆژێک بۆردومان هەیە، چۆن دەتوانم منداڵ و کچەکانم بگەڕێنمەوە بۆ گوندەکە لەم دۆخە مەترسیدارەدا؟

 

عایشە حەماد داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد یەکگرتوو بن دژی داگیرکاری تورکیا و وتی: خەڵکی ڕەسەن کۆچیان کرد و ونبوون و لەناوچوون، پێویستە هەموو وڵاتانی عەرەبی هەڵوێستێکیان هەبێت دژی داگیرکاری تورکیا لە خاکی سووریا و خاکەکەمان، پێویستە وڵاتانی عەرەبی ڕەچاوی دۆخی زیانبەرکەوتووانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بکەن، جوتیارەکان گەورەترین زیانبەرکەوتووی جەنگن.

 

"کێشەکە یارمەتی مرۆیی نییە، دەبێت داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا کۆتایی پێبێت"

عایشە حەماد ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکە بابەتی ئەو هاوکارییە نییە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دێت و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: منداڵانی کۆچبەر لە کامپەکان نەخۆشن، دەربارەی ناردنی یارمەتی دەوڵەتەوە نییە، نەمانبیستووە کە هیچ کەسێک لێرە بەهۆی برسێتییەوە گیانی لەدەستدابێت، پێویستە ئەوان بێن و بە چاوی خۆیان ببینن کە ئەم کۆچبەرانە لە چیدا دەژین، دەوڵەتی تورک بەرپرسیارە لە زۆر نەخۆشی منداڵان، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا واز لە خاکەکەمان بهێنێت، بارودۆخەکەمان باشتر دەبێت، زۆرێک لە پڕۆژەکان دروست دەکرێن و ژنان و پیاوانیش دەبنە خاوەن کار، هیوادارین دەنگمان ببیسترێت.