"سەرەتا شەرمم دەكرد خاوەن پێداویستی بووم، بەڵام ئێستا وزەی لێوەردەگرم"

بەشێک لەو ژنە گەنجانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەربەستەکانی ژیان و کۆمەڵگە وەهای لێکردوون، کە نەتوانن بە ئاسودەیی خوێندن تەواو بکەن، بەڵام ڤینا جەبار بووەتە هێز بۆ ژنانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەتیش.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ڤینا جەبار، گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، خۆشەویستی بۆ کارەکەی وایکردووە بەسەر جەستەیدا زاڵ بێت و ڕۆژانە کارەکانی ڕابپەڕێنێت.

 

لە ٣ی کانوونی یەکە، ڕۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستی تایبەتدا وەک قسەکەرێک لە پانێلی "تێپەڕاندنی تێڕوانینە نەرێنیەکان و بەهێزکردنی گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت" قسەی کرد و ئەزموونی گەورەبوونی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا و بەربەستەکانی ژیانی بۆ ئامادەبووان باس کرد.

 

 ڤینا جەبار بەکالۆریۆسی هەیە لە بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری و وەک خۆی باسی دەکات، سەرەتا زۆر سەخت بوو کە خاوەن پێداویستی بوونی خۆی لە خوێندنگە و لەناو منداڵاندا بشارێتەوە، شەرمی لە خۆی کردووە و نەیویستووە بزانن خاوەن پێداویستی تایبەتە، لەبەر ئەم هۆیەش بەردەوام لە هەوڵدا بووە تا سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن تەواو بکات و بیسەلمێنێت کە وەک خاوەن پێداویستییەکی تایبەت بوونی هەیە و دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.

 

ڤینا دەیگێڕێتەوە کە لە زانکۆشدا هەستی بە کەمی خۆی کردووە، بەڵام هێزی ناوخۆی وایلێکردووە سەرکەتوو بێت و سەرجەم بەربەستەکان تێبپەڕێنێت، دەشڵێت: ئێستا شانازی بە خاوەن پێداویستی خۆمەوە دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەبوو کە ئاشنا بووم بە ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە و توانیم لەگەڵ ڕێکخراوەکاندا ئیش بکەم و کەس نەیتوانی بە چاوی بەزەیی سەیرم بکات.

 

"داوا دەکەم خێزانەکان بهێڵن منداڵەکانیان بێنە دەرەوە"

ڤینا بە وزەیەکی زۆرەوە ئەزموونی خۆی بۆ ئامادەبووان باسکرد، بۆ نوژنهاش وتی: داوام لەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە، شەرم نەکەن و منداڵەکەیان بهێننە دەرەوە، با بێن و دنیا ببینن، چونکە دڵنیام زۆر بەهرەی شاراوە هەیە کە دەبێت ببینرێت و کۆمەڵگە سودی لێ ببینێت.

 

ڤینا جەبار لە ئێستادا مامۆستایە لە پەیمانگای نالای حکومی کۆمپیوتەر و بە خۆبەخشیش لە ڕێکخراوی کەمئەندامان کار دەکات و دڵخۆشە بە کارەکەیی و هاوکاری کۆمەڵگە دەکات.