تورکیا ناوچە داگیرکراوەکانی تەوقداوە و کارەساتی بوومەلەرزەکە زیاتر بوون
موشیرە مەلا ڕەشید، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانان لە کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا، کردارەکانی دەوڵەتی تورکیای لە ناوچە داگیرکراوەکانی دوای بوومەلەرزە زیانیان بەرکەوتووە، بە دوور لە ئەخلاق و مرۆڤایەتی بەناوکرد.
فیدان عەبدوڵا
شەهبا- سوریا بە گشتی و باکووری ڕۆژئاوای سوریا بە تایبەتی ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی تەواو بووەوە، دوای بوومەلەرزەکە کارەسات لە ناوچەکەدا ڕوویدا، ئاماری قوربانیانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا گەیشتە پێنج هەزار و ٨٠١ کەس، ٧ هەزار و ٣٩٦ کەسیش بریندار بوون،
ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن هێشتا بەردەوامە.
بوومەلەرزەکە پشێوی و پێشێلکاری و تاوانکارییەکانی دەوڵەتی تورکیای لە ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا زیاتر کرد، چونکە دەوڵەتی تورکیا یارمەتی و فریاگوزاری بۆ خەڵکی سوریا لە ناوچە داگیرکراوەکان دابین نەکرد و ڕێگری لە یارمەتییەکانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک کرد، بچێتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان و هەموو دەروازەکانی داخست، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی کوژراوان.
موشیرە مەلا ڕەشید، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانان لە عەفرین شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕایگەیاند، لەگەڵ بوومەلەرزەکە کە هەردوو تورکیا و سوریای گرتەوە، ئەو سیاسەتە سیستماتیکە لەلایەن دوژمنەوە بۆ گەلان و بەتایبەتی لەلایەن تورکیاوە جێبەجێکرا، ئەو ناوچانەی تورکیا داگیریکردووە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
موشیرە ئاماژەی بەوەشکرد، داگیرکەری تورکیا بە بیانووی دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو و حکومەتێکی کاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەسەر زەویەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکردووە، تورکیای داگیرکەر تیمی فریاگوزاری و میکانیزمی نەنارد بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی بەرکەوتەی بوومەلەرزەکە بوون، لەکاتێکدا کە فڕۆکەکانی هەموو وڵاتانی جیهان بەسەر ئاسمانی تورکیادا دەسوڕانەوە بۆ گەیاندنی هاوکاری، ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوەکانیەوە داگیرکرابوون، بانگەوازیان دەکرد، بۆ یارمەتی و داوای ناردنی سادەترین میکانیزم بۆ ڕزگارکردنی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی کە لە ژێر داروپەردوودا مابوونەوە، ئەوانەی لە ژێر داروپەردوودا گیانیان لەدەستنەدا، بەهۆی کەشوهەوای سارد و برسێتییەوە گیانیان لەدەستدا.
لەبارەی هاوکارییەکانەوە موشیرە مەلا ڕەشید وتی: هاوکارییەکانی ڕێکخراو و دامەزراوە مرۆییەکان کە گەشتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، نەدرایە خەڵکی زیانلێکەوتوو و بەکرێگیراوان ئەو هاوکارییەیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد، لەجیاتی هاوکاری خەڵکە زیانلێکەوتووەکان بکرێت، موڵک و ماڵیان دزرا و تاڵان کرا، دەوڵەتی تورکیا ئەو کارەساتەی بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆی و بۆ بانگەشەکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو قۆستەوە، لەسەر بنەمای ئەو پاڵپشتییە داراییەی وڵاتان و ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پێشکەشی دەکەن.
ماوەی زیاتر لە 5 ڕۆژە کاروانە فریاگوزارییەکانی ئیدارەی خۆسەری دیموکرات لە دەروازەکانی ئوم ئەلجەلود و ئەلتەحا چاوەڕێی چوونە ناو ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا دەکەن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەموو دەروازەکانی داخستووە و هەڕەشەی لەو کەسانە کرد کە هەوڵی پێشوازیکردنیان دەدەن، بەوەی دەیانخەنە ناو لیستی تیرۆرەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، موشیرە مەلا ڕەشید داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد، هەموو کێشە و جیاوازییە کەسی و سیاسییەکان وەلا بنێن و هەموو دەروازەکان بکەنەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییەوە زیانیان بەرکەوتووە.