چالاکوانانی ڕانیە کاریگەری نەرێتی تۆڕی کۆمەڵایەتی دەخەنەڕوو

چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی ڕاپەڕین کاریگەری نەرێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخەنەڕوو، ڕایانگەیاند، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەرتەوازەیی لەناو خێزان و دایک و باوک و منداڵ، هاوژینەکان دروستکردووە.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- تۆڕی کۆمەڵایەتی کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەکان کردووە، ئەم کاریگەرییە لەناو خێزانەکاندا قوڵ بووەتەوە و پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، بۆیە چالاکوانان باس لەوە دەکەن، کە کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت بە ڕێگەی جیاواز کەم بکرێتەوە و توندوتیژییەکانیش کەم بکرێتەوە.

 

شیلان سەعید، لێپرسراوی ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕانیە، دەربارەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان باسی لەوەکرد، کە کورد وەک گەلێکی چەوساوە، کە چەندین ساڵ لە ژێر زوڵم و ستەمدا بووە، کاریگەری خێرا بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی لەسەرە و بووەتە گرفتی ناو کۆمەڵگە، وتیشی: توندوتیژییەکان زیادی کردووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکین، ڕۆژ نییە توندوتیژی ڕوونەدات و ئێمەش درکمان بەوەکردووە، بۆیە لە ماوەی ڕابردوودا هەڵمەتی هۆشیاریمان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی ڕاپەڕین و مافی مرۆڤ بەڕێوەبردووە، ئامانجیشمان هۆشیارکردنەوەی ئەو خێزانانەیە کە کاریگەریەکی زۆر خراپیان لەسەرە، هیوادارین بتوانین دەست لەسەر ئەو برینانە دابنێین کە بتوانین ببینە ساڕێژکەری ئەو گیر و گرفتانەی کە لەناو کۆمەڵگەدا هەیە.

 

تۆڕی کۆمەڵایەتی دۆخی خێزانەکان بەرەو خراپی دەکات

حەبیبە بابان، ڕۆژنامەنووس و پارێزەر، باسی کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کرد لەناو خێزاندا، کە هۆکاری دروستبوونی کێشەی ناو خێزانەکانە، وتیشی: بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییە خێزانییەکان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی کاڵ بووەتەوە، زۆرینەی کاتەکان بە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە دەڕوات، من پێم وایە ئێمە توندوتیژی بەرامبەر کاتیش دەکەین، واهای لێهاتووە، کاتەکانمان بە هەموو جۆرێک لە کۆنتڕۆڵی خۆمان دەرچووە و ناتوانین ئەو کار و ئیشانەی هەمانە ڕۆژانە بەڕێوەی ببەین، خێزانەکانیش بە گشتی لەگەڵ یەکدی نەماون و پەیوەندییەکان کاڵ بوونەتوە، لەناو خێزانەکاندا هەر یەک لە سوچێکی ژوورەکە دایە، لە شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان بە گشتی هەر خەریکی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و دنیایەکی تایبەتیان بۆ خۆیان دروستکردووە، ئەمەش پەرتەوازەیی لەناو خێزان و دایک و باوک و منداڵ، هاوژینەکان دروستکردووە.

 

حەبیبە بابان ئەوەشی خستەڕوو، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتی دابڕاون و ئەمەش کارەساتێکە، چونکە پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوان تاکەکاندان نەماوە، پرسین و گەڕان و سەردانیکردنی یەکدی نەماوە، وتیشی: بەداخەوە کەوتووینەتە جیهانێکەوە واشمان لێهاتوە کە بە کاریشی نەهێنین ناتوانین، وەکو ئۆکسجینێکی لێهاتووە لەناو خێزانی کوردیدا، ئەمەش وایکردووە توندوتیژی دەروونی زیاد بکات و کەس دەروونی ئاسودە نییە، ئێستا کە دەبینین لە دادگاکاندا ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە هۆکاری سەرەکیش بە کارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە، بۆیە دەبێت تاکی کوردی هۆشیار بکرێتەوە و پەروەردە ڕێکبخرێتەوە، پەروەردەی خێزانی لە ڕاگەیاندن و بەرنامەکانەوە پەخش بکرێت و پڕۆژەی نوێمان پێبێت بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە داهاتوودا پێشکەش بە خەڵک و کۆمەڵگەی تازە بکەین.

 

ئامینە ئەحمەد، بەرپرسی ڕێخراوی ژنانی زەحمەتکێشانی کوردستان-ڕاپەڕین، باسی لەوەکرد، دەمانەوێت یاسایەک بۆ دۆخی ژن دابنرێت، تا بەو یاسایە چیدیکە ژن نەبێتە کۆیلەی دەستی پیاوسالاری و باوکسالاری، چونکە ژنیش مافی سەرەتایی خۆی هەیە و لەگەڵ پیاو یەکسانە، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زوڵمی زۆر لێدەکرێت، ئێمە وەکو ڕێخراوی حزبی و حکومی و ئازادی دەبێت کارێکی وابکەین کە نەهێڵین چیدیکە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بکرێت، چونکە تاکو دێت ژنان پتر دەکرێنە کۆیلەی دابونەریت و نەریتی کۆمەڵگە و خێزان، ئەمەش کارێکی دەروونی لەسەر ژنان دروست دەکات و هۆکارە بۆ ئەوەی پەنا بۆ هەڵاتن و خۆکوشتن و دەرمان خواردن ببەن، بەداخەوە تا ئێستا یاسایەک دانەنراوە ببێتە ڕێگری لەبەردەم خۆسووتاندن و دەرمان خواردن و هەڵاتن، ئێمە داواکارین یاسا سەروەر بێ و داواکارین ڕێگریەک بگیرێتەبەر توندوتیژی دژ بە ژنان ڕابوەستێت.