تێگەیشتن لە جەستەی ئایدیاڵ زیان بە تەندروستی ژن دەگەیەنێت

ئەو ژنانەی کە لە کەرتی مۆدە لە ئێران کار دەکەن، ئاماژەیان بەوە کرد، ژنان بە هۆی تێگەیشتن لە جەستەی ئایدیاڵ یاری بە تەندروستی خۆیان دەکەن و ڕایانگەیاند کە ئەم بوارە لایەنێکی دیکەی توندوتیژی دژ بە ژنانە.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- ژنان نزیکەی ٪٨٠ی هێزی کاری جیهان لە پیشەسازی جلوبەرگ و مۆدە پێکدەهێنن، هەروەها زۆرینەی شوێنەکان لەم کەرتەدا هەڵاواردن و توندوتیژی لە دژی ژنان ئەنجام دەدەن.

 

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم کەرتە مۆدێلکردنە بۆ گرتنی فۆڕمی گشتی جەستە لە ڕووی مۆدەی خوازراوەوە، بەپێی گرێبەستی ڕیکلام وەک جلوبەرگ و ئێکسسوارات و جانتا و پێڵاو و هتد... بۆ ئەوەی بکڕێت، مۆدێلەکان دەبێت شێوەی جەستەی خۆیان بپارێزن، هەر بۆیە زۆرجار مۆدێلەکان پەنا بۆ ڕێجیمێکی سەیر و توند دەبەن و ناهێڵن شێوەی جەستەیان بە شێوازی تایبەت بگۆڕێت، شیڤا ن.، تەمەن ٢٥ ساڵە و لە بواری مۆدێل لە دیواندەرە کاردەکات، سەبارەت بەو کەرتە بۆ دەزگاکەمان قسەی کرد و باسی لەوەکرد، کە مەرجەکانی مۆدێلبوون لە ئێران سەختترە.

 

"مەرجەکانی مۆدێلبوون لە ئێران سەختترە"

شیڤا ن.، کە فێربوونی دروومان دەخوێنێت، ئاماژەی بەوەکردووە، ژنان لە کەرتی مۆدەدا زۆر ئازار دەچێژن، "جگە لە سەرنجڕاکێشیی ئەم بوارە، کێشەی زۆریشی هەیە، بۆ نمونە ژنان بەمەبەستی گەیشتن بە باڵا و کێشێکی دیاریکراو زیانێکی زۆر بە جەستە و دەروونیان دەگەیەنن، ڕێجیمێکی توند پەیڕەو دەکەن و تووشی چەندین کێشەی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، بێگومان لەو شوێنانەی کە من وەک مۆدێلی جلوبەرگ کار دەکەم، ئەمانە ئەوەندە توند نین، بەڵام هێشتا دەبێت کێشی گونجاو و تایبەتمەندییە بینراوەکانی دیکە بەدەستبهێنیت، بەڵام بارودۆخی هاوپیشەکانم جێگەی خەمبارییە، لە وڵاتی ئێمەدا هەمیشە بوونی ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا سنووردارە بەهۆی مەرج و ئایینی سەپێنراوەوە، یەکێک لە بەناوبانگترین بوارەکان مۆدێلکردنە لە دژی ژنان، بارودۆخی مۆدێلکردن لە ئێران بۆ ژنان قورسترە لە چاو وڵاتانی دیکە”.

 

"توندوتیژی زایەندی و دەروونی و جەستەیی هەیە"

شیڤا ن. ڕوونیکردەوە کە زۆرێک لە ژنان کاتێک دەست بە پیشەی مۆدێل دەکەن هەندێک حەبی دابەزاندنی کێش بەکاردەهێنن و وتیشی: بەهۆی بەکارهێنانی ئەم جۆرە حەبی لاوازکەرەوە کێشەی تەندروستی دروست دەبێت، بەداخەوە لەبەر ئەوەی ئەم نیگەرانییە زۆر بێزاریان دەکات، گرنگی بە تەندروستی خۆیان نادەن، بەشێک لەو کەسانە بەهۆی بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکەوە بە تینوویی دەمێننەوە و ئاوی پێویست ناخۆنەوە و چەندین نەخۆشی چارەسەرنەکراو لەگەڵیاندا سەرهەڵدەدات، ئەو ژنانەی هاوسەرگیریان کردووە کە دەچنە ناو پیشەی مۆدێلەوە گرێبەستی درێژخایەن واژۆ دەکەن و مافی دووگیانبوونیان نییە لەم پرۆسەیەدا، یان خاوەن پیشەکە ژنانی خێزاندار قبوڵ ناکەن، زۆرێک لە ژنانی گەنج کاری مەترسیدار بۆ جەستەیان دەکەن بۆ ئەوەی لە دۆخێکی باش دەربکەون، لەم سەردەمەدا زۆرێک لە ژن و پیاوەکان جوانی خۆیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە کاتێک خۆیان بە مۆدێلەکانی ناو میدیاکان بەراورد دەکەن، بەڵام لە پشت ئەم مۆدێل و دیمەنانەوە توندوتیژی زایەندی و دەروونی و جەستەیی هەیە.