ژنانی زیانلێکەوتووی لافاو بە تەنیا ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان دەبنەوە

دوابەدوای دروستبوونی لافاوێکی بەخوڕ لە شاری باتمان لە باکووری کوردستان کە گیان لەدەستدانی ژنێک و سێ منداڵی لێکەوتەوە، دانیشتووانی گەڕەکە زیانلێکەوتووەکان کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر شارەوانی نیشاندا و دەڵێن ماڵمان بەهۆی قوڕ و ئاوەوە چۆڵکردووە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

باتمان- لە ئەنجامی ئەو باران بارینە زۆرەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر باری، لافاوێکی بەخوڕ لە گەڕەکەکانی شاری باتمانی باکووری کوردستان دروستبوو زیانی گیانی و ماددەی لێکەوتەوە.

 

بەهۆی لافاوەوە ژنێک بە ناوی لالیهان کونەری ٥٣ ساڵ و سێ نەوەکەی بە ناوەکانی ئاسینات، ئیسرافیل و بیرکول گیانیان لەدەستدا، هەروەها بەهۆی پاک نەکردنەوەی ئاوەڕۆکان و گیرانی کەناڵەکانی ئاوەڕۆ هەزاران ماڵ لە ناوەندی شاردا زیانیان بەرکەوتوو و دانیشتووانی شارەکەش دەڵێن، ئەم لافاوە بەهۆی کەمتەرخەمی شارەوانییەوە دروستبوو.

 

ژنان بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی خۆیان ماڵەکانیان پاک دەکەنەوە

سوزان ئاکارسو، دانیشتووی گەڕەکی سێتلارە کە لافاوی تیادا دروستبوو، دەڵێت: هەموو شتێک کە ئەو ڕۆژە ڕوویدا ئەوەندە لەناکاو بوو کە تێنەگەیشتین چی ڕوویداوە، کاتێک گوێم لە دەنگەکە بوو، یەکسەر پەلەم کرد بۆ ئەوەی منداڵەکانم لە ماڵەکە دەربهێنم، ئەگەر پەلەم نەکردایە، لە ماڵدا ڕزگارمان نەدەبوو، هەرچەندە لەکاتی ڕووداوەکەدا بانگەوازی هاوکاریمان کرد و دوعای زۆرمان کرد، بەڵام کەس وەڵامی نەدایەوە، دوو ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیوە و لە دەرەوەین، نازانین چی بکەین و لە کوێ بمێنینەوە.

 

"خۆمان تەرمی مردووەکانمان دەرهێنایەوە"

کولیچهان کۆنەر، دانیشتووی هەمان گەڕەکە و دەڵێت: ماڵەکەم بەتەواوی وێران بووە، کەسوکارم لەم کارەساتەدا گیانیان لەدەستدا، تا ئێستاش نازانین کێ لە ژیاندایە و کێ بێسەروشوێنە و نازانین چی ڕوودەدات، لافاوەکە لەناکاو هاتە ناو ماڵمان و جگە لە خۆ ڕزگارکردن هیچی ترمان نەکرد، منداڵەکانمان و تەنانەت تەرمی مردووەکانمان خۆمان دەرمانهێنا و کەس گوێی لە بانگەوازەکەمان نەبوو، ئێستاش ماڵم نەماوە و تاکە داواکاریی من ئەوەیە کە هەموو ئەو کەسانەی دەتوانن هاوکاریمان بۆ دابین بکەن.

 

وحیدە کۆنەریش ئاماژەی بەوەدا کە داوای هاوکارییان کرد، بەڵام کەس نەهاتە فریایان، "ئەگەر ماڵەکانمان بەجێنەهێشتبا ئێستا لە ژیاندا نەدەبووین، پەیوەندیمان بە بەشی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری کرد، پێیان گوتین، 'تا ئێمە دێین کارێک بکە' و کەس نەهات یارمەتیمان بدات، ئێمە لێرە ماینەوە بۆ ئەوەی بە تەنیا لەگەڵ مردندا خەبات بکەین، ئێمە و ئەوانی دیکە هاوکاری یەکترمان کرد و ئێستاش کەس پرسیار لە بارودۆخی ئێمە ناکات".

 

کەس وەڵامی پەیوەندیەکەیان ناداتەوە

زالیش شەمدین، دانیشتووی گەڕەکی حوریەت و دەڵێت: ئێمە لە خانوویەکدا لە نهۆمی خوارەوە دەژیاین، دایکم تەلەفۆنی بۆ کردین و پێی ڕاگەیاندین کە بارانێکی بەخوڕ دێت، ئەگەر ٥ خولەکی دیکەمان دواخستبایە، هەموومان دەخنکاین، سەرکەوتینە سەربانی نهۆمی سێیەم بۆ ئەوەی خۆمان ڕزگار بکەین، ئاوەکە ئەوەندە بەهێز بوو کە گەیشتە ئەوێش، بەڵام لە کۆتا خولەکدا وەستا، تێنەگەیشتین چی ڕوویداوە، لەناکاو کارەساتەکە ڕوویدا و وەستایەوە، ئێستاش هیچ شوێنەواری ماڵەکەم نەماوە، دۆخی ئێمە زۆر خراپە، نازانین چی بکەین، دێن ئێرە و دەڵێن هاوکاریمان دەکەن و ئیتر ناگەڕێنەوە لامان، هیچ کەسێک وەڵامی داواکارییەکانمان نادەنەوە، ئێمە نازانین ئەم زستانە بەرەو کوێ بچین.