''ئەرکی ڕۆژنامەنووسان پەردەلادان لەسەر ڕاستییەکانە"

سەردانی شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، کە لە ئەوروپاوە هاتوون و لە باشووری کوردستانن، بەردەوامە و ژاڵانە نەقشبەندی، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە دەڵێت: هەر ڕۆژنامەنووسێک ئامانجێکی گرنگی هەیە، ئەویش نیشاندان و گواستنەوەی ڕاستییەکانە بۆ هەموو کۆمەڵگە.

سلێمانی

 

شاندنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، کە لە ئەوروپاوە هاتوون و لە شاری سلێمانین، لە ٦ ڕۆژنامەنووسی کورد و بیانی پێکدێن، لەسەر بانگەوازی ڕۆژن و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە باشووری کوردستان سەردانی دەزگا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە بواری ڕۆژنامەگەری دەکەن، ئامانجی سەردانەکەش کۆکردنەوەی دەنگی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکارانە بۆ بە دۆسیەکردنی تیرۆی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ٢٣ ئابی ٢٠٢٤ لە سەیدسادق بە ئامانجگیران.

 

ژاڵانە نەقشبەندی، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ڕۆژن، باس لە ئامانجی سەردانەکەیان دەکات و دەڵێت: سەردانی شاندەکە بە دوو ئامانج بوو؛ یەکەم بۆ دەڕبڕینی هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە باشووری کوردستان و ماڵباتی شەهیدان بوو، کە بڵێێن ئێش و ئازاری هەر ڕۆژنامەنووسێک، ئێش و ئازاری هەموومانە، هەر ڕۆژنامەنووسێک ئامانجێکی گرنگی هەیە، ئەویش نیشاندان و گواستنەوەی ڕاستییەکانە بۆ هەموو کۆمەڵگە.

 

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژە بە چەواشەکارییەکانی میدیا حزبییەکان دەکات و وتی: بە داخەوە ئێستا لە هەرێمی کوردستان میدیا حزبیەکان پەردە لە ڕاستییەکان ڕاناماڵن، هەر بۆیە ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد بە ئەرکی خۆمان دەزانین کە ئەو پەردانە لە سەر ڕاستییەکان لادەین.

 

یەکێکتر لە هۆکاری هاتنی ئەم شاندە ئەوەیە کە، هەموو ڕۆژنامەنووسان لە هەر دەزگایەکی میدیاییدابن، بتوانن پێکەوە دۆسیەیەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ڕاوەستانی پێشیلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان دروست بکەن، ژاڵانە نەقشبەندی بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا، "ڕۆژنامەنووسان خەڵکی مەدەنین؛ ئەو کۆمەڵکوژی، تیرۆر، دەستبەسەرکردن و شکاندی کامێراکانیان کارێکی ڕاست نیە و لە بەرامبەر ئەم پێشیلکارییانە و نابێت بێدەنگ بین".

 

ژاڵانە نەقشبەندی لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، هیوادارە لە ئایندەدا ڕۆژنامەنووسان نەبن بە قوربانی و ڕۆژنامەنووسانی زیندانی ئازاد بکرێن و وتی: ڕۆژنامەنووسان نابێت ئازار بدرێن و دەنگیان کپ بکرێت، بە هیوای ئەوەین کە بتوانین بگەین بەو ئامانجەی کە دەنگی ئازاد و دەنگی ژن لە هەموو شوێنێک ئازاد بێت.