دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم سیستەمی پەروەردە لە میسر چین؟

لە کاتێکدا دەستپێکی ساڵی خوێندن دەرفەتێکی نوێ بۆ خوێندکاران دەڕەخسێنێت بۆ بونیادنانی ئەزموونی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی هەمەچەشن، لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک پرسیار دەهێنێتە پێشەوە سەبارەت بە توانای سیستەمی پەروەردە بۆ دابینکردنی ژینگەی فێربوون.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە – ئەو ئاڵەنگاریانەی بەردەم پڕۆسەی خوێندن دەبێت تەنها لە پرۆگرامی خوێندن یان شێوازی تاقیکردنەوەکاندا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئەو ژینگەیەی کە خوێندکاران خوێندنی تێدا وەردەگرن، ئەمەش بابەتگەلێکی وەک قەرەباڵغی پۆلەکان و بەردەستبوونی ئامراز و کەرەستەی سەرەتایی و سروشتی پەیوەندی نێوان خوێندکاران و مامۆستایان و کارگێڕی قوتابخانەکان و توانای دامەزراوەی پەروەردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خوێندکاران و دابینکردنی ڕێڕەوی ڕوون بۆ پشتیوانی و هاوکاری لەخۆدەگرێت.

 

کوالیتی پەروەردە بە دابڕان لەو ژینگەیەی کە خوێندکار وانەی ڕۆژانەی تێدا وەردەگرێت، باس ناکرێت. پۆلێکی قەرەباڵغ، نەبوونی ئامرازە سەرەتاییەکان یان سەختی دەستڕاگەیشتن بە کارگێڕی و مامۆستایان کاتێک کێشەیەک سەرهەڵدەدات، هەموو ئەو هۆکارانەن کە دەتوانن ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەبێت لەسەر توانای خوێندکار بۆ سەرنجدان و تێگەیشتن و هەستکردن بە پارێزراوی لەناو دامەزراوەی پەروەردەییەکەدا.

 

مونە اللە مەجدی، پسپۆڕی دەروونناس پێی وایە، دامەزراوە پەروەردەییەکان بە پلەی یەکەم ئامانجیان دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندکارانە، بەڵام ڕەنگە هەندێک وردەکاری بە ڕادەی پێویست گرنگی پێنەدرێت، ڕوونیکردەوە، کە ئاستەنگەکانی ژێرخانی تەنها لە خودی بیناکەدا سنووردار نین، بەڵکو ئامێرە سەرەکییەکانیش دەگرێتەوە کە خوێندکاران پێویستیانە، وەک شوێنی دانیشتن، کورسی، تەختەی سپی و پێداویستییەکانی دیکە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاستەنگەکانی دیکە بریتین لە ئاسانکاری پەیوەندیکردن لەگەڵ مامۆستایان و کارگێڕی قوتابخانەکان لەکاتی سەرهەڵدانی کێشەکان، هەروەها قەرەباڵغییەکی زۆر لە هەندێک دامەزراوەدا، جەختی لەسەر گرنگی دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو و فراوان و گونجاو بۆ ژمارەی خوێندکاران دەکاتەوە، کە ڕێگە بە سەرنج و فێربوونی گونجاو دەدات، جگە لەوەش، دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندکاران لەناو دامەزراوەی پەروەردەییەکەدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی پێویستییان بۆ گەڕان بەدوای جێگرەوەکاندا لە دەرەوەی دامەزراوەی پەروەردەیی.

 

فشارە دەروونییەکان کە ڕووبەڕووی خوێندکاران دەبنەوە

لەگەڵ ئاڵەنگاری ماددی، خوێندکاران ڕووبەڕووی فشارەکان دەبنەوە کە مەرج نییە وەک کێشەیەکی ئاشکرا لە پۆلدا دەربکەون، بەڵکو دەتوانن وردە وردە کۆببنەوە و کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ فێربووندا هەبێت، هەروەها تاقیکردنەوەکان، ترس لە شکستهێنان، زیادەڕەوی لە ئەرکەکانی ماڵەوە و مەرجە ناڕوونەکان هەموویان دەتوانن وا لە خوێندکاران بکەن کە خوێندن وەک سەرچاوەیەکی بەردەوامی دڵەڕاوکێ سەیر بکەن نەک کەشی فێربوون و بەدەستهێنانی زانیاری.

 

مونە اللە مەجدی هۆشداری دەدات لەوەی کە بەڕواڵەت هێمنی خوێندکار یان باشی ئەکادیمی مەرج نییە ئاماژە بێت بۆ تەندروستی دەروونی باش، ڕوونیکردەوە، کە فشاری بەردەوام لە کۆتاییدا دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی پاڵنەر یان قەیران و تێکچوون کە کاریگەرییەکانی لە دواتردا دەردەکەون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕەنگە خوێندکارێک سەرەڕای لەدەستدانی پاڵنەرەکەی بەردەوام بێت لە خوێندن، لەوانەیە بگاتە ئاستێک کە هەست بکات هەوڵەکانیان ئەنجامە خوازراوەکەی بەدەست نەهێنن، بەتایبەتی ئەگەر هەوڵێکی زۆریان دابێت بەڵام نمرەی چاوەڕوانکراویان بەدەست نەهێنا، هەر بۆیە پێی وایە ئەوەی پێویستە ڕێبازێکی هاوسەنگە، نە فشارێکی زۆر لەسەر خوێندکاران دابنێت و نە بەبێ ڕێنمایی جێیان بهێڵیت، لە هەمان کاتدا فێریان دەکات چۆن داوای یارمەتی بکەن کاتێک ڕووبەڕووی کێشەی ئەکادیمی یان دەروونی دەبنەوە.

 

هەڵسەنگاندنی بەردەوام

مونە اللە مەجدی پێی وایە چەمکی هەڵسەنگاندن خۆی باشە، بەو پێیەی فێرخواز ئاگاداری پێویستی خوێندن و ئامادەکاری دەکات، بەڵام زیادەڕەوی لە دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەکان دەتوانێت بارگرانییەکی زیاتر بخاتە سەر هەردوو خوێندکار و خێزانەکەیان.

 

پێشنیاری ئەوەی کرد، کە پێویستە ماوەی گونجاو لە نێوان خوێندن و هەڵسەنگاندندا هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تاقیکردنەوەکانی مانگانە دەتوانن ئامانجی چاودێریکردنی پێشکەوتن بەدەستبهێنن بەبێ ئەوەی خوێندکار بخاتە دۆخێکی بەردەوامی ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی داهاتوو.

 

هەروەها جەخت لەسەر پێویستی هێنانەدی هاوسەنگی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بە تەواوی وازی لێ نەهێنرێت، لە هەمان کاتدا پرۆسەی پەروەردەیی نەبێتە زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی بەردەوام.

 

ئامرازێک بۆ بەشداریکردن یان سەرچاوەیەکی زیادە بۆ فشار؟

لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پرۆسەی پەروەردەیی، کەشی نوێ سەریان هەڵداوە کە بوونەتە بەشێک لە ژیانی خێزانیی، دیارترینیان گروپەکانی دایکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و بەرنامەکانی نامە ناردن، ئەم گروپانە زۆرجار بوونەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری پەیوەست بە خوێندن و ئەرک و تاقیکردنەوە و مامۆستا.

 

مونە اللە مەجدی پێی وایە ئەم گروپانە لایەنی ئەرێنییان هەیە، بەو پێیەی یارمەتی دایکان دەدەن کە ئاگاداری پێشکەوتنی منداڵەکانیان بن و لە سروشتی ئەو کێشانە تێبگەن کە ڕووبەڕووی خوێندکاران دەبنەوە، بەڵام ئەم گروپانە هەندێک جار دەتوانن لە دەرەوەی ئامانجی پەروەردەیی خۆیان لابدەن، قووڵببنەوە لە بابەتە کەسییەکان یان ببنە کەشی ناکۆکی و ململانێ.

 

هۆشداری دەدات لەوەی کە بە تەواوی پشت بە تەکنەلۆژیا ببەسترێت، لە کاتێکدا بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان بووەتە شتێکی باو، بەڵام نابێت تەکنەلۆژیا تاکە بنەمای پرۆسەی پەروەردەیی بێت.

 

جەختی لەسەر گرنگی تێکەڵکردنی فێربوونی کەسی و ئۆنلاین کردەوە، نەک تەنها پشت بە وتار یان ناوەڕۆکی دیجیتاڵی، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی هاندانی خوێندکاران کردەوە بۆ بەکارهێنانی پەرتوک و پەرتوکخانەکان، بۆ لێکۆڵینەوە لە چەندین سەرچاوە، و دوورکەوتنەوە لە خووگرتنیان لە تەمەنێکی بچووکەوە بۆ پشتبەستن بە تەنها ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ زانیاری.

 

ڕاهێنانی مامۆستایان و بەدواداچوون

مونە اللە مەجدی ڕوونیکردەوە، کە ڕاهێنانی مامۆستا توخمێکی بنەڕەتییە، دڵنیای دەدات لەوەی مامۆستا شارەزایە لەو بابەتەی کە دەیڵێنەوە و توانای پێشکەشکردنی بە شێوەیەکی گونجاو بۆ خوێندکاران هەیە، هەروەها ڕۆڵیان نابێت تەنها لە وەستان لەبەردەم پۆل و گەیاندنی زانیاریدا سنووردار بێت، بەڵکو پێویستی بە لێهاتوویی ڕاستەقینە هەیە لە لایەنی پەروەردەییەوە.

 

هەروەها پێشنیاری پێشکەشکردنی دانیشتن یان ڕاهێنان دەکات بۆ یارمەتیدانی خوێندکاران بۆ پەرەپێدانی هۆشیاری دەروونی و بونیادنانی خۆڕاگری زیاتر، جەختکردنەوە لەسەر گرنگی کات بۆ پشوودان و یاریکردن و کات بەسەربردن لەگەڵ خوێندن، چونکە گەشەپێدانی خوێندکار بە تەنها لە ڕێگەی ئەکادیمییەوە بەدەست ناهێنرێت.

 

جەخت لەسەر پێویستی چاودێریکردنی بەردەوامی ئەدای دامەزراوە پەروەردەییەکان دەکاتەوە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی کاریگەرانەی پلانە پەروەردەییەکان و بەدواداچوون لە هەموو ئاستەکانی ناو دامەزراوەکەدا بۆ مسۆگەریکردنی ئەوەی کە گەشەپێدان تەنها پلانی نووسراو نییە بەڵکو وەرگێڕدراوە بۆ کردارێکی پراکتیکی.

 

چاکسازی پەروەردەیی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە لە نێوان هەموو توخمەکانی سیستەمەکەدا، خوێندکاران، خێزانەکان، مامۆستایان، سەیستەمەکانی خوێندن و تەکنەلۆژیا هەموویان کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە، یەکەمایەتی ئەوەیە کە قوتابخانەکان زۆربەی پێداویستییە پەروەردەیی و دەروونییەکانی خوێندکار دابین بکەن، لەگەڵ میکانیزمی ڕوون بۆ داوای یارمەتی لە کاتی پێویستدا.