دۆڵی پەپولەکان، شوێنی ژیانی جوانترین پەپولەکانی جیهان

دۆڵی پەپولەکان، سروشتێکی ناوازەی هەیە و دەکەوێتە ڕۆژئاوای دوورگەی ڕۆدس لە یۆنان، ئەم دۆڵە شوێنی ژیانی جوانترین و قەشەنگترین پەپولەکانی جیهانە.

 

سارا ارومیه

دورگەی ڕۆدس دەکەوێتە دەریای ئیجە لە یۆنان لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوان بە گەورەترین دوورگە لەنێو دوورگەکانی دۆدکانیس (Dodecanese) دادەنرێت، ژمارەی دانیشتووانەکەی ١١٧ هەزار کەس دەبێت و ناوەندی شوێنەوارە دێرینەکانی دوورگەکانی یۆنانە.

دۆڵی پەپولەکان، کە بە دۆڵی پیتالۆودس (Petaloudes) ناسراوە و ٢٥ کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوورە، دەکەوێتە ڕۆژئاوای دوورگەی ڕۆدسی یۆنانی و شوێنی ژیانی هەزاران پەپولەی ڕەنگین و جوانە.

 

دۆڵی پەپولەکان لە یۆنان

دۆڵی پەپولەکانی یۆنان، لەبەرئەوەی لە هاویندا کەشێکی شێدار و فێنکی هەیە لە وەرزی بارانبارینی ساڵدا بەهۆی گونجاوی ژینگەکەیەوە میوانداری هەزاران پەپولە دەکات لە جۆری  ( Jersey Tiger Moth)، لە کۆتایی مانگی ئایاردا پەپولەکان وەک لێفەیەک تەواوی دۆڵەکە دادەپۆشن.

ژمارەیەکی زۆری درەختەکانی ئیکالیپتۆس ئاسانکاری دەکات بۆ کۆچکردنی پەپولە ڕەنگاوڕەنگەکان بۆ ئەم دۆڵە کە جووتبوون لە هەفتەکانی کۆتایی مانگی ئاب و ئەیلوولدا لەنێو دار و دەوەنەکاندا ئەنجام دەدەن، چیرۆکی ژیانی ئەم پەپولانە دوای جووتبوونیان بە دانانی هەڵاڵەکانیان کۆتای دێت.

 

دواجار لەگەڵ هاتنی بەهاردا قۆزاخەی پەپولەکان دێنە دەرەوە و لە دۆڵەکەدا دەست بە جوڵە دەکەن و بڵاودەبنەوە، ژیانیان بەردەوام دەبێت و دەبنە پەپولەیەکی پێگەشتوو کە لە مانگی حوزەیران دووبارە سوڕەکە دەستپێدەکاتەوە.

پەپولەکان ناتوانن لە قۆناغی کۆتای سوڕی ژیانیدا بخۆن، بۆیە بۆ پاراستنی وزەیان لەم دۆڵەدا پشوو دەدەن.

 

هاتنی گەشتیاران بۆ ئەم ناوچەیە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژیانی ئەم پەپولانە هەیە و گرتن و دەستلێدان و هەڵفڕاندنی ئەو پەپولانە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانیان، چونکە هەر دەنگێکی بەرز وایان لێدەکات کە بفڕن و دەبێتە هۆی بەکاربردنی وزەی بەنرخیان کە لە قۆناغی پێشووی ژیانیانەوە هەڵیانگرتووە.

 

ت.پ