کۆچبەرانی سەرێکانی: دەمانەوێت پێش زستان بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەشتەمین ساڵیادی داگیرکردنی سەرێکانی، خێزانە کۆچبەرەکان داوایان کردووە کە بەپەلە هەلومەرجی پارێزراو دابنرێت و پێش زستان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە-دوای ئەوەی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر سەرێکانی دەستیپێکرد، هەزاران خێزان ناچاربوون کۆچ بکەن و خۆبەڕێوەبەری کامپی سەرێکانی و واشۆکانی بۆ دامەزراندن، لەو کامپانەدا سەرەڕای سەختی بارودۆخی ژیان، دەرفەتی پەروەردەیی و منداڵان و خێزانەکانیان هەوڵیاندا درێژە بە خوێندن بدەن و پەیوەندی خۆیان بە زمان و ناسنامەکەیانەوە بپارێزن.
لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە نێوان فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و حکومەتی سووریا واژۆ کرا، گەڕانەوەی پارێزراو و شکۆمەندانەی ئاوارەکان لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەدا جێگیرکرا. ڕۆژی ١٠ی ئاب، یەکەم کاروان کە لە ٤١٠ خێزان پێکهاتبوو، بەرەو شار و گوندەکانی خۆیان بەڕێکەوتن. پاشان لە ٨ی ئەیلوول کاروانی دووەم کە لە ٦٨٩ خێزان پێکهاتبوو بەرەو گوندەکان بەڕێکەوتن.
بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، بارودۆخی ژیان لە کامپەکاندا سەختتر دەبێت و خوێندنگەکانی ناو کامپەکان داخراون. لە ئەنجامدا زیاتر لە شەش هەزارو ٢٠٠ خوێندکار بە کچ و کوڕ بێبەش بوون لە خوێندن، داواکاری گەڕانەوە بۆ خێزانە ئاوارەکان تەنها گەڕانەوە بۆ ماڵ و گوندەکانیان نییە؛ بەڵکو دەیانەوێت منداڵەکانیان بگەڕێنەوە خوێندنگەکانیان و مافی خوێندنیان بە زمانی دایک پارێزراو بێت.
"دەمانەوێت پێش زستان بگەڕێینەوە ماڵەکانمان"
خاتوون محەمەد، یەکێکە لە ژنانی ئاوارە، سەبارەت بە بارودۆخی ژیان و خواستی گەڕانەوەیان وتی: دەمانەوێت گەڕانەوەمان خێرا بێت، دەمانەوێت پێش زستان بچینە ماڵەکانمان، دۆخەکەمان خراپە، کارەبا نییە و خوێندنگەی منداڵەکانمان داخراوە، منداڵان کاتەکانیان لە دەوروبەری ماڵەکانیان بەسەر دەبەن، ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانمان بتوانن بخوێنن.
میها هەواس محەمەد سەرنجی بۆ دۆخی منداڵان و داخستنی خوێندنگەکانی ناو کامپەکە ڕاکێشا و ڕایگەیاند، منداڵان لە دەوروبەری ماڵەکانیان دەژین و خوێندنگە نییە، هەروەها بارودۆخی ژیان لە کامپەکەدا سەختە، دەمانەوێت بە زووترین کات بگەڕێنەوە، دەبێت گەڕانەوەکە بە پارێزراوی ئەنجام بدرێت.
"لە کامپەکەدا شوێنێک بۆ پەروەردە نییە"
وەحیدە رەشید ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا دوو کاروان ڕەوانەکراون، بەڵام کاروانی سێیەم دواکەوتووە و ڕۆژانە بارودۆخی کامپەکە خراپتر دەبێت، لە کامپەکەدا کێشەی ئاو و کارەبا و ئاسایش هەیە، بەهۆی داخستنی خوێندنگەکانەوە منداڵان ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، پێویستە بارودۆخی پاریزراو بۆ گەڕانەوەی خێزانەکان مسۆگەر بکەن و پڕۆسەی گەڕانەوەی خێزانەکان خێراتر بکەن، بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن بگەڕێنەوە خوێدندنگەکانیان.
"دەمەوێت بگەڕێمەوە خوێندنگەکەم و بە زمانی دایک بخوێنم"
ئایە ئەحمەد ئەو منداڵە کچەی چاوەڕێی گەڕانەوە دەکات، داوای گەڕانەوەی پارێزراوی خێزانەکانی کرد و ڕایگەیاند، خوێندنگەکانی ناو کامپەکە داخراون، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان بۆ ئەوەی بخوێنین.
ئایە ئەحمەد هەروەها سەرنجی بۆ گرنگی خوێندن بە زمانی دایکی ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە دەیەوێت بە زمانی دایکی کە کوردییە درێژە بە خوێندن بدات.
نەرمین ئەمین باسی لە بارودۆخی ژیانی کامپەکە کردو ئاماژەی بەوەکرد، خێزانەکانیان لە کامپەکەدا ڕووبەڕووی کەمی خۆراک و بارودۆخی ژیانی سەخت بوونەتەوە، ڕوونە کە ئەوان دەیانەوێت بخوێنن بەڵام لە هەمانکاتدا دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
نەرمین ئەمین جەختی لە گرنگی گەڕانەوە بۆ خوێندنگە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە خواستیان گەڕانەوەیە بۆ خوێندنگەکانیان و خوێندن و ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی ڕایگەیاند کە کۆمەڵەی سێیەمی کۆچبەران کە لە زیاتر لە ٥٠٠ خێزان پێکهاتوون، لە ٤ی تشرینی یەکەم دەگەڕێنەوە گوندەکانیان.
جگە لەوەش کۆمەڵەی دووەمی کۆچبەران کە پێکهاتبوون لە نزیکەی ٧٠٠ خێزان کە لە کامپی سەرێکانی نیشتەجێن، لە ٨ی ئەیلوولدا لە ٥٥ گوندی نزیک لە سەرێکانی، زرگان و تل تەمر گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان.