توندوتیژی ناو خێزانەکان منداڵێکی توندوتیژکار بەرهەم دەهێنێت

توندوتیژییە بەردەوامەکانی ناو خێزانەکان و ئەوانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ جێدەهێڵیت و وایلێدەکات ببێتە تاکێک بۆ درێژەپێدەری توندوتیژییەکان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- توندوتیژی لەناو خێزانەکاندا تا دێت ڕوو لە زیادبوونە، هەندێک کەس توندوتیژی بەرتەسک دەکەنەوە تەنها لە لێدان و بریندارکردندا، بەڵام ئەوەندەی توندوتیژی دەروونی و کۆمەڵایەتی کاریگەری خراپ لە ناو خێزانەکان و بۆ سەر  منداڵ دروست دەکات، ئەوەندە لێدان دروستی ناکات.

 

توندوتیژی لە خێزانەکاندا کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ دروست دەکات، ئەو ئەقڵیەتەی پێنج هەزار ساڵە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات کە ئەقڵیەتێکی پیاوسالارییە، وایکردووە نەوە دوای نەوە توندوتیژییەکان بگوازرێتەوە و ئەو منداڵانەی لە ئێستادا لە خێزانەکاندان لە داهاتوودا ببنە درێژەپێدەری ئەو توندوتیژییە.

 

"توندوتیژییەکان پشێوی سۆزداری لە منداڵەکاندا دروست دەکەن"

شۆخان عەبدولخالق، چارەسەرکاری دەروونی، دەربارەی توندوتیژی خێزانی و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵ باسی لەوەکرد، چەندین توێژینەوە دەریان خستووە توندوتیژی خێزانی و بە تایبەت بۆ سەر ژنان کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ بەجێدەهێڵن، توندوتیژی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەیە کە منداڵ دەیبینێت، بە تەنها یەک جۆری توندوتیژی کاریگەری ناخاتە سەر منداڵ، بەڵکو هەموو جۆرە توندوتیژیەک کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر منداڵ.

 

دەربارەی ئەو دۆخەی لە منداڵەکەدا دروستی دەکات، شۆخان ڕوونیکردەوە، توندوتیژییەکان دەبنە هۆی دروستکردنی پشێوی سۆزداری، ئەمەش بە درێژایی تەمەنی کاریگەری لەسەر ژیانی دروست دەکات، وتیشی: یەکێک لە سیفەتەکانی جیهانی منداڵان هۆگربوونە، کاتێک توندوتیژی لە خێزانێکدا هەبێت ئەم هۆگربوونە کەم دەبێتەوە، بەتایبەت بەرامبەر بە باوکی چونکە ئەو بکەری توندوتیژییەکەیە.

 

"قەیرانی ئابووری و دەستێوەردانی کەسی سێهەم توندوتیژیەکانی زیاد کردووە"

شۆخان عەبدولخالق، ئاماژەی بەوەکرد، توندوتیژییەکان چەندین کاریگەری لەسەر منداڵ جێدەهێڵێت، وەک دروستکردنی بێ متمانەیی لە منداڵدا، منداڵ ناتوانێت وەک منداڵێکی ئاسایی یاری بکات، هەمیشە لەناو هاوڕێکانی و لە دەرەوە ترسی ئەوەی هەیە لێی بدرێت، ئەمەش وادەکات ترسی هەبێت لەو کەسانەی بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵیان، هەڵگری هەستی شەڕانگێزی دەبن و بەردەوام لەو کەسانە دەبن دەستپێشجەری شەڕ بکەن، دەڵێت: تەمەنی منداڵی گەشەی مێشک لە هەموو قۆناغەکانی تری کەسەکە خێراترە، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی وەک چیرۆک توندوتیژییەکان لە مێشکی ئەو منداڵەدا بمێنێتەوە.

 

ئەو چارەسەرکارە باسی لەوەکرد، توندوتیژییەکان لە ئێستادا بەردەوامە و حاڵەتەکان تا بێت زیاد دەبێت، چونکە قەیرانە ئابووریەکانی ئێستا هەن و دەستێوەردانی کەسی سێهەم کاریگەری تەواو دەخاتە سەر زیادبوونی پیاوان تا توندوتیژی بکەن، باوترین ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت بریتین لە 'لێدان، قسەی نەشیاو، هەڕەشەی بەردەوام بۆ هێنانی ژنی دووەم و پێنەدانی حەقی ژنەکە'.

 

"توندوتیژی لەناو خێزاندا کاریگەری لەسەر داهاتووی منداڵ دروست دەکات"

شۆخان ئاماژەی بەوەکرد، حاڵەتەکانی توندوتیژی بەردەوام هەن، هەندێک کەس پێیان وایە کەمبووەتەوە چونکە ئێستا لێدان نەماوە و توندوتیژی تەنها لە لێداندا بەرتەسک دەکەنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بەو جۆرە نییە و ئەوەندەی ئێستا توندوتیژی هەیە ساڵانی پێشوو نەبووە، هەندێک توندوتیژی هەیە تا ئێستا خەڵک درکی پێنەکردووە، بەڵام توندوتیژییە وەک خزمەتکردنی دایک و باوکی ژنەکە بەهەمان شێوەی دایک و باوکی پیاوەکە، یاخود بە کەم سەیرکردنی ماندووبوونی ژن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا شۆخان ڕوونیکردەوە، هەموو توندوتیژیەک کاریگەری لەسەر منداڵ دروست دەکات، تەنانەت کێشە لە قسەکردنیاندا، فێربوونیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشیان دروست دەکات، ڕێژەیەکی کەم هەیە لەو منداڵانەی لەناو ژینگەیەکی پڕ لە توندوتیژدا منداڵێکی ئاسایی بێت، ئەویش ئەگەر هەبێت بەهۆی میهرەبانی دایکیەوەیەتی، جگە لەمەش کاریگەری دەخەنە سەر منداڵەکە بەوەی لە گەورەبوونیدا هەمان ڕەفتار دووبارە بکاتەوە لەناو خێزانی خۆیدا.

 

"هۆشیاری بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە پێویستە"

شۆخان عەبدولخالق، ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا خێزانەکان و کۆمەڵگە هۆشیار نین لەوەی بە بەرچاوی منداڵەکانیانەوە باسی کێشەکان نەکەن، یاخود دەنگ بەسەر یەکتردا بەرز نەکەنەوە و توندوتیژی نەکەن بەرامبەر بە یەکتر، تەنانەت کاتی باسکردنی کێشەکانیش نازانن بەتایبەت لە پیاواندا کە بە بەرچاو منداڵەکانیانەوە زۆر کات ناڕەزایی دەردەبڕن و کێشەکانیان لەگەڵ هاوژینەکانیان باس دەکەن، ئەمەش وایکردووە زۆر کات منداڵەکە دایکی خۆشتر دەوێت.

 

ئەو چارەسەرکارە ڕوونیکردەوە، توندوتیژی ناو خێزانەکان و بەتایبەت بەرامبەر بە ژنان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کوڕ ڕق لە باوکی هەڵبگرێت، چونکە پێی وایە دەبێت ئەو دایکی بپارێزێت، هەندێک کاتیش خێزانەکان فشار دەخەنە سەر ژنان بۆ ئەوەی کوڕ بهێنێتە دنیاوە و دووبارە ئەوەش دەبێت بە توندوتیژی لەسەریان، لە کۆتایدا بە پێویستی دەزانێت هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە و هۆشیارییەکە بە شێوازێک نەبێت کە تایبەت بێت بە ژنان، بەڵکو تەواوی ئەندامی خێزان هۆشیار بکرێنەوە، چونکە پیاوانیش پێویستیان بە هۆشیارییە، وتیشی: لای ئێمە چارەسەری کێشەکان بە هەڵە ئەنجام دەدرێن، لە بوونی کێشەیەکدا تەنها گوێ لە یەک لایەن دەگیرێت، یاخود یەک لایەن هۆشیار دەکرێتەوە، بۆیە پێویستە هۆشیارییەکان لە چوارچێوەی خوێندنگەکان، ڕاگەیاندن و مزگەوتەکاندا بکرێت.