بە پەروەردە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی ئاوا دەبێت

کۆچەر حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووپاتی کردەوە کە ئەنجومەنەکە لەسەر بنەمای پارادایمی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان، بۆ پەرەپێدانی زانستی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی دامەزراوە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- ئەنجومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە، ئەنجومەنەکە لە پێکهاتەیەکی پەروەردەیی سەربەخۆی لیژنەکانی، پەروەردەی کۆنگرەی ستار، ئەکادیمیای ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەشە سەربەخۆکانی ئەکادیمیای کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئەکادیمیای ژنانی بنەماڵەی شەهیدان، ئەنجومەنی پەروەردە و فێربوونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەنجومەنی ژنانی دیموکراتیک، ئەنجومەنی پەروەردەی ژنانی گەنج، لیژنەی پەروەردەی زەنۆبیە، بەشی سەربەخۆی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، ئەکادیمیاکانی ژنانی شارەوانی، ئەکادیمیاکانی ڕەهەند (بواری کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی، تەندروستی، ڕۆشنبیری و هونەر، پەیوەندی، کۆمەڵایەتی دادپەروەری، ئابووری)، ئەکادیمیاکانی ژنانی گازی، ئەکادیمیاکانی ژنانی پارتە سیاسییەکان، ئەکادیمیاکانی ژنانی تەڤدەم، ئەکادیمیاکانی هەپەجە-ژن، ئەکادیمیای ژنانی ئاسایش، فەرماندەیی ئەکادیمیای یەپەژە، ئەکادیمیای ژنانی نالین موش، ئەنجومەنی منداڵان، ئەنجومەنی ژنانی زانکۆ، ئەنجومەنی خوێندکاران و هەموو پەروەردەکانی ژنان لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک پێکدێت.

 

کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکان لە ٢٧ نوێنەری پێکهاتەکانی پەروەردەی کۆمەڵایەتی پێکدێت، ئەم ئەنجومەنە لە ماوەی ٢ ساڵدا کۆنفرانسی خۆی ئەنجام دەدات.

 

"لەناو شۆڕشدا شۆڕشێکی هزریمان هەڵگیرساند"

کۆچەر حسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وتی: کاتێک سەیری هەموو کۆمەڵگە دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ڕەگەزگەرایی بەسەر کۆمەڵگادا سەپێنراوە، هەر بۆیە پێویستە شۆڕشێکی هزری هەڵبگیرسێت کە ئەقڵیەتی ڕەگەزگەرایی هەزاران ساڵە هەڵبوەشێنێتەوە و گۆڕانکاری تیادا بکات، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەنجومەنی پەروەردە دابمەزرێنین، هەموو ئەو دەزگا و لیژنە و ئەکادیمیا و دامەزراوانەی تیادا کۆبکەینەوە کە کار لەسەر پەروەردە دەکەن، چونکە هەموویان کار بۆ یەک ئامانج دەکەن، ئەویش نەهێشتنی ڕەگەزگەراییەوە بەسەر کۆمەڵگەوە.

 

کۆچەر حسێن ڕایگەیاند، ئەنجومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکانی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە شێوەیەکی چالاک و کرداری کارەکانی ئەنجامداوە، لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ٢ ئەکادیمیای پیشەیی کرایەوە، کە ئەکادیمیای زەینەب سارۆخان، ئەکادیمیای شەهید لەیلا ئاگرین، بە ئامانجی دروستکردنی تاکی پیشەیی کە بتوانێت ستافی پیشەیی لە هەر لقێکی کۆمەڵگەدا دروستبکات، لەسەر ئاستی کانتۆنەکانیش ٤ ئەکادیمیا کرانەوە و چەندین خولی پەروەردە بە بەشداری هەزاران ژن و پیاو بەڕێوەچوون

 

"پەروەردەی پیاوان یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی ساڵی ٢٠٢٣"

کۆچەر حسێن سەرنجی بۆ هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و کاریگەرییەکانی لەسەر چالاکییە پەروەردەییەکان ڕاکێشا و وتی: بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کارێکی زۆرمان لە پێش بوو، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کارەکانمان دواکەوت، بەڵام ڕانەگیرا. یەکێک لە پلانە سەرەکیەکانمان ئەوە بوو کە خولی پەروەردە بۆ پیاوان بکەینەوە، بەڵام هێشتا پێویستمان بە زیاترە، لەبەرئەوەی پەروەردە تەنها بۆ ژن پێویست نییە، پەروەردە بۆ هەردوو ڕەگەز پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانین ژیانێکی هاوبەش لە کۆمەڵگەدا دروست بکەین، پێویستە ئەم پلانە جێبەجێ بکەین، بۆیە زیاتر سەرنج دەخەینە سەر خولەکانی پەروەردەی پیاوان بۆ ئەوەی بتوانین بیرکردنەوەیەکی دروست بنیاد بنێین، هاوکات کتێبێک لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە ناوی گۆڕان و گۆڕینی عەقڵیەت بە زمانی عەرەبی و کوردی ئامادە دەکرێت، کە وەردەگێردرێتە سەر زمانەکانی دیکەش.

 

"دەبێت هێز و ڕێکخستنی خۆمان یەکبخەین"

کۆچەر حسێن لە کۆتاییدا وتی: تەنها یەک کەس ناتوانێت بارگرانی شۆڕش هەڵبگرێت، ئێمە لە شۆڕشێکی وەهاداین کە لە هەموو لایەکەوە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، هەر بۆیە ئێمە وەک گەلێک، چەند بە وریاییەوە لە بەها و دەستکەوتەکانی شۆڕش نزیک دەبینەوە، دەتوانین پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک و هاوژیانی ئازاد دابمەزرێنین، ئەگەر پیاو و کۆمەڵگە و سروشت هەبێت، ژیانێکی شکۆمەندانە و مرۆڤایی دەژین، بۆ ئەوەش تا زیاتر هێز و ڕێکخستنی خۆمان یەکبخەین، نەتەوەیەکی دیموکراتیک و شۆڕشی هزری بەرپا دەکەین.