چنار و هێمن نموونەی دوو چرای ڕێگەی زانست و خوێندن

چنار و هێمن دوو نمونەی منداڵی کوردن، کە ئەنفال باوکی لیسەندن و ئاوارەیش لە چەمچەماڵەوە بۆ ئێران و لەوێشەوە بەرەو سەیدسادق کۆچی پێکردن، بەفریش بێ ڕەحمانە ژیانی لێ زەوت کردن.

هەڵەبجە

 

چنار ناسح عەلی و هێمن ناسح عەلی، خەڵكی گوندی برایم غوڵامی سەر بە شارەدێی قادركەرەم بوون و باوكیان لە شاڵاوی ئەنفالە بەدناوەكەدا بێ‌ سەروشوێن بوو، دواتر لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ نیشتەجێ‌ بوون لەگەڵ ئاهوخانی دایكیان.

 

دوای ئاوارە بوونیان لە كۆڕەوەكەی ١٩٩١دا، لە ئێران دەگەڕێنەوە و لە ئۆردوگای شانەدەری نزیك شارۆچکەی سەیدسادق نیشتەجێ دەبن. ئەو خوشك و برایە، چناری تەمەن ٩ ساڵ لە پۆلی سێیەمی سەرەتای و هێمنی تەمەن ٧ ساڵ لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی دەبن. لە ساڵی ١٩٩٢ سەرەڕای بەفر و کڕێوەیەکی توندی شارۆچکەی سەیدسادق هەموو بەیانیانێک لە ئۆردوگای شاندەرەوە بە پێ‌ دەڕۆشتن بۆ سەیدسادق بۆ خوێندن.

 

٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ بەفرێكی زۆر دەبارێت و ئەوان لە ڕێگەیاندا بۆ قوتابخانە جارێکی دیکە ڕێگەی ماڵەکەیان ناگرنەوە بەر و لە ژێڕ بەفردا جەستەی بێ ڕۆحیان دوای شەو و ڕۆژێک گەڕانی خەڵکی سەیدسادق دەدۆزرێتەوە، دواتر دەرکەوت کە چنار و هێمن کاتێک لەژێر بەفر و سەرمادا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، ڕێگەی ماڵەوەیان ون کردووە و بەفر و سەرما كەسیرەی خستبوون.

 

هێمن لە چنار منداڵ تر بوو زووتر پەكی كەوتبوو چناریش (هەر بەو شێوەیەی پەیكەرەكەیان) خۆی دابوو بەسەر جەستەی تەزیوی برا بچووكە بێ‌ باوكەكەیدا تا سەرما نەیكوژێت، بەڵام كاتیك دۆزرانەوە هێمن گیانی سپاردبوو چناریش لە كۆتایی ژیانیدا بوو، هاوڵاتیان بەپەلە گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەویش رۆحیی سپارد.

 

ئێستا لە دەروازەی سەیدسادق پەیكەرێك بۆ ئەو دوو منداڵە دروستكراوە و گۆڕەكانیان لە شارەدێی شۆڕشە لە شارۆچکەی چەمچەماڵ و پەروەردەی چەمچەماڵیش وەكو ڕێزێك ناوی دوو قوتابخانەی بەناوی هێمن و چنارەوە کردووە.

 

هێمن و چنار، جگە لە هێمای مەزلومییەتی گەلی كورد، نموونەی دوو چرای ڕێگەی زانست و خوێندنن، هەموو ساڵێکیش لە شارۆچکەی سەیدسادق بە داگیرساندنی مۆم لەسەر پەیکەری چنار و هێمن، یادی ئەو دوو منداڵە دەکرێتەوە.

 

ئەمساڵیش یادی چنار و هێمن بەرز ڕاگیرا و مامۆستا بوشرا عەزیز وتی: من مامۆستام لە قوتابخانەی چنار، ئەو کەسانەشی بەشداری لەم مەراسیمەدا دەکەن، هەموویان لەو ڕووداوە بەشدار بوون، بۆنمونە ئەو پیاوەی کە منداڵەکانی لەناو بەفردا دەرهێناوە، بڕیاری داوە منداڵەکانی ناو بنێ چنار و هێمن.