"نامەکانی وریشە دەنگی ژیانن"

شەهرازاد ئەرشەدی دەڵێت: وریشە مامۆستایەکی گەورەی ژیانە. وەک چۆن لە دەرەوەی زیندان وانەی ژیانی دەوتەوە، لە زینداندا وانە و چالاکییەکانی ژیان فێری کەسانی دیکە دەکات.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- وریشە مورادی زیندانی سیاسی کورد و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، بە تۆمەتی یاخیبوون زیاتر لە ساڵێکە دەستبەسەر کراوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ئێراندا دەستی بە مانگرتنێکی نادیاری لە خواردن کرد، لە نامەیەکدا، کە ١٢ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە "مەهێڵنن شەڕەکانی دەرەوەی سنوور، لەسەر سەرکوتکارییەکانی ناوخۆ سێبەر دروستبکات".

 

شەهرزاد ئەرشەدی، هونەرمەند، نووسەر و دەرهێنەری فێمینیست، کە لە نزیکەوە ئاشنای چالاکییەکانی وریشە مورادی بووە و چەندین جار چاوی پێی کەوتووە، سەبارەت بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بێدەنگی کاتی" ئەم ڕاپەڕینە وتی: "ژن، ژیان، ئازادی" بزووتنەوەیەک بووە کە هەموومان و هەموو ئێران و تەنانەت جیهانیشی گردتووەتەوە و ڕێگای گەڕانەوەی نییە، دەنگێکی لە جیهاندا بڵاوکردەوە کە هەمیشە لە گوێی جیهاندا دەمێنێتەوە و بزووتنەوەیەک لەدایک بوو کە ڕەنگە بۆ یەکەمجار ژن لە سەرووی ئەودا بێت.

 

هەروەها جەختی لە سەر ڕۆڵ و کاریگەریی ژنانی ئازادیخوازی وەک وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، شەریفە محەمەدی و هتد لەم بزووتنەوەیەدا کردەوە و وتی: ئەگەر ژنی وەک ئەوان نەبوایە، پێموانییە ئەم دروشمە هەرگیز بەو هێز و جوانییە بگاتە ئێران و ببێتە جیهانی. بزووتنەوەیەکی زۆر بەهێز لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستی پێکرد کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە کوردستانەوە دەستی پێکردووە. ئەو دروشمەی کە شیرین عەلەمهولی لە زیندان و لەسەر دیواری زیندان نووسیبووی شتێکی نوێ نەبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەو بەهێزییەوە کە خەڵکی کوردستان لە گۆڕستانی سەقز نیشانیان دا، گەیشتە گوێی هەمووان. فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" تەنها دروشمێک نیە و پێویستە هەمیشە جەختی لەسەر بکرێتەوە، بۆ ئەوەیە مرۆڤەکان بتوانن بە ئارامی و بەختەوەری لە کۆنفیدرالیزمێکی سەرکەوتوودا بژین.

 

شەهرزاد ئەرشەدی، وەک یەکێک لەو کەسانەی کە لە نزیکەوە وریشە مورادی زیندانی سیاسی کورد دەناسێت، سەبارەت بە کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی دەڵێت: وریشە پڕە لە مرۆڤایەتی، کەسێکی بە مانا ڕاستەقینەکەی بەڕێزە، نەرم و نیان و میهرەبان، بەداخەوە ئەم جۆرە کەسانە لە زیندان بن، چونکە پێویستە لە دەرەوە بن بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەرییان لەسەر کەسانی تر هەبێت. وریشە کاتێک لە سنە دەژیا، ژیانێکی سەرکەوتووی هەبوو، لە کوردستان و ئێران و لە سنە دەستی بە چالاکییە مەدەنییەکانی کرد، چونکە دەیەویست دەنگی خەڵک بێت. هەرجارێک قسەمان دەکرد، یەک وشەی لەسەر خۆی نەدەگوت و پەیوەندی بەو بزووتنەوەیەوە دەکرد، کە دەنگی خەڵک و ئەوانەی نەیاندەتوانی دەنگی خۆیان بگەیەنن.

 

وریشە، مامۆستایەکی گەورەی ژیان
شەهرزاد، وریشەی بە مامۆستایەکی گەورە پێناسە دەکات کە لە دەرەوەی زیندان و تەنانەت لە ناو زیندانیش وانەی ژیان دەڵێتەوە: "تاکە چەکێک کە هەیەتی، بیر و هزری خۆیەتی، بۆ هاوارکردن بەسەر سەری ڕژێمی ئێران و هاوارکردن بۆ جیهان دژی لەسێدارەدان، ئەشکەنجە و زیندانی کردن بەکاریدەهێنێت.

 

شەهرزاد ئەرشەدی ئەو بزووتنەوەیەی لەناو زینداندا دروستبووە بە بزووتنەوەیەکی بەهێزی دەزانی کە "لە ناو زیندانەوە، سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی گەورە لە دەرەوە دەکات، ئەمە زۆر گرنگە. ئێستا ڕەنگە ٧٠ ژنی سیاسی لە زیندانی ئەڤین لەم بزووتنەوەی دژە لەسێدارەدا چالاک بن و ئەمەش شتێکی نایاب و سەرسوڕهێنەرە".

 

ئەم چالاکە فێمینیستە سەبارەت بە نامەکانی وریشە مورادی وتی: نامەکانی وریشە دەنگی ژیانن، دەنگی ئازادین، دەنگی شەرەفن، دەنگی مرۆڤایەتین و پێموایە هەموومان ئەرکمان لەسەر شانە کە دووبارە و سێبارە نامەکانی بخوێنینەوە. چونکە لە هەموو ڕستەیەک و هەر بڕگەیەکدا پەیامێک دەداتە خەڵک کە تەنها من نیم. ئەو دەزانێت ئەگەر گوێمان لە دەنگی یەکتر نەبێت، یەک نەگرین و بیر لە یەکتر نەبینەوە، ناتوانرێت ئەم دونیایە بۆ سبەینێیەکی باشتر چاک بکەینەوە".

 

ئامانجی شەڕخوازیی ئێران درێژەدان بە یارییە سیاسییەکان و سەرکوتکردنی زیندانیان و ئازادیخوازانە

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ من جێگەی سەرنجە کە وریشە زۆر گەنجە، بەڵام زانیاری لەسەر نەوەی ئێمەش هەیە، ئەو زانینەی کە لە ساڵانی شەستەکان و لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێراندا، لە هەمان کاتدا دیلەکان سەرکوت دەکرێن و لە زینداندا کۆمەڵکوژ دەکرێن. بۆیە هۆشداریمان دەداتەوە کە لەم یارییە ترسناک و گڵاوەی شەڕدا کە ئێران دەیەوێت بەشداری تێدا بکات، نەدۆڕێین. ڕاستە ئێمە دەبێ دەنگی دژ بە شەڕ بین، ڕاستە بۆ بەرگری لە گەلی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ دژی شەڕ بین، بەڵام دەبێ دەنگی زیندانیانیش بین".

 

لە کۆتاییدا شەهرەزاد ئەرشەدی وتی: گرنگە دەنگی کەسێک وەک وریشە بڵاو بکرێتەوە، بۆ ئەوەی کەسانێک کە نازانن و تێناگەن کە شەڕخوازی ئیسرائیل یان ئەمریکا و دژایەتیکردنی لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی ئێران یارییەکی سیاسییە. شەڕ بۆ قازانجی هیچ گەلێکی ستەملێکراو نییە. شەڕ تەنها بۆ قازانجی سەرمایەدارە و شەڕ دەریخستووە کە چ زیانێک بە مرۆڤ دەگەیەنێت، ئەمەش خاڵێکە کە وریشە گرنگی پێدەدات و دەیەوێت تیشک بخاتە سەر و ڕوونی بکاتەوە کە خەڵک زیاتر گرنگی پێبدەن.