کۆچبەرانی گرێ سپی: کلیلی ماڵەکانمان ژەنگ ناگرێت

لە یادی ٥ ساڵەی داگیرکردنی زەوییەکانیان، کۆچبەرانی گرێسپی دووپاتیان کردەوە کە لە شەڕی ڕزگارکردنی شارەکەیان ناوەستن.

بەرچەم جودی

 

عەین عیسا- ٥ ساڵ بەسەر داگیرکردنی گرێسپی و سەرێکانی بە کردەی دڕندانەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی تێدەپەڕێت. ئەو شارانەی لە ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد داگیرکرابوون، لەو کاتەوە ڕووبەڕووی کردەوە مەترسیدارەکانی دەوڵەتی تورکیا بوونەتەوە.

 

لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی بە هێرشێک  شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپییان بۆردومان کرد، کە لە ئەنجامدا ئەو شارانە داگیرکران. ئەم دوو شاره وەک ناوچەکانی دیکەی سوریا له ئێستادا له ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادان و دەگۆڕن بۆ سەرچاوەی تیرۆر و چەتەکان. بە تایبەتی گرێسپی کە لە کاتی قەیرانی سوریادا هەموو جۆرە هێرشێکی بەخۆیەوە بینی و بۆ ماوەیەک داگیرکرا، لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن شەڕڤانانی یەپەژە/یەپەگە ڕزگارکرا، بەڵام جارێکی دیکە داگیرکرا.

 

لە ٥ ساڵەی داگیرکردنی گرێ سپیدا دەزگاکەمان چووە عەین عیسا و کەمپی پەنابەرانی تل ئەلسەمین و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دۆخەکە کرد.

 

"لەشکرکێشی پلانێکە بۆ قڕکردن و نەهێشتنی شۆڕش"

فادیلە محەمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گرێ سپی، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی گرێسپی و خۆڕاگری کۆچبەران کرد و وتی: ٥ ساڵ لەمەوبەر ئێمە ٤ پێکهاتەی عەرەب و کورد و تورکمان و ئەرمەنی پێکەوە لە دۆخێکی دیموکراسی و ئاشتیانە ژیانمان دەکرد. گرێسپی ناوچەیەکی بچووکە، ڕووبەڕووی هێرشی زۆرێک لە گرووپە چەتەکانی وەک سوپای ئازاد و جەبهە ئەلنوسرا و داعش بووەتەوە. سەرەڕای ئەمەش توانیمان خۆمان لە پاشماوەی هێرشەکان ڕزگار بکەین و سیستمی خۆمان بنیات بنێین و لە ژێر چەتری ئەودا خۆمان جێگیر بکەین. دوای ئەوە، لەبەر ئەوەی گرێسپی لە نزیک سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیایە، ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هەڕەشە و بۆردومان دەکرا. دوای شۆڕشی ١٩ی تەمموز، کە هەموو ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای گرتەوە، دەوڵەتی تورکیا پرۆژەی لەشکرکێشی و جینۆسایدی دەستپێکرد و بینیمان هەنگاوی یەکەم داگیرکردنی عەفرین بوو.

 

"ئێمە بە هەموو هێزمانەوە دژی داگیرکاری دەوەستینەوە"

فادیلە محەمەد بەرخۆدانی گەل و ژنان لە بەرامبەر هێرشەکانی لەشکرکێشیدا بەم شێوەیە وەسف دەکات: " گرێسپی و سەرێکانی کە لە ڕووی جوگرافیایەوە بچووکن، دەوڵەتی تورک هەموو دەسەڵاتی خۆی بەکارهێنا بۆ داگیرکردنیان. لە لایەک سوپا و هێرشە ئاسمانییەکانیان بە فڕۆکەی جەنگی و چەکی قەدەغەکراو بەکار دەهێنا و لە لایەکی دیکەشەوە چەتەکان بەکاریان دەهێنا. چونکە هەرچەندە باسی توندی هێرشەکان بکەین، پێناسەکانمان جێگەی ڕەزامەندی نابن، هێرشەکان چەندە سەخت بوون، خۆڕاگری و ئیرادەی خەڵک بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان بەرز بوو، بەتایبەت لەکاتی چالاکییەکاندا منداڵ و ژن و پیاو و بەساڵاچوو دەهاتنە دەرەوە بۆ کێڵگەکان و ئامادە نەبوون شوێنەکانیان بەجێبهێڵن".

 

"ژیان لە گرێسپی ڕزیوە"

فادیلە محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ڕاستە ئێمە دوور لە گرێسپی دەژین، بەڵام ئێمە چاودێری دۆخی ئەوێ دەکەین و زانیاریمان لەبەردەستدایە، لە سەردەمی داگیرکارییەوە هیچ شتێک ن بە ناوی ژیان لەوێییە، ئەو کەسانەی کە هێشتا لە گرێ سپین، خراپترین و دڕندەترین کردەوە، ئەشکەنجەدان، ڕفاندن، گرتن، دەستدرێژی، کوشتن، دزی و هتد ئەزموون دەکەن، جگە لەم پێشێلکارییە نامرۆڤانانە، خەڵک لە بچووکترین پێداویستی و دەرفەتی ژیان بێبەشن؛ ئاو و کارەبا و گاز و گازۆیل و نان و هەموو سەرچاوەکانی ژیان بوونی نییە، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ زۆر کەس هەیە کە دەڵێن بە حەسرەت بۆ ڕۆژانی پێش داگیرکاری دەژین و چاوەڕێی ڕزگاریین، بە تایبەتی ژنان چاویان لەسەر قەسەدە و خۆبەڕێوەبەرییە، کە ئەوان زۆرترین زیان لە داگیرکارییەوە دەبینن".

 

"بە بەرخۆدانی هاوبەش ناوچەکانمان ڕزگار دەکەین"

فادیلە محەمد بەم قسە و ئاواتانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "جارێکی دیکە لەو ڕۆژە نزیک بووینەوە کە ساڵانە برینەکانمان نوێ دەبنەوە، بەم شێوەیە داوا لە هەموو گەلەکەمان کە لە ژێر داگیرکاریدا دەژین دەکەین ، کە وەک چۆن لە دەرەوە بەردەوامین لە خەبات بۆ ڕزگاری وڵاتەکەمان، ئەوانیش لە ناوەوە ڕۆڵیان هەبێت.  هەروەها دەبێت عەفرین، باب، عەزاز، جەرابلوس، سەرێکانی و گرێسپی بەرخۆدانی هاوبەش نیشان بدەن بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری، ئاخر ئێمە وەک کۆچبەرانی گرێسپی هەمیشە دەڵێین کلیلی ماڵەکانمان ژەنگ ناگرێت. با هەموو شارەکانمان ڕزگار بکەین و جارێکی تر بە کەرامەتەوە تێیدا بژین".

 

لەگەڵ هێرشە توندەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گرێ سپی، زۆرێک لە بنەماڵەکان لەبری ئەوەی لە ژێر سایەی داگیرکاریدا بژین، ڕێگای کۆچیان هەڵبژارد، چونکە خۆبەرێوەبەری دیموکراتیک چەندین کەمپی بۆ کۆچبەران دروستکرد. کەمپی تل ئەل سەمین بۆ کۆچبەرانی گرێسپی لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە، کە دەکەوێتە نێوان عەین عیسا و ڕەقە، لە ئێستادا هەزار و ٢٦١ خێزانی کورد، عەرەب و تورکمان لەو کەمپەدا دەژین، کە هەزار و ٨٣١ کەسیان ژن و سێ هەزار و ٥٥١یان منداڵن.، لە کەمپەکەدا هەموو دەرفەتی ژیان و خزمەتگوزاری و پەروەردە و تەندروستی و هتد، ئامادەکراون، ٣ بنکەی تەندروستی، سەنتەری پشتیوانی دەروونی، ٣ قوتابخانە، فەرمانگە بۆ پاراستنی منداڵان و ژنان هەیە، هەروەها کەمپەکە بەسەر ٦ بەشدا دابەشکراوە و بە سیستەمی کۆمۆنەکان ڕێکدەخرێت، کە ٥٨ کۆمۆن لە لایەن سیستەمی هاوسەرکردایەتییەوە بەڕێوەدەبرێت.

 

"ئێمە خاکی خۆمان بۆ داگیرکەران بەجێناهێڵین"

جەواهیر عیسا لە گوندی سلوک لە گرێسپی ئاگاداری کردەوە کە بارودۆخی سەختی کەمپەکە بە هیوای ڕزگارکردنی شارەکەیان ئاسانتر دەبێت و گوتی: "بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا وەک پەنابەر دەژین، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا بەجۆرێک هێرش کرایە سەرمان کە بە تەواوی لەناوچووین، نەماندەزانی چۆن خۆمان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بپارێزین و دواجار چووینە ناو کەمپەکەوە. ژیان لە کەمپەکە زۆر سەختە، گەرمای هاوین و سەرمای زستان زۆر سەختە، منداڵەکانمان ڕۆژانە دەژین، خەیاڵەکانیان سنووردارە و نازانن چ جۆرە ئایندەیەکیان دەبێت، سەرەڕای هەموو ئەمانەش لە بەر چاومان چێژ لە ژیان وەردەگرین و بێ هیوا نابین، چونکە دەزانین گرێسپی بۆ داگیرکەران و چەتەکان جێناهێڵرێت، ئێمە تەحەمولی ئەم هەلومەرجە سەختانە دەکەین و بەرەنگاری دەبینەوە".

 

"ئەوان خاکی ئێمەیان تاڵان کرد و وێرانیان کرد"

ڕەحیمە ڕەمۆ لە گوندی حیجازییەوە ئاماژەی بەوە دا بەهۆی ئەوەی دانیشتوانی گوندەکە هەموویان کوردن، ناچارن گوندەکەیان چۆڵ بکەن، دەڵێت: "لە ١٠ی تەشرینی یەکەمدا لەگەڵ خێزانەکەم گوندەکەم بەجێهێشت و تا ئێستا دوور لە ماڵەکەم دەژیم، لە گوندەکەدا کەس نەماوە، ئێستا چەتەکانی ناو گوند موڵک و ماڵی ئێمە بۆ خۆیان بەکاردەهێنن و هیچیان لە دوای خۆیان بەجێ نەهێشتووە. زەوی و زارەکانمان دەفرۆشن و خانوو و دەیان کردەی تریش وێران دەکەن. ساڵانێکە کارەکانمان تاڵان دەکەن و وێران دەکەن، بەتایبەت گوندە کوردنشینەکان. کاتێک گوێم لەم سووکایەتیانە دەبێت، دڵم ئاگری تێدەپەڕێت، هێشتا ئەوەی سەبرم پێدەبەخشێت ئەوەیە کە ، ئەو خەڵکەی لە کەمپەکەدا دەژین، چارەنووس و ئازار و حەسرەت و خۆڕاگری و خەونەکانمان هاوبەشین، بۆیە بە هاوبەشکردنی هەستەکانمان باری یەکتر سووک دەکەین و هیواکانمان نوێ دەکەینەوە".