ژنانی کۆچەری بەدوای شوێنێکی لەبار بۆ ئاژەڵەکانیان دەگەڕێن

مهتاب ئیبراهیم حسێن ژنێکی کۆچەرییە و لە هاوین و زستاندا گەرمیان و کوێستان دەکەن تا شوێنێکی لەبار بۆ ئاژەڵەکانیان بدۆزنەوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لەسەر ڕێگەی گوندی تاوێرە لە هاواری سەر بە شاری هەڵەبجە چەند خێزانێک بە هاوبەشی خەریکی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتن، ئەوان کۆچەرین و بۆ ماوەیەک لەو گوندە دەمێننەوە و لەوەڕگە بۆ ئاژەڵە شیردەرەکانیان دەدۆزنەوە، تا شیری زیاتریان هەبێت و شیرەمەنیی لێ بەرهەم بهێنن،

 

ئەم کۆچەرییانە خەڵکی ناوچەی ئالان و حاسلن لە ناوچەی شارەزوور، لە وەرزی هاویندا دەگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان و لە وەرزی زستانیشدا ڕوو لە گوندی تاوێرە دەکەن، چونکە پێیان وایە زیاتر دەتوانن گرنگی بە ئاژەڵەکانیان بدەن

 

لەناو کۆچەرییەکاندا چەند ژنێکی ڕەنجکێش هەن کە کاروباری ئاژەڵەکان بەڕێوە دەبەن و ئەرکێکی زۆریان لەسەر شانە، ئەوان کار دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.

 

مهتاب ئیبراهیم حسێن، لە گوندی قەڵبەزە لە شارەزوور لەدایکبووە، دواتر هاوسەرگیری دەکات و لە گوندی ئالان درێژە بە ژیانی دەدات، وەک باسی دەکات، ئەوان کۆچەرین و بۆ شوێنی لەباری لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان گەرمیان و کوێستان دەکەن، وتیشی: چەندین ماڵی گوندەکە ئاژەڵیان هەیە و شوێنی لەوەڕاندنیان نییە، بۆیە دێینە گوندەکانی کوێستانەکان و بە بڕێک پارە و خەرجی ئاژەڵەکانیان بەخێو دەکەن.

 

مهتاب ئیبراهیم حسێن باس لەوە دەکات کە سەرجەم کارەکانیان لەگەڵ کچەکەیدا دەکات و یارمەتی هەموو لایەک دەدات و تەنانەت شوانی کردنیش بەلایەوە ئاساییە، داوا لە ژنانیش دەکات لە کارکردن نەترسن و بەردەوام هەوڵ بدەن تا بە ئەنجام دەگەن.