عەفرینی داگیرکراو ساڵێکی دیکەی بە پێشێلکاری و تاوانی زیاتر بەڕێکرد

نادادپەروەری و زەوتکردنی ئابووری و بەردەوامبوونی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی دژی گەلی عەفرینی داگیرکراو بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٣، مەترسیدارترین پرۆسەی گۆڕانی دیمۆگرافی بوو لە سەدەی ٢١دا.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوامە لە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی دژی گەلی شاری عەفرین، لەوانە یەکەی نیشتەجێبوونی "ئەجنادین فەلەستین"، کە لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە ناوچەی جندرێس کرایەوەو ٤٠ شوقە ڕادەستی بنەماڵەی بەکرێگیراوان کرا، هەروەها یەکەی نیشتەجێبوونی "کەرامە قەتەرییە" لە ناوچەی جندرێس، کردنەوەی گوندی قەتەرییە لە گوندی شادیرە لە ناوچەی شێراوای عەفرین، دروستکردنی شوینێکی دیکە لە ناوچەی مۆباتا و دەستپێکردنی یەکەیەکی دیکەی نیشتەجێبوون لە لێواری چیای لیلۆن لە ناوچەی شێراوا.

 

نادادپەروەری و زەوتکردنی ئابووری بەرامبەر خەڵکی ڕەسەنی عەفرین لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیادی کرد، هەروەک لەگەڵ وەرزی زەیتوون، داگیرکاری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی باجێکی گەورەیان سەپاند بەسەر خاوەن زەوییەکان و خاوەنەکانی دار زەیتوون، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە وەرزەکە بەس نییە بۆ ئەوەی باج بدەن، ئەمەش یەکێکە لە سیاسەتەکانی داگیرکاری تورکیا بۆ ئاوارەکردنی دانیشتوانی ڕەسەنی عەفرین بۆ دەرەوەی ناوچەکە.

 

" هێشتا قێزەونترین پێشێلکاری لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێت"

سەبارەت بە کردەوە و پێشێلکارییەکانی داگیرکاری تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ڕوشین حەدو، ئەندامی یەکێتی پارێزەران لە لقی ناوچەکانی عەفرین-شەهبا وتی: لەکاتی داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوەکانی لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس بە زۆر لە شارەکەوە ئاوارە بوون بەرەو ناوچەی شەهبا، هێشتا قێزەونترین پێشێلکاری لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێت.

 

ئاماژەی بەوەدا، هێرشە هەڕەمەکییەکانی داگیرکردن و کۆمەڵکوژییەکانی لە ماوەی ٥٨ ڕۆژدا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا پلان بۆ دانراوە، وڵاتان بێدەنگ بوون بەرامبەر داگیرکاری تورکیا لە عەفرین کە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامی دا، بۆ ئاوارەکردنی دانیشتوانی ڕەسەن و نیشتەجێکردنی بەکرێگیراوان و خێزانەکانیان.

 

" گەورەترین پرۆسەی گۆڕانی دیمۆگرافییە لە سەدەی ٢١دا"

ڕوشین حەدۆ پێیوایە ئەوەی لە عەفرین ئەنجام دەدرێت، گەورەترین پرۆسەی گۆڕانی دیمۆگرافییە لە سەدەی ٢١دا، وتیشی: دەوڵەتی تورکی داگیرکەر قێزەونترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و کرداری ناڕەوا دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدات، ئەو تاوانانە گەیشتوونەتە ئاستی تاوانەکانی جەنگ بەهۆی ڕفاندن لە هەموو گوند و ناوچەکان، هەروەها ئەشکەنجەدان، توندوتیژی زایەندی و دەروونی، کوشتن، وێرانکردنی ژێرخان، تاڵانکردنی شوێنەوار و شوێنە مێژووییەکان و بڕین و سوتاندنی درەختەکان.

 

پێشێلکاری دژی ژنان

ڕۆشین حەدۆ وتیشی:  داگیرکەرو بەکرێگیراوەکانی دەستدرێژی زایەندییان کردووەتە سەر ژنان، هەروەها حیجاب و پەچەیان بەسەردا سەپاندنو ڕێگرییان لێکردن بچنە دەرەوەی مالەکانیان بگەڕێن، هەروەها چەندین پێشێلکاری دیکەی ناڕەوا و نامرۆڤانە ئەنجام دراوە.

 

سەبارەت بە هۆکاری ئەنجامدانی پێشێلکارییەکان دژی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە تۆڵەکردنەوەی داعش بوو کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن ژنانەوە بە پێشەنگایەتی شەڕڤان ئارین میرکان تێکشکێندرا.

 

هەروەها ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین لە سووریا پێشێلکارییەکان و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری ئاشکرا کرد لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم، ٣٤٨ کەس ڕفێندران، لەناویاندا ٣٨ ژن و ٥ منداڵ و ١٤ هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە چواریان ژن بوون، زیاتر لە ١٧ هەزار دار زەیتوون و میوە و دارستان بڕدراون بۆ بازرگانیکردن بە دار بۆ ئاگر زیاتر لە ٧٠هێکتار زەوی کشتوکاڵی و دارستان سووتێندراون، پرۆسەی گۆڕانی دیمۆگرافی لە هەرێمەکە بەردەوامە لە ڕێگەی دروستکردنی زیاتر لە ١٠ یەکەی نیشتەجێبوون.

 

"کولتووری کوردی لەناو دەبرێت"

جەختی لەوە کردەوە، هەموو ئەو پێشێلکاریی و کردارانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە بەشێکی بچووکن لەوەی کە ڕێکخراوەکە توانیویەتی بە سەختی پێی بگات، چونکە ڕاگرتنی ڕاگەیاندن و توندکردنەوەی سەپاندن بەسەر دانیشتوانی هەرێمەکەدا ڕێگری دەکات لەوەی دەستیان بە ڕاستییەکان بگات و پرۆسەی لەناوبردنی کولتووری کوردی و پتەوکردنی کولتووری تورکیا ڕوودەدات و جینۆسایدی کولتووری یەکێکە لە قێزەونترین تاوانەکانی داگیرکاری.

 

ڕۆشین حەدۆ داوای بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی کرد بۆ داننان بە داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن تورکیاوە بەمەبەستی ڕزگاربوون لە داگیرکاری و کاریگەرییەکانی، هەروەها داوای لە خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد کە دەسەڵاتی هەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی پەیماننامەی جنێڤ و پرۆتۆکۆڵەکانی.