"بێدەنگ بوون بەرامبەر توندوتیژییەکان دەمانبات بەرەو کارەسات"

هەڕەشە کردن و حزبی بوونی بەشێک لە ڕێکخراوەکان، ژنانی چالاکوانی بێدەنگ کردووە و چالاکوانێکیش بێدەنگبوونی ژنانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە توندوتیژییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- کەژاڵ عەبدولقادر، داکۆکیکاری مافەکانی ژنان باسی لە بێدەنگبوونی ژنانی ڕێکخراو و حزبەکان دەکات، کە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژیی و بێدەنگبوونی ژنانی کۆمەڵگەن بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی لە ژیانی ڕۆژانە و شوێنی کاردا لێیان دەکرێت.

 

"توندوتیژییەکان بە پێی پێشکەوتنی کۆمەڵگە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت"

کەژاڵ عەبدولقادر ئاماژەی بەوەکرد، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە سەری ڕێز نەوی دەکەم بۆ تەواوی ئەو ژنانەی بەهۆی توندوتیژی و بەناوی شەرەفەوە کوژراون، بەداخەوە لە باشووری کوردستاندا توندوتیژییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، مافی هیچ کەسێک نییە توندوتیژی بەرامبەر بە کەسێکی تر بکات، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەم دیاردەیە هەر ماوە، توندوتیژییەکانیش لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و لە ئاستێکی مەترسیداردایە.

 

"نەبوونی ئابووری سەربەخۆ ژنانی بێدەنگ کردووە لە ئاست توندوتیژییەکاندا"

کەژاڵ عەبدولقادر ڕوونی کردەوە، بەشێک لە ژنانی کۆمەڵگە بەهۆی نەبوونی ئابووری سەربەخۆ و دابونەریتی کۆمەڵگەوە بێ دەنگ دەبن لە ئاست ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، بۆیە ئەو ژنانەش ئومیدێکیان بە ژنانی ڕێکخراو و حیزبەکان هەیە تا لەسەر مافەکانیان بێنە دەنگ، بەڵام کاتێک ژنانی ڕێکخراو و چالاکوانەکان بێدەنگن بەرامبەر توندوتیژییەکانی سەر ژنان، ئیتر ئەو بێدەنگیە خۆیان بن یان لەلایەن حزبەکانەوە ئاڕاستە بکرێن، بە تایبەتی ئەو ڕێکخراوانەی کە حزبین، وەها دەکات ژنانی کۆمەڵگە بێدەنگی هەڵبژێرن بەرامبەر بە توندوتیژییەکان.

 

هەروەها وتیشی: بەشێک لەو ژنانەی لەسەر مافەکانی ژنان دێنە دەنگ ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، بەشێک لە ژنانی چالاکوان کارەکانیان بە باشی ئەنجام داوە، بەڵام بەشێکی تریشیان خۆیان بێدەنگ کردووە لەو دۆخەی ژنانی کۆمەڵگە تیایدان، لە کاتێکدا ئەوان لە ڕووی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بوونەتە هیوای بەشێکی ژنانی زوڵملێکراوی کۆمەڵگە.

 

"ژنانی چالاکوان نابێت بێدەنگ بن لە ئاست توندوتیژییەکان"

کەژاڵ عەبدولقادر ئەوەشی خستەڕوو، ژنان کاتێک لە ئاستی حزب یان ڕێکخراو هەڵبژێردراون بۆ ئەوەیە ئەقڵیەتی کۆمەڵگە بگۆڕن بەرامبەر بە مافەکانی ژنان، بۆیە نابێت چاوپۆشی لە هیچ بابەتێک بکەن و بێدەنگ بن، دەبێت بەرپرسیار بن بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە و هەوڵی وەستاندنی بدەن، چونکە ئێمە دەمانەوێت ژنان بە مانا جوانەکەی ئازادی ئازاد بن، ئازادی کۆمەڵگەش بەندە بە ئازادی ژنەوە.

 

دەشڵێت: ئەو لایەنانەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجان دەدەن، دڵخۆشن بەوەی ژنان بێدەنگ بن لە ئاست توندوتیژییەکاندا، ئەوان نایانەوێت ژنان دەنگ و ڕەنگیان هەبێت و کۆمەڵگە پێشبکەوێت، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەییەکی پیاوسالارە و زۆرجار یاساکان لە بەرژەوەندی لایەنێک دەردەکرێن، وە ئەو بێدەنگییە کاریگەری گەورەی لەسەر ژنان و کۆمەڵگە دەبێت، چونکە هەندێک ژن هەیە بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خراپە و لە ژێر توندوتیژیدایە، بۆیە کاتێک ژنان کارێک و ئابوورییەکی سەربەخۆی خۆیان هەبێت دەتوانن داکۆکۆی لە مافەکانیان بکەن و بینە دەنگ.

 

"بێدەنگ بوون بەرامبەر توندوتیژییەکان دەمانبات بەرەو کارەسات"

کەژاڵ عەبدولقادر باسی لە چارەسەرییەکان کرد و وتی: هەروەک بێکەسی شاعیر دەڵێت "داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێت، بەر ناگرێت، سەربەخۆی بە بێ فیداکاری هەرگیز سەرناگرێت"، بۆیە کاتێک بمانەوێت ئازاد بین دەبێت خۆمان هەوڵی بۆ بدەین و ژنانی کۆمەڵگەش نابێت بێدەنگ بن لە هەر حاڵەتێکدا بێت، دەتوانن بە خوێندنەوە خۆیان هۆشیار بکەنەوە، دەبێت پێش هەموو کەسێک ژنان خۆیان فریای خۆیان بکەون، بۆیە بێدەنگ نەبوون خۆی چارەسەرێکە و بێدەنگ بوون دەمانبات بەرەو کارەسات، هەروەها دەبێت پەروەردەی تاک لە خێزانەوە بە شێوەیەک بێت کە لە دواڕۆژدا توندوتیژی قبوڵ نەکات و بەرامبەر کەسیش نەیکات.