چالاکوانان: توندوتیژی ئەلکترۆنی کەسایەتی مرۆڤ لەناو دەبات

چالاکوانانی مافی مرۆڤی مەغریبی، توندوتیژی ئەلکترۆنی بە یەکێک لە توندترین جۆرەکانی توندوتیژی دەزانن کە ژنان و کچان بەرکەوتەی دەبن، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ترسی چەواشەکاری و هەڵاواردن کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.

حەنان حارت

 

مەغریب- چالاکوانانی مافی مرۆڤ داوایان لە ژنانی مەغریبی بەرکەوتەی توندوتیژی ئەلکترۆنی کرد، دیواری بێدەنگی بشکێنن و ڕاپۆرتی ئەو توندوتیژیانە بدەن کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە تاوانەکانیان بهێنن و بەرکەوتەکان زیاتر نەبن.

 

بوشرا عەبدۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی چالێنج بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون، باسی لەوەکرد، توندوتیژی ئەلکترۆنی، کە پێکدێت لە ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە ڕێگەی تایبەتمەندی ئۆنلاینەوە، یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی توندوتیژی کە ژنان و کچان ڕووبەڕووی دەبنەوە، وتیشی: توندوتیژی ئەلکترۆنی ژنانی بەرکەوتوو لەناو دەبات و وایان لێدەکات خۆشی ژیانیان لەدەستبدەن و بچنە حاڵەتێکی نائومێدییەوە، ئەم جۆرە توندوتیژییە، کاردانەوەکانی توندترە لە فۆرمەکانی توندوتیژییەکانی پێشوو،  بەو پێیەی ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە تاوانە توانای شاردنەوەی ناو و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان هەیە و ڕادەی کاریگەری تاوانەکانیان لەسەر بەرکەوتەکە نازانرێت، کە ڕەنگە هەندێکجار ببێتە هۆی خۆکوشتنی لە ترسی چەواشەکاریی و ناوزڕاندنی خۆیان یان خێزانەکەی.

 

بوشرا عەبدۆ ڕوونی کردەوە، “لەکاتێکدا ئێمە پێمان وایە ئەگەری نەهێشتنی جۆرەکانی تری توندوتیژی کە ژنان بەرکەوتەی دەبن، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە کۆمەڵگە و بەهێزکردنیان لەڕووی ئابوورییەوە دروست دەبێت، بەڵام بەهێزی ئابووری لە بەرامبەر توندوتیژی ئەلکترۆنیدا پێگەی نییە، چونکە توندوتیژی ئەلکترۆنی و ناوزڕاندنی ژنێک ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی کارەکەی و کەمبوونەوەی داهاتەکەی، دەرفەتی پەیوەندیکردنی بە کارێکی ترەوە لاواز دەکات و کێشەکانی قوڵتر دەبنەوە، ئەم دۆخە بۆ ژنێک کە خێزانەکەی لە ڕووی ئابوورییەوە بەڕێوەببات، قورسترە.

 

ئەو چالاکوانە باسی لە بێدەنگی ژنانی توندوتیژیلێکراو کرد، وتی: زۆربەی ئەو ژنانە بێدەنگ دەبن و خۆیان لە بەدواداچوون بۆ تاوانبارەکە بەدوور دەگرن، چونکە هۆشیارییان لە بارەی یاساکانەوە نییە و دەترسن کە ئەگەر قسە بکەن، ئەوا خۆشیان ئاشکرا دەبن و لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەکەوە سەرزەنشت دەکرێن، بۆیە گرنگیدان بە ژنان و کچانی بەرکەوتەی توندوتیژی دیجیتاڵی و یارمەتیدانیان و خستنەڕووی یاساکان بۆیان، دەتوانێت ئەو ژنانە بهێنێتە وەڵام لەسەر ئەو توندوتیژییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە،

 

بوشرا عەبدۆ هەندێک ئاماری فەرمی ڕوونکردەوە کە دەریدەخات ملیۆنێک و نیو ژنی مەغریبی تووشی توندوتیژی ئەلکترۆنی بوونەتەوە، هەروەها ٪٨٧ی ژنانی توندوتیژیلێکراو هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، چونکە ناویان زڕێندراوە، یاخود هەڕەشەی ناوزڕاندنیان لێکراوە.

 

شەیما وەهاب، هاوکاری کۆمەڵایەتی و ڕێکخەری ناوەندەکانی گوێگرتن بۆ ژنانی بەرکەوتەی توندوتیژی، ڕوونیکردەوە، توندوتیژی ئەلکترۆنی لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە، بەهۆی پەرەسەندنی پەیوەندیکردن لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، وتیشی: کارکردن لەگەڵ ژنانی بەرکەوتەی توندوتیژی ئەلکترۆنی لەڕێگەی یەکەکانی ناو ناوەندەکانی گوێگرتنەوە ئەنجام دەدرێت، کە بریتین لە پسپۆڕانی ژن و پیاو لە توندوتیژی ئەلکترۆنی و یاریدەدەری کۆمەڵایەتی کە پێشوازی لە بەرکەوتەکان دەکەن و پاڵپشتی دەروونی و یاسایییان بۆ دابین دەکەن، یەکەیەکی تریش هەن کە کاردەکەن لە دەرەوەی سەنتەر لە دامەزراوە پەروەردەییەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی توندوتیژی ئەلیکترۆنی و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی و ڕێگریکردن لێی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاشکراکردنی ئەم جۆرە توندوتیژییە هێشتا کێشەیە لە کۆمەڵگەدا، چونکە ٪٨٠ی ژنان ئەم جۆرە توندوتیژییە ڕاپۆرت ناکەن و بێدەنگ دەبن لەسەری، جگە لەوەش دەبێتە هۆی زەبر و زەنگی دەروونی کە دەرچوون لێی ئەستەمە، هەروەها ئەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر دەگەنە حاڵەتێکی دەروونی کە متمانەشیان بە خۆیان و دەوروبەریان نامێنێت.

 

سەبارەت بەو ڕۆڵەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەیگێڕێت لە نەهێشتنی دیاردەی توندوتیژی ئەلکترۆنی و پاڵپشتیکردنی بەرکەوتەکانی توندوتیژی، شەیما وەهاب وتی: کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕێت لە هاوکاریکردنی ئەو ژنانەی دەبنە بەرکەوتەی توندوتیژی، چونکە بەرکەوتنیان بە هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی زیانی دەروونی، دەشبێت ژنانی بەرکەوتەی توندوتیژی ئەلکترۆنی بێدەنگ نەبن و بچنە ناوەندە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان بەمەبەستی ڕاپۆرتکردنی توندوتیژییەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەستدرێژکاران، تا هێرش و توندوتیژی بۆ سەر ژنان ڕابگیرێت و کۆتایی بەم جۆرە توندوتیژییە بهێنرێت کە ژیانی ژنان و کچان لەناو دەبات.