دەنگی ژنان لە میدیاکاندا هیوایەکە بۆ سڕینەوەی نایەکسانی

بەشداری ژنان لە هەموو بوارێکدا گرنگی هەیە و دەبێتە هۆی گۆڕینی عەقڵیەتی چەقبەستووی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی، هەروەها بەشداری ژنان لە میدیاکاندا گرنگییەکی زیاتری لە ڕووی شکاندنی بەربەستەکانی بەردەمیان لە هەموو بوارەکانی ژیانیاندا هەیە.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و گرفت دەبنەوە، هاوبەشکردنی خەمەکانیان و گەیاندنی فشارو زوڵمەکانی سەریان بۆ ڕای گشتی پێویستی بە میدیایە، کە بتوانێت کار بکات بە ئاڕاستەی گۆڕینی کۆمەڵگە و ئەو عەقڵیەتەی ژنان بە هاوڵاتی پلە دوو دەبینن، بەڵام دەبێت بزانین کە خودی میدیاکانیش هەر بەدەست پیاوانی ئەو کۆمەڵگەیەن، کە ئازاری ژنان دەدەن و بەهەمان عەقڵیەت کار دەکەن، بۆیە دەبێت بیر لە زیادکردنی ژنانی ناو میدیاکان بکرێتەوە و کارکردنی ژنان لەناو کەناڵەکانی میدیا فراوانتر بکرێت.

 

لەسەر ئاستی جیهان، ژنان هێشتا لە دژی هەڵوێستی پیاوسالاری و نایەکسانی و توندوتیژی سەریان و ژینگەیەکی سیاسەتی ناپاڵپشت تێدەکۆشن، بەشێکی ئەو تێکۆشانە لە میدیاکانەوە دەستیپێکردووە و ژنان هەم کاری میدیا دەکەن و هەم بەشداری بەرنامە و ڕاپۆرتەکان دەبن، بۆ خستنەڕووی گرفتەکان و شکاندنی کۆتوبەندی کۆمەڵگە، بەڵام لە زۆربەی وڵاتاندا هێشتا لە پێدانی پۆستەکانی ناو دەزگا ڕاگەیاندنەکان جیاوازی دەکرێت و پۆستە بەرزەکانی وەک بەڕێوەبەر و سەرنووسەری هەواڵ و بەرهەمهێنەر و ئامادەکاری بەرنامە دەدرێتە پیاوان، بۆشایی پارەدان لە نێوان ڕۆژنامەنووسانی ژن و پیاودا هەیە، کە ئەمەش جۆرێکی دیکەی نایەکسانییە و دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکرێت.

 

ژنانی میدیاکار لە هەرێمی کوردستان

لە کۆمەڵگەی کوردیدا دیاردەی پیاوسالاری ئاستەنگی بەرهەمدەهێنێت و کاریگەریی تەواوەتیشی دەبێت بەسەر هەموو ئەو هۆکارانەی تری کە بۆ ڕەخساندنی هەورازەکان لەبەردەم ژناندا دروستدەبن، وەک پەروەردە و کارکردن و تەواوی بوارەکان، لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ و پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە ژمارەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان زیادیان کرد و ژنی ڕاگەیاندکاریش لەو دەزگایانە دەستیان بە کارکرد، ژنان بە توانایی خۆیان پێگەی خۆیانیان پاراستووە لە میدیادا، بەڵام پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان بەردەوامە و هێشتا کۆمەڵگە بە چاوێکی یەکسانانە ناڕوانێتە ژن و پیاو، پیاوسالاری لە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا دەخوازێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، لەناو دەزگا میدیاییەکانیشدا کە زۆرینەی پیاوان بەڕێوەی دەبەن جیاکاری دەکەن لە دابەشکردنی ئەرکی ڕۆژانە بەسەر ڕۆژنامەوانانی دەزگاکەدا و پرەنسیپی ژن و پیاو بەکاردەهێنن، بۆ دابەشکردنی کارە ڕۆژنامەوانییەکان.

 

ڕەنگە ژنان بە گشتی لە جیهاندا لە کاری میدیایدا گرفتیان هەبێت کەواتە بۆ ژنانی کورد لە کۆمەڵگەیەکی وەها عەقل پیاوسالاردا و ئەزموونکردنی ئەم کارە زەحمەتییەکی زیاتری هەیە، کاركردن لە بواری میدیا بە گشتی جیا لەو شێوازە مۆدێرن و پڕۆفیشناڵەی كە لە سەردەمی ئێستادا باسی لێوەدەكرێت بۆ کورد نوێیە و هەروەها وەك نەتەوەیەك لەمپەری سیاسی زۆرمان لەبەردەمە و دوژمنی ئێمە ھەوڵیداوە لە ڕێچكەی ئاسایی ژیان دوورمان بخاتەوە، جا لە بوارێكدا كە دیكتاتۆرەكان زۆری حەز پێناكەن، خۆمانی تێدا بەھێزبكەین بە دڵنیایی کار بۆ لاوازکردنی پیگەی ژنان دەدەن و کۆنتڕۆڵی میدیاکانیش دەکەن.

 

میدیا و گوزارشت لە دەنگی ژنان

هەر کەناڵێکی میدیایی ئەگەر بیەوێت لای وەرگر کاریگەر بێت، بێگومان دەبێت دەنگ و جێدەستی ژنان تێیدا ڕەنگبداتەوە، لەگەڵ ئەوەی کە پێویستە پێگەی ژنان لەناو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن زیاتر بکرێت و پۆستی باڵاتریان پێبدرێت، دەبێت کار لەسەر بابەتەکانی تایبەت بە گرفتەکانی ژنان لەناو کۆمەڵگەشدا بکرێت و کار بۆ هێنانە پێشەوەی مافەکانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بکرێت، ئەگەر میدیا بەمشێوەیە کاری کرد، ئەو میدیایە دوور لە نایەکسانی دەبێت و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگە دروستدەکات.

 

دەبینین زۆربەی میدیاکان ژنان تەنها بەکاردەهێنن، وەک دروستکەری خۆراک و ڕیکلامەکانی پاککەرەوە و جوانکاری و کەلوپەلەکانی ناوماڵ، بەڵام لەسەر بابەتی گەرمی ناو کۆمەڵگە و ئەو بابەتانەی بەربەست بۆ ژنان دروستدەکەن کەمترین بایەخیان پێدەدرێت، ئەوەش بە مەبەستی دوورخستنەوەی ژنان و سەرقاڵکردنیانە بە بابەتی لاوەکی، لەو بابەتانەش تەنیا بۆچوونی پیاوان بەرز دەنرخێندرێت و ژنان دەخەنە دەرەوەی بازنەکە، ئەم جیاکارییەش درێژەپێدەری ئەو عەقڵییەتەیە کە نایەوێت ژنان هۆشیار بن و ببنە پێشەنگی کۆمەڵگە و ژنانی زانا دروستببێت.

 

شۆرشی ژنان لەناو میدیاکاندا وەک پێویستی

ئەوەی پێویستە ژنانی میدیاكار كاری لەسەر بكەن و هەنگاوی بۆ بنێن بوونی شۆڕشێكی ژنانە لەناو زۆرێك لە دەزگا میدیاییەكاندا، بە جۆرێک کاربکەن کە چیتر نایەکسانی لە کارکردن و لە مووچەدا قبوڵ نەکەن و داوای پۆستە بەرزەکانی وەک بەڕێوەبەری بەشەکانی ناو کەناڵەکان و سەرنووسەر و پۆستی باڵای دیکە بکەن، باشتركردنی دۆخی ژن لە ڕووی كاری میدیاییەوە پێش هەر لایەنێكی تر پێویستە بدرێتەوە دەستی ژنان خۆیان، كاتی ئەوە هاتووە ژنانیش خاوەن دەنگی ڕاستەقینەی خۆیان بن لە دنیای كاری ڕۆژنامەگەرییدا و ببنە سەرمەشق بۆ ئەو گۆرانكارییانەی پەیوەستە بە ژیانی پیشەیی خۆیان.

 

ئەرکی ژنانە کە هەوڵبدەن ئەو سەقفە شوشەییە بشکێنن و بوێرانە بچنە ناو باسی ئەو بابەتانەی تر کە لە کەناڵەکانی میدیادا لەلایەن پیاوانەوە قۆرخکراوە، ژنان نەهێڵن چیتر دەنگیان کپ بکرێت و تەنها وەک پەیامهێنەر لە دەرەوەی دەزگا بۆ ناو دەزگا کاریان پێبکرێت و لەسەر شاشەکان تەنها بخوێننەوە و لە بەرنامەکانی کە پیاوان داڕێژەرین، تەنها پێشکەشی بکەن، بەڵکو دەبێت خۆیان دەرهێنەری بەرنامە و هەواڵ و مژارەکانی تایبەت بە خۆیان بن و دەرفەت بە ژنانی بوارەکانی دیکەش بدەن، لەڕێگەی کەناڵەکانەوە کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە، بەڵێ ئەمە شۆڕشێکە کە پێگەی ژنان و دەنگیان لە میدیاکاندا بڵند دەکات.