کوێستان ئەکرەم: بە بوونی ژنان هەڵەبجەیەکی نمونەیی دروست دەبێت

کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە باسی لە تێكۆشانی ژنان کرد و وتی: ئەزموونی ژیان فێری کردم، پێویستە ژنان یەک دەنگ بن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- هەڵەبجە وەک شارێکی هەرێمی کوردستان زۆرترین ژن پێگەی باڵایان هەیە و لە ئاستێکی بەرزدا ژنان شارەکە بەڕێوە دەبەن، سەرۆکی شارەوانی، قایمقام و سەرۆکی زانکۆکەی ژنە و ژنان توانویانە چەندین پێگە و پۆستی دیکە وەربگرن.

 

کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، پیرۆزبایی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنانی کرد و لە ٨ی ئاداردا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ژن نەوی دەکەم، کە گیانی خۆیان کردە قوربانی، پیرۆزبایی لە ژنانی تیکۆشەر دەکەم تاوەکو مافەکانی خۆیان بەدەست بهینین.

 

سەبارەت بە کاروباری ژنان و دواین کار و چالاکی ژنانی هەڵەبجە و کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، خۆشبەختانە هەنگاوی باش نراوە تاوەکو بگەین بە مافە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریەکان، ژنان لە ڕێکخراوەکان کار دەکەن تا کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە، چونکە بە ژنێکی ڕۆشنبیر، کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر بەرهەم دێت.

 

کوێستان ئەکرەم باسی لەوەکرد، کاتێک ژنێک لە پۆستێکدا دادەنرێت، پێویستە بە توانا و لێهاتووی خۆی بێت، نەک پاڵپشتی حزبی هەبێت، لە ئەزموونی خۆشییەوە دەڵێت: پێویستە لە هەر بوارێکدا دەتەوێت، سەرکەوتوو بیت، دەبێت پێش بڕوانامە ئەزموونت هەبێت.

 

کوێستان ئەکرەم خوازیارە ڕۆژێک بێت هەموو کایەکانی بەڕێوەبردنی هەڵەبجە لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی بکرێن و وتی: هیوادارم ڕۆژێک لە ڕۆژان ژنان لە هەڵەبجە بتوانن هەموو پۆستە ئیداریەکان وەر بگرن و دڵنیام هەڵەبجەیەکی جوان و نمونە دروست دەبێت.