هاوژین عەبدولواحید: پێویستە ڕۆژنامەنووسان شارەزاییان لە یاساکاندا هەبێت

ڕۆژنامەنووسێکی شاری کۆیە باس لە دۆخی ڕۆژنامەنووسان دەکات و دەڵێت: ئەگەر ڕاگەیاندن ئەرک و دەسەڵاتی خۆی بگێڕێت، لە هەر کۆمەڵێکدا دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم و کاریگەری ئه‌رێنی پەروەردەیشی دەبێت.

ئەڤین عەزیز

 

کۆیە- هاوژین عبدولواحید، ڕۆژنامەنووس لە شاری کۆیە باس لە ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە بواری کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندندا دەکات، کە بە درێژایی مێژوو لەگەڵ گۆڕانکاری قۆناغ و چاخەکانی ژیان، ئەرک و رۆڵی ژنان گۆرانکارییان بەسەردا هاتووە، رۆڵی ژنانی کورد لە کایەکانی ژیاندا توانیویانە کەسێتی خۆیان بپارێزن و زۆرجاریش سەرکەوتووانە بوونی خۆیان سەلماندووە بەسەر کۆمەڵگەدا، چەندەها ژن هەن لە بوارەکانی سیاسی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و ...هتددا، لەدێر زەمانەوە تاکو ئەمڕۆ جێپەنجەیان دیار بووە، وەک ئیڤیا جەلەبی، حەلیمەخانی هەکاری، زومردە خاتوو خوشکی سلاحەدینی ئەیوبی، قەدەم خێری فەیلی، خانزادی میری سۆران، عادیلە خان، مەستورە خان ، شانازی ئەردەلانی، عائیشە تەیمور، مەلیکە هودادا، حەپسەخانی نەقیب، نەجیبە خانی جەلیزادە، لەیلا قاسم، عائیشە گورۆکە، خوشکە فریشتە، حەزینە کۆیی و ...هتد.

 

هاوژین عەبدولواحید تیشک دەخاتە سەر بواری ڕاگەیاندن بە بینراو و بیستراو و نووسراوەوە، کە ئەگەر ئەرک و دەسەڵاتی خۆی بگێڕێت، لە هەر کۆمەڵێکدا دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم و کاریگەری ئه‌رێنی پەروەردەیشی دەبێت بۆ سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی پێویستە ڕووبده‌ن، وتیشی: ڕاگەیاندن بۆ مەبەستی خزمەتی مرۆڤ و گەشەکردنی کۆمەڵگە، پرسی ژن پێویستە، کە پرسی ژن یەکێکە لەو باسه‌ گرنگانەی پانتاییەکی زۆری باسکردن و گفتوگۆ و گۆڕانکاری لەخۆدەگرێت، بێگومان ژنانیش لەم سێکتەرە ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویان هەبووە، بۆیە لە سۆنگەی گرنگیەتی و تایبه‌تمه‌ندێتی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ پێویسته‌ وەک بەشێکی گرنگ له‌ سه‌رجه‌م که‌ناڵ و دامه‌زراوه ‌و ده‌زگاکان بایەخی پێبدرێت.

 

"ژنانی ڕۆژنامەنووسی چاونەترس و بوێر هەن"

دەربارەی دۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووسان، ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: لە هەرێمی کوردستان دەبینین کە لە ئێستادا کاری ڕاگەیاندن قورسایی خۆی هەیە، بەڵام بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس دۆخەکە دوو هێندە قورسترە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە ئایا کار لەسەرچی دەکات، یاخود دەست بۆ کام پرسە دەبات، یانیش کورد وتەنی دەستی بەکڵاوی خۆی دەگرێت و تا با نەیبات، ئەوەی گرنگە بۆ ڕۆژنامەنووسەکە، ئەوەیە کە شارەزایی لە بواری یاسای ڕۆژنامەوانی هەبێت و باش لە پایەکانی ئازادی ڕۆژنامەوانی گەیشتبێت و لەرک و مافەکانی خۆی و کەسانی دیکە بگات.

 

هاوژین عەبدولواحید باسی لەوەکرد، ئەو توندوتیژیانەی لەلایەن کۆمەڵگە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چەندین جۆرن، کە ڕەنگە هەندێک کات یاسایی بێت و هەندێک کاتیش کومەڵایەتی یان کەسی بێت، یاخود سنور بەزاندن و بەکارهێنان بێت. وتیشی: زۆر کات ڕەنگە بە گوتنی ڕاستیەک لەسەر شاشه کێشەکە قوڵتر بکەیتەوە و تووشی هەڕەشەی سڕینەوەی ڕاپۆرتەکە ببینەوە لەلایەن خێزانێکەوە، بۆ نمونە باسکردنی وردەکاریی کێشەیەکی خێزانی لەناو ڕاگەیاندن، ڕەنگە کێشەکە بەرەو ئاڵۆزتر بەرێت.

 

لە کۆتایدا وتی: ئەو کێشانە بە تەنها بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس نییە، هەروەها زۆرجار لەلایەن کۆمەڵگە و خێزانەوە ژنانی ڕۆژنامەنووس وەها ئامۆژگاری و ئاڕاستە دەکەن، کە تۆ ژنیت و پێویست ناکات خۆت تووشی کێشە بکەیت و خۆت بخەیتە ناو ئاڵۆزییەکانەوە، بەڵام بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس، هاوشێوەی ئەو ژنانەی لە مێژوودا باسمان کرد ئێستاش لەکاری ڕاگەیاندندا هەن و ژنانی بە توانا و بوێر و بەهێزمان هەیە، کە سڵ ناکەنەوە لە بەربەست و ڕێگری و هەڕەشەکان، بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە هەنگاوی جدی دەنێت بۆ کارەکەی و ترس و تۆقین و ناوزڕاندن کاری تێناکات.