شەوبۆ مستەفا: پێویستە ژنان بە یەکگرتن ڕووبەڕووی توندوتیژیییەکان بوەستنەوە

توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەردەوامە و چالاکوانێکیش بۆ کەمکردنەوەی ئەم توندوتیژییانە یەکگرتنی ژنان بە پێویست دەزانێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان لە جیهاندا بەردەوامە و ڕۆژانە ڕووی لە زیادبوونە، باشووری کوردستانیش وەکو یەکێک لەو کۆمەڵگانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریت زاڵە بەسەریدا، بەردەوام توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکات.

 

شەوبۆ مستەفا، ئەندامی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان باس لە هۆکاری توندوتیژییەکان دەکات لە باشووری کوردستان و یەکگرتنی ژنان بە پێویست دەزانێت بۆ کەم کردنەوەی توندوتیژییەکان.

 

"دەبێت هەموو ڕۆژێک بە ٢٥ی تشرینی دووەم دابنێین"

شەوبۆ مستەفا ئاماژەی بەوەکرد، ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ناسراوە، کە بەهۆی کوشتنی سێ خوشکەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەم ڕۆژە دانراوە، ئەو ڕۆژە بووە بە سیمبولێک بۆ بەردەوامبوونی بەرخودانی ژنان دژی توندوتیژییەکان و داواکردنی مافەکانیان، ئێمەی ژنان هاوشێوەی ژنانی جیهان لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا چەندین چالاکی ئەنجام دەدەین بۆ کەم کردنەوەی توندوتیژییەکان، هەرچەندە بۆ کەمکردنەوەی توندوتریژییەکان نابێت تەنها لە ماوەی ئەو ١٦ ڕۆژەدا کار بکەین، بەڵکو دەبێت هەموو ڕۆژێک بە ٢٥ی تشرینی دووەم دابنێین.

 

"ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت دوورە لە کولتووری کوردیەوە"

شەوبۆ مستەفا باسی لەوەشکرد، بەداخەوە ئەنجامدانی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەردەوامە لە جیهاندا و ژنانی باشووری کوردستانیش بێ بەش نین لەو توندوتیژییانە، ئەو توندوتیژیانەی ئەنجام دەدرێن بەرامبەر ژنان دوورە لە کولتووری کوردیەوە و لە پێشتردا تەنانەت دراوسێکانیش پشتمان بە یەک دەبەست بەهۆی ئەو ڕووداوانەی بەسەر کوردا هاتووە، هەرچەندە ئەمە جۆرە توندوتیژییەکی لای تاکەکان دروستکردووە، بەڵام لە ئێستادا هۆکارەکانی ئەنجامدانی توندوتیژی زیادی کردووە بەهۆی ئەو قەیرانانەی لە باشووری کوردستاندا هەیە، بەتایبەتی قەیرانی ئابووری و سیاسی کێشەی لەناو خێزانەکان دروست کردووە و بووەتە هۆی جیابونەوە.

 

وتیشی: لە پڕ کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردی بە ڕووی تەکنەلۆژیا و جیهانی دەرەوەدا وای کردووە توندوتیژییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندن توندوتیژییەکان پیشان دەدەن، بەڵام باس لە چارەسەرییەکانی ناکەن و تاوانباران بە بەهێز پیشان دەدەن، کە وا لە تاکەکان دەکات پەنا ببنەبەر توندوتیژییەکان.

 

"ژنان دەتوانن بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی درێژە بە خەباتیان بدەن"

شەوبۆ مستەفا ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە سیستمی پەروەردە بە شێوەیەک تاک بەرهەم بهێنێت کە توندوتیژییەکان کەم بکاتەوە، دواتر گرنگی بە بواری کۆمەڵایەتی و تەندروستی بدات، چونکە ئەم بوارانە بناغەی بنیادنانی کۆمەڵگە و وڵاتن، هەروەها پێویستە ئێمەی ژنان ٢٥ی تشرینی دووەم بکەینە سیمبولێک بۆ پێشکەوتن و یەکگرتنمان و بتوانین بگەین بە دەسەڵاتی بڕیاردان و بتوانین گۆڕانکارییەک بکەین تەنانەت لە یاساکاندا، چونکە تا ژنان یەکگرتوو بن توندوتیژییەکان کەمتر دەبنەوە و دەتوانین خەباتی خۆمان بەردەوام بکەین.

 

شەوبۆ مستەفا لە کۆتایدا وتی: هەموو دروشمێک کاریگەری خۆی هەیە، بێگومان دروشمی ژن، ژیان، ئازادیش یەکێکە لەو دروشمانەی هاندەرێکە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بیکەن بە ڕێگایەک بۆ بەردەوامبوونی خەباتەکەیان، هەروەها دەبێت هەوڵی زیاتر بدەن بۆ بەشداری کردنیان لە هەموو بوارەکاندا.