ئامینە ئەحمەد: ئێمە لە ژێر داگیرکاریداین و دەبێت زیاتر بەرەنگاری توندوتیژی ببینەوە

هەوڵەکان لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بەردەوامە و چالاکوانێکیش ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە ١٢ مانگەی ساڵ ڕووبەرووی توندوتیژییەکان بوەستنەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک بە دەستپێکی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دانراوە لە جیهاندا، لەم ١٦ ڕۆژەدا چەندین کار و چالاکی و سیمینار دەکرێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە و کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژییانەی بە درێژایی ساڵ دەکرێتە سەر ژنان.

 

 ئامینە ئەحمەد، ئەندامی کاڕگێڕی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان باس لە دۆخی ژنان و ڕۆڵ و کاریگەرییەکانیان دەکات لەسەر تاک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان.

 

"بەشێک لە توندوتیژییەکان لە پێش لەدایکبوونەوە دەستپێدەکات"

ئامینە ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە دەمانەوێت لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ وەکو ساڵانیتر ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژی و کوشتنانە بوەستینەوە, کە بەدرێژایی مێژوو بەرامبەر بە ژنانی جیهان دەکرێت و باشووری کوردستانیش بەدەر نییە لەو توندوتیژییانە، هەندێک لەم توندوتیژییانە دەکرێت خۆڕسک بن و هەر لە سەرەتای لە دایکبوونی منداڵەوە و پێش لە دایکبوونیشی ڕوبەڕووی بووەتەوە،  کەکاریگەری لەسەر دەبێت کە لە دواڕۆژدا تاکێکی توندوتیژی لێ دروست ببێت، ئێمەش دەمانەوێت هەوڵی تەواوی خۆمان بدەین بۆ یارمەتیدانی ئەو ژنانەی ڕۆژانە لە کۆمەڵگەدا توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

 

"ژنان دەبێت هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر توندوتیژییەکان"

ئامینە ئەحمەد ڕوونی کردەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوام بوون یان زیادبوونی توندوتیژییەکان دەگەڕێتەوە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە دەزگا ڕاگەیەندنەکان، کە لە جیاتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تۆمەتەکانی دژ بە ژنان بڵاودەکەنەوە، ژنانیش تا هۆشیار بن زیاتر ڕووبەڕووی توندوتژیی دەبنەوە لە لایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە، توندوتیژییەکان جۆریان زۆرە و بە ئاسانی ناتوانین کۆتای بە توندوتیژییەکان بهێنین، بەڵام ژنان دەبێت بۆ کەمکردنەوەیان هەڵوێستیان هەبێت و بێنە سەر شەقامەکان، بۆ هۆشیارکردنەوە دەبێت لە ڕێگەی پەروەردەوە هەوڵ بدەین و خێزانەکان تاکەکان بە شێوەیەکی باش پەوروەدە بکەن.

 

وتیشی: بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژییەکان نابێت تەنها کار و چالاکی و هەڵوێستەکانمان لە یەک مانگدا کۆ بکەینەوە، بەڵکو دەبێت ١٢ مانگ و هەموو ڕۆژێک دژی ئەو توندوتیژییانە بوەستینەوە کە دەکرێتە سەر ژنان، ئێمەی ژنان دەبێت کارێک بکەین بۆ ژنانی کۆمەڵگە کە مێژوو قەرزارمان بێت نەک ئێمە قەرزاری مێژوو بین.

 

"بە یەکگرتن ژنان توندوتیژییەکان کەم دەبنەوە"

ئامینە ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، ژنان دەبێت بە یەک دەنگ و بە یەکگرتن ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان بوەستنەوە لە پێناو کەمکردنەوەیان، دەبێت هەموو شەقامەکان پڕ بکەین لە دەنگی ئازاد بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆمان و نەبینە پاشکۆی حزبەکان و توندوتیژی سیاسیمان بەرامبەر نەکرێت و ڕووبەڕووی دەسەڵات بوەستینەوە تا ئەوانیش لە مافەکانی ژنان تێبگەن، چونکە وڵاتەکەشمان بەردەوام داگیرکاری لەسەرە، بۆیە دەبێت لە هەموو وڵاتێک زیاتر خەمی خۆمان بخۆین، دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد سەخت نەبێت بۆمان.

 

ئامینە ئەحمەد لە کۆتایدا وتی: پێوستە ژنان ٢٥ی تشرینی دووەم بکەن بە ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و کار و چالاکی زیاتر ئەنجام بدەن، هەوڵ بدەین ئەو کارانەی ئەمساڵ دەیکەین لە ساڵی داهاتوودا باشترین کار بووبن بۆ کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژییانەی ڕووبەڕووی تاک و کۆمەڵگەکەمان بووەتەوە.