بەلقیس ڕۆشان: لە هەموو وڵاتێک توندوتیژی و چەوساندنەوە لە دژی ژنان هەیە

بەلقیس ڕۆشان، ئەندامی پەرلەمانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە دەڵێت: ئێمە لە دەوڵەتێکدا کە تاوانی دژ بە ژنان ڕوودەدات و جیهان بە بێدەنگی سەیر دەکات، ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەین .

بەهاران لاهیب

 

ئەفغانستان- بەلقیس ڕۆشان، ئەندامی پەرلەمانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان، یەکێکە لەو ژنە تێکۆشەر و ئازایانەی لە هەر بارودۆخێکدا لەگەڵ گەلی ئەفغانستان و بەتایبەت ژنانەوە وەستاوە، تاکە دەنگ بووە لە پەرلەمانی ئەفغانستان کە تاوانەکانی حکومەتی دەسەڵاتدار و ئەمریکای دەستدرێژکاری ئاشکرا کرد.

 

بەلقیس ڕۆشان بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە، ئەم مانگە پەیامێکی نارد و دەڵێت: ئێمە لە دەوڵەتێکدا پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەین کە ژنانی ئەفغانستان نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستان پێکدەهێنن و لە مافەکانی مرۆڤ و مافە سەرەتاییەکانیان زەوت دەکرێن و زیندانی دەکرێن و لە گۆشەی ماڵەکاندا لەلایەن کەسانێکەوە کە بە ڕووکەش بانگەشەی مرۆڤایەتی و ئیسلام دەکەن، تەوق دەکرێن. ئەو تاڵیبانانەی ئەمڕۆ کراونەتە حاکم بەسەر خەڵکی ئەفغانستاندا، ئەو تاڵیبانانەن کە بەهۆی ناو و بوونیانەوە، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بە چەک و فڕۆکەی ئەمریکی و ناتۆ دەکرانە ئامانج، بەڵام ئەمڕۆ کراونەتە دەسەڵاتدار بەسەر گەلی ئەفغانستانەوە.

 

باسی لەوەشکرد، "ئێمە لە دۆخێکدا ئەم ڕۆژە پیرحز دەکەین، کە نیوەی خەڵکی ئەفغانستان لە مافی خوێندن و مافی چوونە دەرەوەی ماڵ و مافی کارکردن بێبەشن، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان سنورەکانی تێپەڕاندووە، ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تاوانی دژ بە ژنان ڕوودەدات و جیهان بە بێدەنگی سەیری ئەم دۆخە دەکات، بەهۆی ئەو کێبڕکێیانەی کە لە نێوان وڵاتانی زلهێزی وەک چین، ڕووسەکان و ئەمریکا و ناتۆدا دەگوزەرێت، گەلەکەمان بەتایبەت ژنان بەرکەوتەی سەرەکی ئەو شەڕ و کێبڕکێیانەن.

 

بەلقیس پێی وایە، ژنانی ئەفغانستان دەبێی ئەو وانەیەفێربووبێتن کە کەس مافی ئازاد بە کەس نادات، مافەکە دەبێت وەربگیرێت، ماف پێویستی بە قوربانیدان و خەباتی بەردەوام هەیە، وتیشی: بەداخەوە لە ماوەی ٤٥ ساڵی شەڕی ئەفغانستاندا بە دەگمەن لە نێو ژناندا یەکڕیزی و هۆشیاری بینرا، دەبێت بزانین کە مافەکانمان پێویستی بە تێکۆشانی ئێمە هەیە.

 

بەلقیس ڕۆشان ئاماژە بە ستەم و چەوساندنەوەی ژنان دەکات لە هەموو جیهاندا و سەبارەت بە جیاوازییەکان دەڵێت: توندوتیژی و چەوساندنەوە دژی ژنان لە هەموو وڵاتان بە شێوازی جیاواز هەیە و تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکاشدا دەبینرێت. بەڵام لە وڵاتە بناژۆخوازەکانی وەک ئەفغانستان، ئێران، سووریا، لیبیا، فەلەستین، عێراق، پاکستان و هاوشێوەکانیدا، بناژۆخوازی بووەتە تیغی ژیانی ژنان و لە یەکەم پڕۆژەیاندا، کوڕان دەخرێنە قوتابخانە ئاینییەکان تا بخوێنن و حەرامە ژن ببینرێت و دەنگی پێی ژن ببیسترێت، ژن تەنها بۆ خزمەتکردنی پیاو دروستکراوە و پیاویش حاکمی ڕەهای ئەوانە، ئەوەی خراپترە ئەو وڵاتانەیە کە گوایە بانگەشەی دیموکراسی و ئازادی بۆ ژنان دەکەن، بەڵام باشترین ئامراز لە دەستیاندا بۆ سەرکوتکردن و هەبوونی خزمەتکاری ئاسان و هەرزان ئەو کەسە ئاینیانەن کە خزمەتیان دەکەن، نموونەیەکی باشی وڵاتی خۆمان ئەفغانستان و ئێرانە، لە ئێراندا ڕژێمی مەلایی ئەمڕۆ سەدان هەزار پیاو و بەتایبەتی ژنانی ئێران دەکەنە ئامانج، لە ئەفغانستانیشدا لەلایەن ئەمریکاوە هەمان ئەقڵییەت هێنرایە سەر دەسەڵات.

 

لە کۆتاییدا بەلقیس ڕۆشان باس لە مێژووی پڕ لە گێژاوی ئەفغانستان دەکات و دەڵێت: دوای لەشکرکێشی ڕووسەکان بۆ ئەفغانستان پێیان وترا کە نرخی مارەیی ژنێک ٣٠٠ ئەفغانییە، بۆ ئەوەی نیشان بدەین کە سەروەری جەماوەریمان هەیە و باوەڕمان بە مافی ژنان هەیە، بەڵام کەمترین بەها بۆ ژنان دانرا و قوربانی گەورەیان دا. بە نزیکەی لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا سەرکردە جەنگییە بناژۆخوازەکان هاتنە سەر دەسەڵات و یەکەم بەرکەوتەی شەڕ کە لە کابول و هەموو ئەفغانستان ڕوویدا، ژنان بوون، خولی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیبان تەنها ئامرازێک بوو بۆ سەرکوتکردنی ژنان، پاشان لە ساڵی ٢٠٢١دا، کاتێک ئەمریکا و ناتۆ ڕاستەوخۆ هێرشیان کردەوە، ژنان زۆرترین قوربانییان دا، بەمەبەستی فریودانی گەلەکەیان لەژێر دروشمی ئازادی ژنان هاتنە ئەفغانستان و زۆرترین کوشتنیان ئەنجامدا.