چیرۆکی ئەو دایکە جوانڕۆییانەی دەست لەناو دەستی کچەکانیان بۆ ئازادی تێدەکۆشن

دایکانی جوانڕۆ بە دەستە لەرزۆکەکانیان چارەسەری برینی منداڵەکانیان کردووە و دەست لەناو دەستی ئەوان هاواری "ژن، ژیان، ئازادی" یان بەرز کردووەتەوە، جەختیان لەوەکردوەتەوە بۆ ئازادی ژنانی کوردستان بەردەوامدەبن.

سارا محەمەدی

 

جوانڕۆ- شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ١٦ی ئەیلولەوە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا لە شارەکانی کوردستانەوە تەشەنەی کرده ناو هەموو شارەکانی ئێران، بە تایبەت ژنان، کە له زوڵم و ستەم و یاسا پڕ له هەڵاواردنەکانی ڕژێمی ئێران بێزار بووبوون، هاتنە سەر شەقامەکان و هاواریان دەکرد: مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر.

 

ساڵەهای ساڵ دزی، گەندەڵی، دووبەرەکی نانەوە، پشتگوێ خستنی گەلان و بیروباوەڕ و ئایینە جیاوازەکان لە ئێراندا، پشتیوانی کردن لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، پشتیوانی کردن لە گروپە تیرۆریستییە بیانییەکان، هەڵهاتن و کۆچ کردن، کوشتنی کەسانی ناڕازی، زیندانی کردنی سیاسەتمەداران، چالاکوانانی بواری مافی مرۆڤ و مافی ژنان، توڕەیی هاووڵاتیانی بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران لێکەوتووەتەوە.

 

لەم بارەیەوە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی شاری جوانڕۆ کردووە و هۆکاری بەشداری کردنیان لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا لێ پرسیوون.

 

" دەمەوێت یاسا و نەریت و بیروباوەڕی هەڵەی کۆمەڵگە بگۆڕێت، بۆ ئەوەی کچەکانم وەک من دەروونیان پڕ نەبێ لە داخ و حەسرەت".

 

فەرزانە، دایکێکی تەمەن ٣٨ ساڵ کە لەگەڵ کچە ١٦ ساڵانەکەی لە شاری جوانڕۆ بەشداری ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئێرانی کردووە، هۆکارەکانی بەشداریی خۆی بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: " من بە منداڵی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا هاوسەرگیریم کردووە، لە کاتێکدا کە هاوسەرەکەم ١٥ ساڵ له من گەورەتر بوو، هەروەها خێزانەکەم هەتا قۆناغی ناوەندی ڕێگەیان پێ دام بخوێنم و پاش ئەوە ئیتر ڕێگەیان پێ نەدام بچمە قوتابخانە."

 

  فەرزانە دەڵێت: " لە ماوەی تەمەنمدا ئازار و توندوتیژی زۆرم له لایەن براکانم و باوکم و هاوسەرەکەمەوە بینیووە، نامەوێت کچەکەم هەمان ئەزموونی منی هەبێت، بەڵکو دەمەوێت ئازاد بێت، له هەڵبژاردنی شێوەی ژیانیدا و له بڕیاردان بۆ داهاتووی خۆی، هەتا ئەم حکومەتە هەبێت و یاسای دژە ژن لەم وڵاتەدا پەیڕەو بکرێت، ژنان ئازاد نابن."

 

فەرزانە هەروەها دەڵێت: " له کۆمەڵگەی ئێراندا به تایبەت له ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنان هەمیشه له ژێر سێبەری پیاواندا و هەمیشه له پاش پیاوانەوه بوون، دەمەوێت ئەم یاسا دژە ژنەی ڕژێمی ئێران و نەریت و باوەڕە ناڕاستەکانی کۆمەڵگە بگۆڕدرێن، بۆ ئەوەی کچەکانم وەک من دەروونیان پڕ نەبێت لە داخ و حەسرەت."

 

"من بێزار بووم لەوەی ژنان وەک ڕەگەزی لاوازتر لە کۆمەڵگە سەیر بکرێن"

 

سۆما.م  کچه تەمەن ١٨ ساڵەکەی فەرزانەیە بە ڕوانینێکی پڕ لە شادی و شانازییەوە دەڵێت: " منیش بەشداریم لەو ناڕەزایەتیانەدا کرد، یەکەم شەو که خۆپیشاندانەکانی جوانڕۆ دەستی پێ کرد، منیش لەگەڵ دایکم ڕۆیشتم، ڕوخسارمان داپۆشیبوو بۆ ئەوەی کەس نەمانناسێتەوە، باوکم نازانێت کە ئێمە لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداریمان کردووە، ئەگەر بزانێت تووڕه دەبێت، ئەو وەکوو ئێمە بیر ناکاتەوە و دەڵێت ژن دەبێت هەمیشە لە ماڵەوە بمێنێتەوە."

 

سەبارەت به ئەزموونی خۆی لە خۆپیشاندانەکان دەڵێت: " یەکەم شەو کە لەگەڵ دایکم چووین بۆ خۆپیشاندان زۆر قەرەباڵغ بوو، زۆر ژن لەوێ ئاماده بووبوون، تەنانەت ژنێکم بینی دەستی کچەکەی گرتبوو کە تەمەنی خۆی زیاتر لە ٦٠ ساڵ دەبوو، هەستێکی خۆشم هەبوو، کاتێک بە دەنگی بەرز هاوارم دەکرد مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر، وەک ئەوە وابوو هەموو ئەو زنجیرانەی کە بە ناوی ئایین و یاساکانی ئیسلام و یاساکانی ئێرانەوە لە پێم ئاڵاون، بیانشکێنم، سەرەتا کاتێک گوێم لە دەنگی تەقە بوو ترسام، بەڵام کاتێک هەستم بە دەستەکانی دایکم کرد لە ناو دەستمدا، ئیتر نەترسام."

 

سۆما.م سەبارەت بە هۆکارەکانی بەشداری کردن لە ناڕەزایەتییەکان دەڵێت: " ئەمەوێت هەموو تەمەنم لە ناو چواردیواری ماڵێکدا لەگەڵ چەند منداڵێکدا بەسەربەرم، ئێمە ئازادیمان دەوێت، داهاتوومان دەوێت، گریمان خوێندیشم، هەتا بنەماڵەی شەهیدی رژێم، برینداران و سەربازانی شەڕ هەبن کەس دانامەزرێت، کوڕە خاڵێکم بڕوانامەی ماستەری هەیە و ئەوەندە لە ماڵەوە دانیشتووە تووشی خەمۆکی بووه، تەنانەت بۆ خولەکێکیش لە ماڵ دەرناچێت."

 

لە درێژەی قسەکانیدا گلەیی لەوەکرد کە وەکو ڕەگەزی لاواز سەیری ژنان دەکرێت لە کۆمەڵگەدا و دەڵێت: " لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پیاوان و هەندێکجار تەنانەت ژنانیش خۆیان وەکو ڕەگەزی دووەم و لاواز دەبینن، ژنانی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ ئەوەی ئاساییترین کارەکانیان ئەنجام بدەن دەبێت هەمیشە لە تێڕوانین و قسەی خەڵک بترسن، قسه و نەریتەکانی کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕەگیان داکوتاوە و سەقامگیر بوون، ژیانیان وا لێ کردووە کە لە ڕادەبەدەر ئازاربەخش بێت بۆ ژنان.

 

س.م دەری دەبڕێت که یەکێک لە خواستەکانی گۆڕانی ئەم یاسا و نەریتانەیه و دەڵێت: " خۆزگە بە ئازادی دەژیاین، ژیان بە ئازادی بریتییه له قسە کردن و پەروەرده بە زمانی دایک، ئازادیی هەڵبژاردن، بریتییە لە ڕزگاربوون لەو یاسا توندانەی کە تەنها بۆ سنووردار کردنی ژنان نووسراون و هەروەها ڕزگاربوون لە بیرکردنەوەی پیاوسالاری و وەکوو ڕەگەزی لاواز سەیرکردنی ژنان،  بۆچی دەبێت منداڵەکانمان بە زمانێک پەروەردە بکرێن کە پێش چوونە ناو قوتابخانە هیچ زانیارییەکیان لەسەری نییه؟ برا بچوکەکەم لە پۆلی دووهەمدایە، هەندێک جار که پرسیاری مانای وشەیەکی فارسیم لێدەکات، خۆشم ماناکەی نازانم و ناچارم بە کوردی بۆی ڕوون بکەمەوە تا بتوانێت لە مەبەستی كتێبه‌كه‌ تێبگات، ئەم منداڵە بچووکە ناچار دەکەن مانا و هاوواتای ئەو وشانە لەبەر بکات کە هیچ ئاشناییەکی لەگەڵی نییە."

 

"لە پێناو ئازادیی ژنانی خاکی کوردستان، دووبارە بەشداری خۆپیشاندانەکان دەبم"

 

ڕۆمینا.ئا تەمەنی ٢٦ ساڵە، لە کاتی باس کردن لەسەر ئامادە بوونی خۆی لە خۆپیشانەکاندا دەگری و جەستەی برینداری خۆی پیشانمان دەدات و دەڵێت: " حەڤدە ساچمه بەر دەست و شان و قاچم کەوتبوو، خێزانەکەم لە ترسی دەستبەسەرکردنم، لە ماڵەوە چارەسەریان کردم و پزیشک و پەرستارێک یارمەتییان دام."

 

 هێشتا جێگای ساچمەکان لەسەر جەستەی ماوەتەوە، ڕۆمینا دەڵێت: " سەرەڕای ئەو هەموو ئازارەی تووشی بووم و سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆ بە باشی دەرنەچووم، هێشتا هیچ پەشیمان نیم، ڕۆمینا بەهۆی برینەکانی سەر جەستەی ناچار بووه وەرزێک پشوو لە زانکۆ وەربگرێت، دەڵێت ئەگەر خۆپیشاندانی لاوان دەست پێ بکاتەوە، دیسان دەچم و هاوار دەکەم مەرگ بۆ خامنەیی."

 

ڕۆمینا.ئا کە لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەرە، دەڵێت: " من بە پلەی یەکەم بۆ ئازادی ژنان و به پلەی دووەمیش بۆ ڕزگاریی کوردستان لە دەستی ئەو ستەمکار و دیکتاتۆرانە بەشداریم لە ناڕەزایەتییەکاندا کرد، دەمەوێت ژنانی خاکەکەم ئازاد بن، بتوانن بڕیار لەسەر جلوبەرگ و مافەکانی تری خۆیان بدەن."

 

ڕۆمینا لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بەو شەوەی کە تەقەی لێکرا، دەڵێت: " لەگەڵ لافاوێکی خەڵکدا دەڕۆیشتین و دروشممان دەوتەوە، خەڵک هێرشیان بۆ هیچ شوێنێک نەدەکرد و تەنها دروشمیان دەوتەوە، ئێمە جەماوەرێکی زۆر بووین، کاتێک نزیک بووینەوە لە گۆڕەپانی شۆڕش کە نزیکە له دادگاوه، هیچ درکمان بەوە نەکرد کە هێزەکانی سوپای پاسداران لە سەربانی دادگا بۆسەیان داناوه، هێزەکانی سوپا تەقەیان لە خەڵک کرد و تەنیا دەنگی تەقە و هاواری خەڵک دەبیسترا."

 

ڕۆمینا.ئا درێژهی بە قسەکانیدا و وتی: " من و براکەم کە لە ڕیزی پێشەوەی خەڵکەکە بووین، چەندین ساچمەمان بەرکەوت، براکەم لە کاتێکدا خۆشی بریندار بووبوو لە باوەشی گرتم و چووە ناو کۆڵانێکەوە، لە دەرگای ماڵێکمان دا، خاوەن خانووەکە بە بینینی بارودۆخی ئێمە، یەکسەر دەرگاکەی کردەوە و چووینە ناو ماڵەکەیان، پاشان تەلەفۆنمان بۆ باوکم کرد".

 

"ئەگەر بچمە زیندانیش هەر ناڵێم هەڵەم کردووە، ئێمە هیچ شتێکی هەڵەمان نەکرد

س.م  گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵە و تازه بە کەفالەت لە شوێنی دەستبەسەر کردنی دەزگای ئیتلاعات ئازاد کراوه، دەڵێت: " ئەگەر بچمە زیندانیش ناڵێم هەڵەم کردووە، ئێمە هیچ هەڵەیەکمان نەکرد، لەم وڵاتەدا نە دەتوانین بڕیار بۆ داهاتوومان بدەین و نە بۆ ئێستاشمان."

 

س.م. درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: " لە دەستبەسەرکردندا هەرچییان بوێت دەیڵێن، لەبەردەم خەڵکدا بە کوردەکان دەڵێن نەتەوەی جنۆکە، یەکێک لە لێپرسەرەوەکان دەیوت ئێوە نەتەوەی جنۆکەن، تەنانەت ئەگەر موسڵمانیش بن، مرۆڤ نین هەتا بەزەییمان پێتاندا بێتەوە، ئێوەی کورد ئەم کێشانەتان بۆ ئێمە ساز کرد ئەگەر ئێوەی کورد نەبونایە، ئێران لە ئاشتەوایی و ئارامیدا دەبوو و ئەم هەموو خەڵکه لەخۆڕا نەدەمردن."

 

سەبارەت به شێوازی لێپرسینەوە و بارودۆخی شوێنی دەستبەسەرکردنەکە لێم پرسی، بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: " ژوورێک کە ناتوانیت تێیدا قاچەکانت تەواو ڕاکێشیت، تەوالێت و دەستشۆری تێدا نییە، تەنانەت ئەوەندە تاریکە کە نازانیت ڕۆژە یان نا شەو، بە چاوی بەستراوەوە چەند کەس هێرش دەکەنە سەرت و لێت دەدەن و دەتبەستنەوە بە کارەباوە."

 

دایکی کە لە تەنیشتمان دانیشتووە، جلەکانی لادەدات و دەڵێت: " کچەکەم سەیرکە چییان بەسەر ئەو کوڕە بێچارەیەمدا هێناوە، هەرچی وتم مەڕۆ بۆ خۆپیشاندان گوێی لێ نەگرتم، هەتا ئەم بێدینانە ئەم کارەساتەیان بە سەردا هێنا."

 

جلەکانی که لادەبات شوێنی قامچی هێشتا بە ڕوونی لەسەر جەستەی دیارە

 

س.م دەڵێت: " هەمیشە بە چاوی بەستراوەوە دەیانبردم بۆ ژووری لێپرسینەوە، تەنانەت بۆ جارێکیش ڕووخساری لێپرسەرەوەکانم نەبینی، ئەو ڕۆژه کەلەپچەیان له دەستم کرد و پێم وابوو دەمبەن بۆ دادگا، بەڵام بردمیان بۆ ژوورێک، لەو ژوورەدا دوو یان سێ کەس هەبوون، بە دەنگی خۆیان هەستم بە بوونی ئەوان کرد لە ژوورەکەدا که قسەیان دەکرد پێکەوە، یەکێک لە لێپرسەرەوەکان وتی ئەو شتانە کە لێت دەپرسین دەیڵێیت یان وات لێ دەکەم ڕێگای ماڵەوەت بۆ هەمیشە لەبیرت بچێت، منیش وەڵامم دایەوە کە هیچم نەکردووە و کەسیش ناناسم، دوای ئەوە جلەکانیان داکەندم و بیرم نایەت چەند قامچییان لێدام، بەڵام ئەوەندە ئازارم هەبوو کە هەستم نەدەکرد زیندووم و ئازارم دەکێشم، لە دونیایەکی تردا بووم، ڕۆحم خەریک بوو دەفڕی، لە ژیانمدا بەرگەی ئەوەندە ئازارم نەگرتبوو، له دۆخی نیوە بێهۆشدا بووم، لە ناکاو ئاویان بە سەرمدا ڕشت، ئەوان دەیانویست دان بەوەدا بنێم کە ئاگرم لە بانک و فەرمانگەکانی جوانڕۆ بەرداوە، لە دڵی خۆمدا بیرم کردەوە و وتم بێچاره، ئەگەر ئێستا دانپێدانانی درۆ بکەیت، دیسان لەمە خراپترت لەگەڵت دەکەن، دەتخەنە زیندان بۆ ماوەی چەند ساڵ."

 

"سەرەڕای ئەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسم هەیە، یان دەبێت کۆڵبەری بکەم یان کرێکاری"

 

ع.مورادی تەمەن ٢٨ ساڵ خواستەکانی خۆی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: " له بەشی ژمێریاری لە یەکێک لە زانکۆ حکومییەکاندا بڕوانامەم وەرگرت، دواتر ڕۆیشتم بۆ سەربازی و ئێستا به بێکاری لە ماڵدا دادەنیشم، هیچ داهاتوویەکم نییە، خێزانێکی دەوڵەمەندیشم نییە کە بتوانم کارێکی ئازاد بۆ خۆم ساز بکەم، یان دەبێت کرێکاری بکەم یان کۆڵبەری، من بەشداریم لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا کرد چونکە بەڕاستی بێزارم لەم ژیانە، ئەم دەسەڵاتە هەموو کارگە و وەرشەکانی له شارەکانی ناوەڕاستی ئێراندا دروست کردووە و ئێمە لە شارە سنوورییەکاندا بۆ ئەوەی بژین ناچارین ڕوو لە کاری سەخت  بکەین، ئەوان هەرگیز هەوڵیان نەداوە ژیانمان بگۆڕن و هەرگیزیش هەوڵ نادەن."