بەهۆی فراوانبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان ئاوارەبوون زیادی کردووە

بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، جگە لە پەنابەرە سوورییەکان، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەبووی لوبنان تۆمار کران، کە ژمارەیان بە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت.

سوزان ئەبو سەعید

 

بەیروت- هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ئاوارەیەکی زۆری لە ناوخۆدا دروستکرد و ژمارەی ئەو کەسانە بە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، دوایین ژمارەی گیان لەدەستدان لە ٨ تا ٢٨ی ئەیلوولیشدا گەیشتە هەزار و ٦٤٠ کەس، ئەمە جگە لە بوونی کەسانی بێسەروشوێن و گیان لەدەستدان لە ژێر داروپەردوودا.

 

شانەی قەیرانەکانیش کە لە گوند و شارۆچکەکان دامەزران، ئاوارە نوێیەکانیان تۆمار کرد بۆ ئەوەی بخرێنە شوێنی چاودێری و قوتابخانەکانەوە، لە کاتێکدا زۆرێکیان لەسەر ڕێگاکان دەخەوتن، و قورس بوون جموجۆڵ لە دەروازە سنوورییەکان بەرەو سووریا تۆمارکرا، بەتایبەتی لە دەروازەی مەسنە-جدیدە، چونکە نزیکترینە لەو کەسانەی کە لە زۆربەی ئەو ناوچانەی لوبنانەوە دەچن، لە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، ترسی زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان و فراوانبوونی ناوچەی هێرشەکانیش بوونی هەیە.

 

"دەبێت پلانێک دابڕێژین بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی ئاوارەکان"

حەنان لەحام، بەڕێوەبەری خوێندنگەی ناوەندی گشتیی عالیەی تێکەڵاو، وتی: خوێندنگەکە تا ئێستا نزیکەی ٢١٤ کەسی ئاوارە لەخۆدەگرێت، ئەگەری هەیە ئەم ژمارەیە زیاد بکات، هەروەها شانەیەکی قەیرانیش پێکهێندراوە بۆ ئەوەی هەموو پێداویستییەکانی ئاوارەکان دەستەبەر بکرێت، هێشتا پێویستیمان بە پێداویستی زیاتر، چونکە ژمارەی دانیشتووانی ئەمڕۆ لە شاری عالیە سێ هێندە و چوار هێندە زیادی کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەیەک لە پرسی ئاودا هەیە، بەو پێیەی ئەو خوێندنگەیەی کە کراونەتە ناوەندی داڵدەدان ئاوی پاکیان نییە، پێویستە سەرەتاییەکانی ژنان دابین بکرێن، بەو پێیەی هەندێکیان منداڵی ساوایان هەیە، شیریشیان بۆ دابینبکرێت بۆ ئەوان، دۆخەکە هێشتا ڕوون نییە کە ئایا شەڕەکە کۆتایی دێت یان نا، ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت، دەبێت پلانێک دابڕێژین بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی ئاوارەکان و ئامادە بین بۆ وەرگرتنی ژمارەکانی تر.

 

"ژمارە زۆرەکان ڕێگەمان پێنادەن هەموو پێداویستیەکانیان دابین بکەین"

مەنا عەقل، پزیشک و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی عەلیا، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکاندا ئامادەکاریمان بۆ ئاوارەبوونێکی لەو شێوەیە کرد، شانەیەکی قەیرانیشمان هەبوو کە لە ساڵی پەتای کۆرۆنا و لەگەڵ دەستپێکی هاتنی ئاوارەکان لە باشوورەوە، دەستمان کرد بە گواستنەوەیان بۆ خوێندنگەکان و ئامادەکردنی داتابەیسێک کە لە ڕێگەیەوە ژمارەیان تۆمار دەکەین، ئێمە ئامادە بووین ژمارەیەکی دیاریکراو وەربگرین، بەڵام ژمارە زۆرەکان ڕێگەمان پێنادەن هەموو پێداویستیەکانیان دابین بکەین.

 

هەلا حەمزە، ئاوارەیەکی خەڵکی شارۆچکەی کەفر ڕومان- قەزای نەباتیە، ڕوونیکردەوە، لە کەفر ڕومان ئاوارە بووین و گەشتەکەمان بۆ چەندین کاتژمێر بەردەوام بوو و شاهیدی کارەساتەکان بووین تا گەیشتینە شاری عالیە، و ئێمەش ئاوارەی کەفر ڕومان بووین، ئێستا لە ناوەندی ئاوارەبوونداین و چاوەڕێی ئەوەین کە لە داهاتوودا چی ڕوودەدات.

 

جوانا تەربیە، بەرپرسی ڕێکخراوی گەنجانی پێشکەوتنخواز لە خوێندنگەی ناوەندی گشتی قەریە، وتی: گروپەکەمان ١٣ کەس لەخۆدەگرێت کە ٨ ژنن، جگە لە ڕێکخراوی گەنجانی پێشکەوتنخواز کە ژمارەیەک کەسی شارۆچکەکەمان لەخۆدەگرێت و کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ئاوارەکان، بە بەڵگەنامەکردنی ژمارەو پێداویستییەکان، لەگەڵ کۆمەڵە و تاکەکان کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی هەموو پێداویستییەکانی ئاوارەکان، هەروەها دەستپێشخەری تاکەکەسی لەلایەن هەندێک لە هاوڵاتیانەوە هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی پێویستیانە.

 

پێداویستی ژنان دابین دەکەن

ڕوونیشیکردەوە، پێداویستی تایبەت بۆ ژنان دابین دەکەن، بۆ ژنانی دووگیانیش کاردەکەن بۆ دابینکردنی ئەو دەرمانانەی کە پێویستیان پێیەتی، هەروەها ئایا پێویستیان بە سەردانی پزیشک هەیە یان نا، ئەمە جگە لە دەستەبەرکردنی شوێنی گونجاو بۆ نەخۆشەکان و دابینکردنی دەرمانەکانیان .

 

لە کۆتایی وتی: نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە ئاوارەکان ڕووبەڕووی بارودۆخی شەڕ بوونەتەوە، بۆیە کاردەکەین بۆ پاڵپشتیکردنیان لەڕووی دەروونییەوە، بەتایبەتی منداڵان.

 

جێی ئاماژەیە، تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئاسایشی گشتی، پەڕینەوەی ١٥٦ هەزار سووری و ١٦ هەزار و ١٣٠ لوبنانی بۆ ناو خاکی سووریای تۆمارکردووە، ئاوارەکان پێویستیان بە ناوەندی پەناگە هەیە، بەتایبەتی کە ژمارەیەکی زۆریان لەناو پارکە گشتییەکان و لە شەقامەکان و لە کەناری دەریادا دابەشکراون، جگە لەوەی بەشێک لە ناوەندەکان بەدەست نەبوونی پێداویستییە سەرەتایی و پێویستەکان بۆ ئاوارەکان دەناڵێنن.