سەرەڕای دۆخی شەڕ ژنانی فەلەستین ژیانێکی نوێ بنیاد دەنێن

ژنانی کەرتی غەززە نزیکەی ساڵێکە لەناو شەڕدا ماڵ و شارەییان وێران بووە،  هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان دەدەن، بەڵام هەر جارێک کە هەندێک ژیانیان ڕێک دەخەن، ناچار بە کۆچ کردن دەبن.

نەغەم کەراجە

 

غەززە- هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن، سەرەڕای وێرانکردنی ماڵەکانیان و ئەو شەڕەی کە بە شێوەیەکی دڕندانە بەردەوامە، ژنانی فەلەستینی بەردەوامن لە خۆڕاگری خۆیان بەرامبەر بە ژیان، لەناو ئازارەکاندا خۆیان لە وێرانە ڕزگار دەکەن و ژیانیان بنیاد دەنێنەوە.

 

بەرەکە بەهار، ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٠ ساڵە، ئەو تەنها دیزاینەری جلوبەرگی ئاسایی نییە، هێمای ئیرادە و بەدیهێنانی خەونەکانیشیەتی، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بە شێوازی نوێ جلوبەرگ دیزاین دەکات، بەهۆی زیرەکی و لێهاتووییەکەیەوە خۆی لە هەژاری و بارودۆخە سەختەکان ڕزگار کردووە، سەرنجی خەڵکی بۆ کارەکانی ڕاکێشاوە و بەشداری لە پڕۆژەکاندا کردووە.

 

بەرەکە بەهار لەناو گروپێکی ژناندا لە خانەی بێسەرپەرشتان بە ناوی "ئەل ئەمەل" کاری کردووە، ساڵانێک جلوبەرگی بۆ منداڵان دروست دەکرد و بڕێک پارەیان پاشەکەوت کرد و خەونەکەیان بەدیهێنا.

 

"ژیانێک لە پەتەکانەوە"

بەرەکە بەهار سەبارەت بەو کاتە وتی: لە هەر هەنگاوێکمدا شتێکی نوێم بۆ پڕۆژەکەم زیاد دەکرد، ناوی پڕۆژەکەمم ناوە "ژیانێک لە پەت" بۆ ئەوەی ژیانم لەگەڵ پەتەکان کە بە خۆشەویستیەوە بەکاری دەهێنم، بەڵگە بکەم.

 

لەگەڵ هەر بەرگدروونێکدا، بەرەکە بەهارچیرۆکی بەرخۆدانی بەردەوامی خۆی دەدرووی، ڕووبەڕووی چەندین سەختی ئابووری و کۆمەڵایەتی بووەوە، لەناو ماڵدا کارەکانی ئەنجام دەدا، هەندێک ئامێری درووین و هەندێک پارچەی جلوبەرگی هەبوو، بە تێپەڕبوونی کات ئەم پڕۆژەیە بووە سەرچاوەی داهات بۆ ئەو و خێزانەکەی.

 

"شەڕ بنەماکان دەگۆڕێت و خەونەکان لەناو دەبات"

شەڕی غەززە ژیانی بەرەکە بەهاری هەڵوەشاندەوە، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا خەونەکان تەنیا ئامانجێکی دوور نەبوون، بوون بە شتێکی مەحاڵ، بۆردوومانی قورس بۆ سەر ناوچەکە هەموو شتێکی لەناوبرد، لە خەونی بەرەکە جگە لە بەرد هیچی تر نەماوەتەوە، زۆربەی ئامێرەکانی دروومانەکەی شکاون و لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە، ڕەنجی بە ساڵان لە چرکەیەکدا بەفیڕۆ چوو.

 

بەرەکە بەهار باسی لەوەکرد، لە دەستپێکی هێرشەکاندا دووگیان بووە و لە مانگی ٧ەمدا بووە، بۆیە ئەو ئازارەی کە تووشی بوو، خراپتر بوو لە کەسانی ئاسایی، خۆی و خێزانەکەی ڕوویان لە ناوەندەکانی پەناگاکان کرد، بەرەکە بەهار ڕوونیشی کردەوە که دوای وێرانبوونی ماڵەکەیان، شوێنی مانەوەیان نەبوو، ناچاربوون چەندین جار کۆچ بکەن و تووشی چەندین ناخۆشی بوون و وتی: هەموو ڕۆژێک که تێدەپەڕی وەک کابوسێک بوو، هەر شەوێک لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک ئازار و ئێشی دەهێنا.

 

"بریندار بوو بەڵام بە شێوەیەکی موعجیزەیی ڕزگاری بوو"

لە ناوەڕاستی مانگی دووەمی هێرشەکاندا لەو ناوچەیەی بەرەکە بەهار ئاوارەی بوو، هێرشەکان توندتر بوون، دۆخەکە لە شەوێکدا زۆر خراپ بوو، کاتێک هەوڵیدا منداڵەکانی بپارێزێت، پارچەیەکی فڕۆکەیەکی بێ سەرنشین لێیدا، بەڵام بەختی باشی هەبوو لە مردن ڕزگاری بوو، هەرچەندە برینەکەی سەخت بوو، بەڵام هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردن نەبوو، زۆربەی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە لە خزمەتگوزاری بێبەشبوون، ئازارەکەی بەرەکە بەهار بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو و بەزەحمەت ڕزگاری بوو.

 

"هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیان"

بەرەکە بەهار له بارەی بارودۆخی خۆی دەڵێت: دوای چەندین مانگ و ڕۆژ لە کۆچبەری، دەستم کردەوە بە بنیادنانەوەی ژیان، بیرۆکەی تەسلیمبوون له وشەسازی مندا نییه، بڕیارمدا پڕۆژەیەکی بچووک دەستپێبکەم کە چاککردنی جلوبەرگی کۆچبەرانە، لە بازاڕەکاندا جلوبەرگی نوێ نییە تەنانەت ئەگەریش بێت، نرخەکەی زۆر بەرزە، لەم حاڵەدا پورم بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەستپێبکەمەوە زۆر پشتگیری منی کرد.

 

"لە ژێر داروپەردوو ئامێرەکانی درووینەکەم دەرهێنا"

بەرەکە بەهار لە ژێر داروپەردوودا گەڕا بەو هیوایەی شتێک لە ئامێرە کۆنەکانی بدۆزێتەوە، دوای گەڕانێکی زۆر، سێ ئامێری دروومانیان دۆزیەوە، بەڵام پێویستیان بە چاککردنەوەیە، چونکە بەهۆی بۆردوومانەکەوە زیانیان پێگەیشت، بەرەکە بە بەردەوامی گۆشەیەکی بچووکی ژوورێکی لە ناوەندی پەناگەدا تەرخان کرد و دەستی بە کارەکانی کرد، ئێستا کۆچبەرەکان ڕوو لە ئەو دەکەن بۆ ئەوەی جلە دڕاوەکانیان بدروون، بەرەکە دڵخۆش بوو چونکە دەستی بە کارەکەی کردبوو، بەڵام ئەو خۆشبەختییە درێژەی نەکێشا.

 

"ئازارێکی نوێ، وێرانکارییەکی تر"

لە کاتێکدا بەرەکە بەهار هەوڵی دەدا لەسەر پێی خۆی هەڵبستێتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر گەڕەکی ئەلتیفاح، ئەو گەڕەکە بوو کە بەرەکە تێیدا دەژی، جارێکی تر ناچار بوو لەگەڵ منداڵەکانی هەڵبێت و لە شوێنێکی تر بمێنێتەوە، لەو کاتەدا منداڵەکەی تازە لەدایکبوو، هەموو شتێکی بەجێهێشت و بە ئامێری دروومانەوە کۆچی کرد، کە بە سەختی دایاننابوو، هەڵهاتنی ئەو شەو وەک موعجیزەیەک بوو، چونکە بەزەحمەت ژیانی ڕزگار کرد.

 

پێداگری لەسەر بەردەوامبوون

بەرەکە بەهار جارێکی دیکە دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە، ئەو جلوبەرگانەی کە ئامێرە درووینەکانی لە خولەکێکدا دەیاندروو، ئێستا بە دەست دەدرووێت، ئەو دەڵێت: بیرۆکەی بەکارهێنانی پانێڵی خۆرم لە سەرم دەرهێنا، ئامێری دروومانی دایکمم بیر کەوتەوە، بەبێ کارەبا کار دەکات، بەڵام پێویستی بە بناغەیەکی نوێیە،  سەرەڕای ئەوەی کە من سەرمایەکەیم نەبوو، بەڵام هەوڵمدا و وازم نەهێنا.

 

بەرەکە بەهار له کۆتایی قسەکانیدا وتی: سەرەڕای ئەو شەڕە سەختەی که ناتوانرێت پێناسەی بۆ بکرێت، ژنانی فەلەستینی سیمبولی بەرخۆدانن.