فاتمە حسۆ سەرەڕای هێرشەکان بەردەوامە لە ئاژەڵداری

فاتمە حسۆ، کە مەڕەکانی لە دەوروبەری ناوچەی زیرگان دەلەوەڕێنێت، وتی: ئەو خاکەی کە کچ و کوڕەکانمانی تێدا بەخاک سپێردراون، چۆن دەتوانین بەم شێوەیە خۆمان بدەینە دەست داگیرکەران، با تورکەکان باش بزانن کە تا کۆتایی خاوەنداری لەم زەوییە دەکەین.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- لە ناوچەی زرگان، گەل لەژێر هێرش، قڕکردن، پێشێلکاری، گەمارۆو وێرانکردنی ژێرخانی ناوچەکە دەژین، بەڵام ژیانی خۆیان لە جەنگدا بەردەوامی پێدەدەن و لە خاکی داپیرانیان درێژە بە بەرخۆدان دەدەن.

 

فاتمە حسۆ تەمەنی ٥٠ ساڵە و دایکی ٦ کچ و ۵ کوڕە و داپیرەی ١٧ نەوەیە، هەموو بەیانییەک ١٠ سەرمەڕی خۆی لەبەردەم خۆی دادەنێت و بە دەوری زرگان دەیانجوڵێنێت و خواردنیان پێدەدات، مەڕەکانی لە تیرۆرکردنی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکان دەشارێتەوە، بەڵام ناتوانێت مەڕەکانی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بشارێتەوە، ٥٠٠ مەتر لە ڕۆژئاوای شوێنەکەی فاتمەوە چەک و بارەگای سەربازی داگیرکەران هەیە، لە ڕێگەی ڕادارەوە چاودێری دەکرێن، ئەو شوانانەی کە مەڕەکانیان دەبردە دەوروبەری ئەوێ زۆرجار بە گولـلەو تۆپ و مین و هەموو پاشماوەکانی جەنگ کرانە ئامانج، فاتمە حسۆ باسی کێشەکانی خۆی کرد.

 

شوانی لە ژێر هێرشدا

فاتمە حسۆ ئاماژەی بەوەکرد، بارودۆخەکەیان بەگوێرەی هێرشەکان دەگۆڕێت و وتی: ئێستا بارودۆخەکە لە ناوچەکە باشە، بەڵام کاتێک بۆردومانەکان ڕوودەدات، خۆمان لە ژوورەکانی ژێر زەویدا دەشارینەوە، خەڵکی مەدەنی بە پێشەنگایەتی ژنان بەگوێرەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ کاریان دەکرد و لە ماوەی ساڵانی هێرشەکاندا توانیان ژووری ژێر زەوی بۆ خۆیان دروست بکەن و بەگوێرەی پێداویستییەکانیان بەکاریان بهێنن، ناتوانین لە ڕۆژئاوای ناوچەکە مەڕەکانمان بلەوەڕێنین، تەنها لە دەوروبەری ناوچەکە خۆراکیان پێدەدەین، ئەو ڕۆژانەی کە بۆردومان هەیە دەیانشارینەوەو ڕۆژانی دیکەش لە دەوروبەری زرگان لە کێڵگەی پەموو گیاکان دەیانلەوەڕێنین.

 

"کوڕ و هاوژینەکەم ڕزگاریان بوو ٥ مەڕم کوژران"

فاتمە حسۆ ئاماژەی بەوەکرد، مەڕەکانی لە هێرشەکانی ساڵی ڕابردوودا بۆ سەر ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە و وتی:  ساڵی ڕابردوو کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا مزگەوتەکەی بۆردومان کرد، پێنج لە مەڕەکانم کوژران، لەو کاتەدا کوڕێک و هاوژینەکەم لە مزگەوتەکە بوون، کاتێک لە مردن ڕزگارکران، مەڕێکم وەک قوربانی سەربڕی و بەسەر ١٠ خێزاندا دابەشم کرد، کوشتنی مەڕەکان وەک کوشتنی منداڵەکانمان وایە، وەک ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکەوە چاودێرییان بکەیت هەتا گەورە دەبن و لەناکاو دەکوژرێن.

 

"تورکەکان لەسەر حسابی ئێمە دەیانەوێت زەوییەک بۆ خۆیان دروست بکەن"

فاتمە حسۆ لەبارەی خاک و شکۆیەوە وتی: ڕۆژێک هەناسەی سەرکەوتن دەدەین، ڕۆژە ئازاربەخشەکان تێدەپەڕن و ڕۆژە باشترەکان دێن، چۆن دەتوانین خۆمان بدەینە دەست داگیرکەران، ڕێگە بە تورکەکان نادەین و دەبێت ئەم خاکە بەجێبهێڵین، دەوڵەتی تورکیا لێرە چیی دەکات؟ ئایا دەیەوێت خاکێک بۆ خۆی دروست بکات لەسەر حسابی ئێمە؟ بەڵام با باش بزانن بستێک لە خاکمان بەدەستناهێنن.