چیرۆکی تێکۆشان: لە خاوەن پێداویستی تایبەتەوە بۆ دروستکردنی کۆمەڵە

سوعاد ڕەشید ڕیزا، چاوەکانی نایبینن، وتی: ژنان نابێت لە چوارچێوەی ئەو سنوورانەی داندراون بمێننەوە و دەبێت ئەو زنجیرە کۆنەپەرستانە بشکێنن کە کۆمەڵگە بەسەریاندا دەسەپێنێت، پەیامێکیشی بۆ هەموو ئەو ژنانە نارد کە بەهۆی ئاستەنگەکانەوە بێدەسەڵات ماونەتەوە.

فادیا جومعە

 

 لوبنان – ژنان پێویستیان بەوەیە بتوانن بەرگەی سەختییەکانی ژیان بگرن و لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە و کاری خۆیان بکەن، لە کۆمەڵگەیەکدا کە مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەهۆی نەبوونی کۆمەڵە بۆ پاراستنیان ئازار دەچێژن.

 

 ئیرادەی ژن هیوایەک دروست دەکات، نەک تەنها بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ ئەوانی تریش، و دەبێتە هێزێکی هەمیشەیی، یەکێک لەو ژنانە دامەزرێنەری کۆمەڵەی نابینایانە لە باشووری لوبنان، سوعاد ڕەشید ڕیزا، نابیناییەکەی ڕێگری لە ژیانی نەکرد و یارمەتی ئەو کەسانەی دەدا کە نابینا بوون، درێژەی بە خوێندن دا و لە تاقیکردنەوە سەختەکاندا دەرچوو.

 

 سوعاد ڕەشید ڕیزا تەمەنی ٧٠ ساڵە، لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا نابینا بوو، ئەو لە شاری نەباتیە لوبنان لەدایک بووە، خۆی لە ناوچەیەکی کۆنەپەرستی جوگرافیدا سنووردار نەکردووە، خێزانەکەی کە زانیان کچەکەیان بە تەواوی بینایی لەدەست دەدات، بەو زانیارییە خۆیان ئامادە کرد و ئەویش بە هەمان شێوە خۆی ئامادە کرد و دەستبەرداری ژیان نەبوو، لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستیدا زاڵ بوو بەسەر زۆر سەختی و خەباتێکی نمونەیی ئەنجامدا.

 

 سوعاد ڕەشید ڕیزا، لە خوێندنگەی نەباتیە، گواستراوەتەوە بۆ خوێندنگەی لوبنانی بۆ نابیستان و نابینایان لە ناوچەی بابدایە لە بەیروت و خوێندنی تەواو کردووە، لە ساڵی ۱۹٨٦ دوای تەواوکردنی خوێندن، لە وەزارەتی تەندروستی ڕووەک کە دامەزراوەیەکی گشتی بوو، داوای کاری کردووە، سەبارەت بەو کاتە وتی: دوای ئەوەی داواکاریم پێشکەش کرد بۆ ئەو کارە، تاقیکردنەوەی دەستەی خزمەتگوزاری شارستانیم ئەنجامدا و پلەی دووەمی وڵاتم بەدەستهێنا، پاشان، دەستم بە کارکردن کرد وەک ڕێکخەری تەلەفۆن و پەیوەندی لە وەزارەتی تەندروستی ڕووەک، دوای بڕیاری دامەزراندن، چوومە سەرۆکایەتی پەیوەندییەکان و بەردەوام بووم لە کارەکانم.

 

 سوعاد ڕیزا، کە بۆ ماوەی ٣٧ ساڵ لە فەرمانگە حکومییەکان کاری کردووە سەرەڕای باری تەندروستی و سەختی لە کارەکەیدا، ڕایگەیاندکە تا خانەنشین بوونی لە دژی سەختییەکان خەباتی کردووە و بەردەوام بووە و هەروەها وتی:  ساڵانێکە لە فەرمانگە حکومییەکان کارم کردووە، ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوومەوە بەڵام لەگەڵیاندا خەباتم کرد، هەمیشە خەباتم کردووە بۆ تەواوکردنی کارەکانم و بەردەوامبوون لە ژیانم بە ئیرادەوە.

 

سەرەتایەکی نوێ دوای خانەنشین بوون

 سوعاد ڕیزا باسی لەوەشکرد، کەسێک کە بە درێژایی ژیانی فێری کارکردن بووە ناتوانێت پشت بە کەسانی دیکە ببەستێت وتیشی: بۆ ئەوەی لە ژیاندا پشت بە کەس نەبەستم، دوای خانەنشین بوون بوفێیەکم بۆ خۆم کردەوە، لە بوفێدا خواردنەوە و بەرهەمە شیرینەکانم دەفرۆشت، ئامێری تایپم لەناو بوفێدا دانا و مۆرم بۆ بەڵگەنامە فەرمییەکان فرۆشت، لەبەر ئەوەی بوفێیەکەم لە نزیک دامەزراوە فەرمییەکان بوو، کارەکانم گونجاو بوون.

 

 کۆمەڵەیەکی بۆ نابینایان دامەزراند

 سوعاد ڕیزا ڕوونیکردەوە، لەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژیا، هیچ کۆمەڵەیەک بۆ نابینایان نەبووە، لەلایەن حکومەتەوە پشتگوێ خرابوون، بۆیە هەستی بە پێویستی کرد کە کۆمەڵەیەک دابمەزرێنێت، وتی: لە هەموو باشووری لوبنان، هیچ کۆمەڵەیەک نییە کە گرنگی بە کاروباری نابینایان بدات، ئەم گروپانە لەلایەن کۆمەڵگەوە دوورخراونەتەوە، بۆیە پێویستیان بە پشتیوانی هەیە، بە هاوکاریی چالاکوانی کۆمەڵایەتی "هیات ئاسایران" کۆمەڵەی نابینایانی باشوورم دامەزراند، کۆمەڵگە باوەڕیان بە دۆزی ئێمە هەبوو و ئەمڕۆ ئەو کۆمەڵگەیە زۆرترین پشتگیری کۆمەڵەکە دەکات.

 

 سوعاد ڕیزا باسی لەوەشکرد، ژنانی ناوچەی نەباتیە پاڵپشتییەکی زۆر لە خۆی و کۆمەڵەکەی دەکەن، بەبێ هاوکاری ئەوان ناتوانن هاوکاری نابینایان بکەن.

 

باسی لە ئامانجەکانی دامەزراندنی کۆمەڵەکە کردو وتی: ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی نابینایان لە مافەکانیان ئاگادار بکەینەوە و پەروەردەیان بکەین و بتوانن ڕۆڵێکی چالاک لە کۆمەڵگەدا بگێڕن، هەروەها لەڕێگەی ئەو هاوکارییانەی کە لە سەرچاوەکانی ئێستای کۆمەڵەکەوە دێت، هاوکاری داراییان پێشکەش دەکەین.

 

هێزو پەیامی ژنان

 سوعاد ڕیزا ئاماژەی بەوەدا کە ژنان خاوەنی ئیرادەیەکی گەورەن و دەتوانن لە بەرامبەر سەختییەکاندا بە تێکۆشان سەرکەوتوو بن و وتی: ژنان ئیرادەیەکی گەورەیان هەیە و دەبێت هەوڵبدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

 

 لە کۆتاییدا ئەم پەیامەی بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت نارد: ژنان دەبێت ئەو سنوورانەی کە دانراون تێپەڕێنن و ئەو ڕوانگە کۆنەپەرستانە بشکێنن کە کۆمەڵگە بەسەریاندا دەسەپێنێت، دەبێت بە ئیرادەیەکی زۆرەوە کاربکەن و پەرە بە تواناکانیان بدەن، نەک پشت بە کەسانی دیکە ببەستن، بەڵکو دەبێت تەنها باوەڕیان بە خۆیان هەبێت.