بەهۆی ڕێگرییەوە شەهبا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە

ژنانی عەفرین و شەهبا ئاماژەیان بەوەکرد، بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان دژی هەموو جۆرە وێرانکاری و لەناوبردنێک، ڕێگە نادەن گەمارۆکە کاریگەری لەسەر تێکۆشانی ژیانیان هەبێت.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- حکومەتی شام ماوەیەکی زۆرە ڕێگری لەسەر ناوچەی شەهبا کە کۆچبەرانی عەفرین و گەلی ڕەسەنی ناوچەکە تێیدا دەژین بەردەوامی پێدەدات، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی سەپێندراوە لەسەر سووتەمەنی و پێداویستییەکانی ژیان هەر لە دەرمانەوە تا خۆراک ناچێتە ناوچەکە، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا، ئەم گەمارۆیە قورستر بووە، نزیکەی هەفتەیەکە کارەبا بۆ ناوچەی شەهبا بڕاوە بەهۆی ئەوەی سووتەمەنی بەردەست نییە، هەروەها دەرگای نەخۆشخانەی ئاڤرین لە ناوچەکە داخراوەو پێشوازی لە خەڵک ناکات جگە لە بەشی فریاکەوتن، سەبارەت بە گەمارۆکەی ئێستا، ژنانی کۆچبەری عەفرین و ژنانی ڕەسەنی شەهبا بۆچوونی خۆیان دەربڕی.

 

"ژیان لە شەهبا ڕاگیراوە"

فاتیمە ئیبیش، یەکێک لە ژنانی کۆچبەر لە عەفرین، تیشکی خستە سەر کەمی سووتەمەنی و وەستانی ژیان لە شەهبا و وتی:  بۆ ماوەی ٦ ساڵە کۆچمان کردووە بۆ شەهبا، بەرامبەر هەموو بارودۆخە سەختەکانی ژیان خۆڕاگرین، تەنها بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندی وڵاتەکەمان. ئەمساڵ گەمارۆی حکومەتی شام قورستر بووە، کارەبا لەسەرمان بڕدراوە، ژیانمان لە تاریکیدا درێژە پێ دەدەین، ئەگەر سووتەمەنی دابین نەکرێت، فڕن و شوێنی ئاوەکە ڕادەگیرێت، نەخۆشخانەکە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە چەندین بەشی نەخۆشخانەکەی وەستاندووە. داوامان ئەوەیە ئەم ڕێگری و گەمارۆیە لەسەرمان لاببەن، چونکە ژیان لە شەهبا لە مەترسیدایە، کەس ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت، تەنانەت ئەگەر نانێکی ڕەقیش بێت، بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان لە شەهبا.

 

"بەهۆی ڕێگرییەوە لە تاریکییدا دەژین"

هەیفا عەلۆ، یەکێک لە خەڵکی ڕەسەنی هەرێمی شەهبا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی گەمارۆکەوە لە بێبەهاییدا دەژین و پێداویستییەکانی ژیان دابین ناکەن و وتی: لەگەڵ خەڵکی عەفرین پێکەوە دەژین، بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە نرخی شتەکان لە بازاڕدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ناتوانین خۆراک بۆ منداڵەکانمان بکڕین، منداڵان نەخۆش دەبن، هیچ دەرمانێکیان نییە بۆیان دابین بکەین، بەهۆی ئەم ڕێگرییەوە کارەبا بڕاوە، منداڵی بێباوکم هەیە بەڵام بەهۆی گەمارۆکەوە ناتوانم دەرفەتی باشیان بۆ بڕەخسێنم، خەڵک لە تاریکیدا دەژین! بە نایلۆن ئاگر دەکەینەوەو منداڵەکانمان گەرم دەکەین، هەروەها دەرگای نەخۆشخانە داخراوە، بەڵام جارێکی دیکە شوێنەکەمان بۆ دوژمن جێناهێڵین.