زیندانی قەرچک شوێنی گیانلەدەستدانی زیندانییان؛ لە ئەمساڵدا ٢٣ ژن گیانیان لەدەستداوە

زیندانی قەرچک یەکێکە لە زیندانە گەورەکانی ئێران کە بووەتە شوێنی گیانلەدەستدانی ژنانی زیندانی و لەو چوارچێوەیەشدا، دامەزراوەیەکی سەر بە ژنان ڕایگەیاند، لە ئەمساڵدا ٢٣ ژن گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمسیۆنی ژنانی ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی زیندانی قەرچەک لە ڕاپۆرتێکدا بەمجۆرە زانیاریی خستووەتەڕوو.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٢٣ ژن لە زیندانی قەرچک گیانیان لەدەستداوە زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی چارەسەری پێویست و دابینکردنی خزمەتگووزاری تەندرووستی بۆ نەخۆشەکان".

ئاماژە بەوەشکراوە: "لە نێو زیندانی قەرچەک ژمارەیەک لە ژن تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی سەخت بوون کە بەپێی ڕێنمایی پزیشکەکان پێویستیان بە گواستنەوەیە بۆ سەنتەری نەخۆشخانەکان، بەڵام دادوەری سەرپەرشتیاری زیندانەکە ڕێگری لە دەرکردنی مۆڵەتی چارەسەر دەکات.

 

'سەدان ژن سەرەڕای ئەوەی مافی ئازادکردنیان هەیە ڕێگری لە ئازادکردنییان دەکرێت'

کۆمیسیۆنەکە باسی لەوەشکردووە کە ژنانی زیندانەکە بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین لە دژی بارودۆخیان ڕووبەڕووی هەڕەشە و سوکایەتی و سزای جەستەیی دەبنەوە و ئەوانیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە مانگرتن لە خواردن بە تاکە ڕێگە دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا، سەدان ژن سەرەڕای ئەوەی مافی ئازادکردنیان هەیە، بەڵام هێشتا لە زینداندان و جێگری دادوەری زیندان ڕێگری لە ئازادکردنیان دەکات.

 

کۆمسیۆنی ژنانی ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران لە ڕاپۆرتەکەدا داوای هەنگاوی دەستبەجێ لەلایەن دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و ناردنی نێردراوی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و لێپرسینەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.

 

زیندانی قەرچەک یەکێکە لە زیندانە گەورەکانی شاری تارانی پایتەختی ئێران، ئەم زیندانیە دەکەوێتە بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی تاران، کە تاوانە جۆراوجۆرەکانی وەک کوشتن، چەکداری، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەخۆدەگرێت، زیندانی قەرەچەک بووەتە شوێنی گیانلەدەستدانی ژنانی زیندانی.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ١٩ـی ئابی ئەمساڵدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا گرتووخانەکانی ئێرانی بە "نمونەی دەستدرێژی سیستماتیک" پێناسە کرد، تیشکی خستە سەر نەبوونی ئاوی پاک و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندرووستی و ئەشکەنجەی دەروونی و توندوتیژی لەلایەن بەرپرسان و داوای چاودێری پزیشکی دەستبەجێ و چاودێری نێودەوڵەتی لەسەر بارودۆخی زیندانیان کرد.