نەورۆز ئویساڵ: تائێستاش کۆمسیۆن هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی بچێتە دورگەی ئیمراڵی
نەورۆز ئویساڵ پەرلەمانتاری دەم پارتی و پارێزەری پێشووی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە دیداری "دوای ساڵێک پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرەو کوێ؟" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: تائێستاش کۆمسیۆن هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی بچێتە دورگەی ئیمراڵی.
سلێمانی
لە هۆڵی ڕامادا لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی ناوەندی توێژینەوەی شار لە دەزگای میدیایی شارپرێس، دیداری “دوای ساڵێک پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرەو کوێ؟” بە خولەکێک وەستان بەبێ دەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدان دەستیپێکرد و نزیکەی ١٢٠ کەس لە ئازادییخوازان، وڵاتپارێزان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سیاسیی بەشدارن و دوو پانێڵ پێشکەش کران.
نەورۆز ئویساڵ ئەسڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و پارێزەری پێشووی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە یەکێکە لە پانێڵیستەکانی دیداری "دوای ساڵێک پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرەو کوێ؟" لە شاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: هەر هەنگاوێک کە بەڕێوە دەچێت، بۆ بەڕێوە چوونی ئەم پڕۆسەیە هەر کارێک کە دەکرێت، کاریگەرییەکی گەورەی هەیە. هاوکات بەسەر ئەم پڕۆسەیەدا سالێک تێپەڕی، لە ماوەی ئەمساڵەدا زۆر گفتوگۆی گرنگ و بابەتی گرنگ وروژێندران، لەم پڕۆسەیدا لەسەر ناوی گەلی کورد، پێشەنگی ئەم پڕۆسەیە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە بۆ ماوەی ٢٧ ساڵە لە زیندانی ئیمڕاڵییە، تەنیا لە چوارچێوەی دیداری کەم و سنووردار و گۆشەرگیری بەرامبەری سەڕەڕای ئەوەش بینیمان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ی شوباتی ئەمساڵ، تا ٢٦ی تشرینی یەکەم هەموو زەمینەیەکی سازکرد بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆسەیە.
وتیشی: لە ئێستادا ئەو قۆناغەی کە ئێمە تێداین، بە قۆناغی دووەم پێناسەدەکرێت، قۆناغی دووەمیش پێویستیەکانی کۆبوونەوەو دانیشتی ئاشتیانەیە، بۆ سازکردنی زەمینەی یاسایی پڕۆسەکە، هاوکات گۆڕانکاریی یاساییە لە خودی تورکیا، بۆ پێکهێنانی دیموکراسی، دەبینین تائێستاش کۆمسیۆن هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی بچێتە دورگەی ئیمراڵی، ئێمە چاوەڕێین کە کۆمسیۆن کارەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بجێتە ئیمڕاڵی و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجەلان بکات، کۆبونەوەی خۆی بکات و ئیتر بە گۆڕانکاری یاسایی، هەم بۆ ئەو گەریلایانەی کە چەکیان سوتاند و هەمیش بۆ ئەو گەریلایانەی کە لە باکور و سنوری تورکیا گەڕانەوە ناوچەکانی پاراستنی مەدیا، کە هەموو بۆ چارەسەر کردنی قەیرانەکانی کوردە، دەبێت تورکیا هەنگاوی یاسایی بنێت، بۆئەوەی ئێمە بتوانین لە بواری یاسایی پڕۆسەکە جێبەجێ ببێت، ئێمە وەک دەم پارتی هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانمان جێبەجێی دەکەین، هەر لەو گفتوگۆیانەی کە لەم دیدارەدا ئەنجامدران لێرە لە سلێمانی، زۆر بە ئاشکرا باسی ئاستەنگیەکانمان کرد، کە پێویستە لە بواری جێبەجێکردنی هەنگاوی یاسای تورکیا بچیتە بواری جێبەجێکردن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان.