زەینەب موراد: زەمینەی یەکڕیزی و یەکدەنگی دژی داگیرکارییەکان هەیە

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، هاوسەرۆکی کەنەکە ئاماژەی بەوەدا کە لە سەردانەکەماندا بۆ لای لایەنە سیاسییەکان تەنها پەدەکە وەڵامی نەداینەوە و زەمینەی یەکڕیزی و کۆدەنگی دژی داگیرکارییەکانیش هەیە لە باشوری کوردستان.

ناوەندی هەواڵ

 

زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر، ئەنجامی سەردانەکانیان بۆلای لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا کە تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە ئامادەیی کۆبوونەوەی نەبوو.

 

زەینەب موراد ئاماژەی بەوەدا: لە ئەنجامى سەردانەکانمان بۆمان دەرکەتووە، کە زەمینە بۆ یەکڕیزیی و پێکهێنانى یەکدەنگى نەتەوەیى هەیە و لەوباوەڕەداین، کە بە بەرخۆدانییەکى نەتەوەیى و بە پشتگیریى دۆستان و ئازادیخوازان، دەتوانین ئەم هەوڵى هێرش و داگیرکارییە بشکێنێن.

 

هەروەها وتیشی: تاوەکو ئێستا پەدەکە بێ وەڵام ماونەتەوە لەبارەى کۆبوونەوە لەگەڵ ئێمە، نوێنەرەکانى ئەوانمان نەبینى و بەدەنگەوە هاتنیان نە ئەرێنى بوو نە نەرێنى بوو، دەکرێت خۆیان وەڵام بدەنەوە کە هۆکارى وەڵام نەدانەوەیان بۆچى دەگەڕێتەوە دەرگاشمان بۆ و هەموو پارت و رێکخراوەکان کرایەوە بەشداربن لەگەڵمان، لەماوەى دوو مانگى کارکردنماندا لەگەڵ زۆرینەی لایەنەکان کۆبووینەوە و باسمان لە دۆخی هەستیار و مەترسیدار کرد و ئەرکی هەر تاکێکە بە ئەرکی سەرشانى خۆیان هەڵبستن، بە هەرجۆرێک کە بتوانن دژى داگیرکارییەکان بوەستنەوە چونکە گەلى کورد لە ئیستادا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستى بە یەکدەنگی و یەکڕیزی هەیە لەپێناو گەشتن بە خواست و ئامانجەکان.

 

هاوسەرۆکی کەنەکە ئەوەشی خستەڕوو: بە دوورکەوتنەوە لە شەڕى ناوخۆى و شەڕى ماڵوێرانى دانیشتن لەسەر مێزى گفتوگۆ، دەتوانرێت کێشە ناوخۆییەکان کۆتاییان پێ بهێندرێت و بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، چونکە نەبوونى یەکدەنگىی و یەکهەڵوێستىی، سەنگەرەکانى بەرگریى لە کوردستان لاواز دەکات، داواشیان کرد کە تەواوى خەڵکى کوردستان و بەتایبەت پارتە سیاسییەکان و ژنان و لاوان و ئازادیخوازان و دۆستانى کوردستان لە جیهان کرد، کە هەوڵەکانیان زیاتر چڕبکەنەوە بۆ فشارخستنە سەر لایەنە سیاسییەکان لەپێناو کۆتایهێنان و دوورکەوتنەوە لەشەڕى ناوخۆ و ڕێگریى لە داگیرکارییەکانى تورکیا.

 

ت.پ