زیاتر لە هەزار چالاکوان داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی ئێران دەکەن

زیاتر لە هەزار چالاکوانی سیاسی و مەدەنی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی چالاکوانانی مافی مرۆڤیان شەرمەزار کرد و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی سەرجەم دەستگیرکراوان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

 دوو هەفتە بەر لە ئێستا تەرمی پارێزەر خەسرەو عەلی کوردی تەمەن ٤٦ ساڵ لە نووسینگەکەی دۆزرایەوە و بنەماڵەکەی وتیان، هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە شوێنەکەدا گرتووە، بەو هۆیەوە چالاکوانان لە مەراسیمەکەیدا بەشداریان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە چالاکوان و هاوڵاتی دەستگیر کران.

 

زیاتر لە هەزار چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کورد و ئێران سەبارەت بە دەستگیرکردنی چالاکوانەکانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئامادەبوونی بەرفراوانی هاوڵاتییان و چالاکوانان لە بەشە جیاجیاکانی وڵاتەوە لە مەراسیمی خەسرەو عەلی کوردی نیشانەیەکی ڕوونی هاوخەباتی کۆمەڵایەتییە و لە بەرانبەر نادادپەروەریدا بێدەنگ نابن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، دەستگیرکردنی هاوڵاتییان و چالاکوانان لە کۆبوونەوەی ئاشتییانە بە پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ دادەنرێت، ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە ئامارە فەرمییەکان زیاترە و بارودۆخی هەندێکیان هێشتا نادیارە.

 

واژۆکەرانی ڕاگەیەندراوەکە، جەختیان لەسەر ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو دەستگیرکراوەکان و دەستەبەرکردنی سەرەتایترین مافەکانیان کردەوە و داوایان لە هەموو داکۆکیکارانی مافەكانی مرۆڤ کرد کە بێدەنگ نەبن لە بەرانبەر پێشێلکردنی مافەکانی هاوڵاتییان.

 

هەروەها دیارترین واژۆکەرانی ڕاگەیەندراوەکە بریتین لە، ترانە عەلیدۆستی، هانا کامکار، ئیلاهە محەمەدی، نیلوفەر حامێدی، جەعفەر پەناهی، ڕەخشان بەنی ئیعتماد، مینا ئەکبەری، نەسیم سوڵتان بەگی، لیلی فەرهادپوور.