زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی دەکەن
هەڵمەتی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی بڵاویکردەوە، ٤١٣ هەزار و ٥٠٠ واژۆکەر نامەیان ئاراستەی سەرۆکی دادوەری ئێران کردوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی پەخشان عەزیزی ئاڕاستە کراوە.
ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی لەبارەی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازاد کردنی پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: تا ئێستا ٤١٣ هەزار و ٥٠٠ واژۆکەر نامەیان ئاراستەی غوڵام محسین موحسینی ئیجی سەرۆکی دادوەری ئێران كردووە و تێیدا داوای ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی-یان كردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، واژۆکەرانی نامەکە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی سزاکە داوا دەکەن دەستبەجێ و بە بێ مەرج پەخشان عەزیزی ئازاد بکرێت.
جێگای ئاماژەیە، لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا مازیار تەتەیی یەکێک لە پارێزەرەکانی پەخشان عەزیزی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس ڕایگەیاندبوو، پەنای بۆ دادگای باڵا بردووە، بەڵام لقی لێکۆڵینەوە لە دووبارە دادگاییکردنەکە ڕازی بووە بە داواکاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە بۆ کاتێکی نادیار.