زیاتر لە ٤٠ وڵات نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی ژنانی ئەفغانی دەردەبڕن
ئەمریکا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و ١٩ وڵاتی دیکە نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی ژنانی ئەفغانی دەربڕی و داوای مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنانیان کرد.
ناوەندی هەواڵ
نیگەرانی جیهانی لە بارودۆخی ژنانی ئەفغانی دوای دەستگرتن بەسەر کابولی پایتەخت و هەوڵەکانی خەڵک بۆ دەربازبوون لە تاڵیبان، بەردەوامە، بەپێی بەیاننامەیەک کە دوێنێ، ١٨ی ئاب ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ٤٧ وڵات کۆبوونەتەوە و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە مافەکانی ژنان لە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێمە زۆر نیگەرانین لە بارودۆخی ژنان و کچانی ئەفغانی، نیگەرانی مافی پەروەردە و کارکردن و ئازادین لەو وڵاتەدا، داوا لە فەرمانڕەواکانی ئێستای ئەفغانستان دەکەین کە سەلامەتی ژنان مسۆگەر بکەن.
توندوتیژی دژ بە ژنان لە ماوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی، ژنان لە خوێندن و کار و تەنانەت چوونە دەرەوەی ماڵ بێبەش بوون، منداڵان بە ناچاری هاوسەرگیریان پێدەکرێت و سزای قورس دژ بە ژنان دەدرێت، ژنانی ئەفغانی لە ماوەی ڕابردوودا چۆنیەتی فەرمانڕەوایی تاڵیبانیان بینیوە و ئێستا نیگەرانییان لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە دروستکردووە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتووە: "ئێمە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەین بە هاوکارییەکی دۆستانە و پشتیوانی لە ژنان و کچانی ئەفغانستان بکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە دەنگی ئەوان لە جیهاندا دەبیسترێت".
ت.پ