زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە زاهیدان دەستبەسەر کران
لە شاری زاهیدانی ئێران زیاتر لە ٢٠٠کەس لەوانە ژن و منداڵ و خوێندکار لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی دەستبەسەر کراون کە توندوتیژی لە کاتی ناڕەزایەتییەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
لە شاری زاهیدان، لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران، ناڕەزایەتییەکان کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام بوون، لە ئەنجامی دەستێوەردانی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە نێویاندا ژن، منداڵ و خوێندکار دەستبەسەر کران، زۆربەی ئەوانەی دەستبەسەر کراون هاوڵاتی بەلوچین، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە، کە دەستبەسەرکردنەکە بە بەکارهێنانی توندوتیژی ئەنجام دەدرێت، دەستگیرکراوەکان مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرێت و خێزانەکانیان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونیان یان چالاکییەکانیان پێنەگەیشتووە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە، کە هەندێک لە دەستگیرکراوەکان ئازاد کراون و ڕایانگەیاندووە کە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە، ئەو هاوڵاتییانەی لە شانە قەرەباڵغەکاندا ڕاگیراون، هەڕەشەیان لێکراوە و توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، بەشێکی بەرچاو لە دەستگیرکراوەکان ژنن.
لە زاهیدان، خێزانەکان بە ناسنامە و وێنەی منداڵەکانیانەوە لەبەردەم دادگا کۆبوونەوە و بەدوای منداڵەکانیاندا دەگەڕان، بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بەو کەسانە نەدراوە کە دەستبەسەر کراون، باس لەوەش کراوە، سەرەڕای پچڕانی ئینتەرنێت لە ناوچەکە، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ناسینەوەی دەستگیرکراوەکانی دیکە و بارودۆخیان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاوڵاتییانی بەلووچ لە شارەکانی زاهیدان، سەراوان و ئێرانشار ڕژانە سەر شەقامەکان و بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵاتدا کرد، بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لەو شارانە دەستبەسەر کراون، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامە و بارودۆخیان دەستنەکەوتووە.