هونەرمەند نۆئارین پاش ١١ ساڵ لە گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا دەستبەسەر کرا
هونەرمەندی کورد نۆئارین کە پاش ١١ ساڵ گەڕایەوە بۆ تورکیا، دوێنێ لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی چۆکۆڕۆڤا لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا.
ناوەندی هەواڵ
نۆئارین، هونەرمەندی کوردیی خەڵکی شاری نوسەیبینی مێردین، پاش ١١ ساڵ ژیان لە ئەوروپا لە گەڕانەوەی بۆ تورکیا، دوێنێ لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی چۆکۆڕۆڤا دەستبەسەر کراو لە ساتی دەستبەسەرکردنییەوە لە ژێر چاودێریدایە، کە بە هۆکاری 'نهێنیبوونی دۆسییەکەی لەلایەن دادگاوە' دەستبەسەر کراوە.
دەربارەی کار و ژیانی هونەریی نۆئارین:
نوئارین، هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی کوردی باکووری کوردستانە، کە لە شارۆچکەی نوسەیبین لە پارێزگای مێردین لەدایکبووە.
سەرەتای کارە هونەرییەکانی لە ساڵی ٢٠٠٤ لە شاری مێرسینی باکووری کوردستان دەستیپێکرد. لەوێ لە ڕێگەی ناوەندی کولتووری میزۆپۆتامیا خەریکی مۆسیقا بوو. سەرەتا لەناو گروپێک بە ناوی "کۆما نۆئارین" گۆرانی دەوت. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨ بە شێوەی سەربەخۆ کارەکانی بەردەوام کرد.
نۆئارین بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە بۆ ماوەی ١١ ساڵ لە وڵاتی فەڕەنسا و شاری پاریس نیشتەجێ بوو. لەوێ بەردەوام بوو لە گۆرانی وتن و بەشداریکردن لە کۆنسێرت و فێستیڤاڵە کولتوورییە کوردییەکان لە ئەورووپا، خاوەنی چەندین بەرهەم و ئەلبوومە وەک ئەلبوومی (گەریلا) و گۆرانی جانا من-ـە.