زیانبەرکەوتووانی شۆڕشی"ژن ژیان ئازادی" سکاڵایان دژی ئێران تۆمارکرد
شاهین میلانی، ئەندامی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، قوربانیانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” لە ئەرژەنتین سکاڵایان دژی بەرپرسانی ئێران تۆمار کرد، دەشڵێت، بەرپرسە باڵاکانی ئێران دەستیان لە کوشتنی هاوڵاتییانی گەلی ئێران هەیە.
ناوەندی هەواڵ
شاهین میلانی، پارێزەرو ئەندامی سەنتەری مافەکانی مرۆڤی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی فەردا سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر بەرپرسانی ئێران ڕایگەیناد، گرووپێک لە قوربانیانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” کە لە ناویاندا مەرسەدە شاهینکار و کەوسەر ئیفتخاری هەیە و بینایی چاوەکانیان لەدەستداوە، لە دەزگای دادوەری ئەرژەنتین یەکەم سکاڵای تاوانی فەرمییان دژی ٤٠ بەرپرسی ئێران تۆمار کرد و بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تۆمەتباریان كردوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم سکاڵایەدا، داوا لە دادگای ئەرژەنتین کراوە لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی ئەندامانی باڵای وەزارەتی ئیتلاعات، پۆلیس، سوپای پاسداران و بەرپرسانی سەربازی بکات، کە دەستیان لە کوێرکردنی بە ئەنقەست، کوشتنی هاوڵاتیان، لەسێدارەدان و دەستگیرکردن هەبووە.
هاوكات، لە خۆپیشاندانی شۆڕشی”ژن، ژیان، ئازادی” کوسەر ئیفتخاری تەمەن ٢٣ ساڵ و مەرسەدە شاهینکار تەمەن ٣٨ ساڵ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار کران و زیان بە بینایی چاوەکانیان گەیشت.