"هیچ چنگ و کلیلێک ناتوانێت دەروازەی هیوا و ئیرادەی ڕۆڵەکانمان بشکێنێت"

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە بەیاننامەیەک ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکاریکردنی پەدەکەیان کرد و ڕایانگەیاند، هیچ چنگ و کلیلێک ئیرادەی ڕۆڵەکان ناشكێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە  شەڕ و داگیرکاری باشوری کوردستان کەوتە قۆناخێکی نوێ و کرداریەوە بە هاوکاری خیانەتکاران بەڕێوەدەچێت.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "وەك هەمووان ئاگادارن پرسی گەلی کورد پرسێکی جیهانی و مێژووییە، پرسێکی سیاسی و ئازادیە بۆمافەکان کە وەکو هەر گەلێک مافی خۆیەتی کە لەسەر خاکی خۆی بەئازادی بژی، بەزمان وکولتورو هەبوونی خۆی بژی، دەربارەی دەستپێكردنی هێرشی توركیا بۆ سەر باشور پێشبینیمان كردبوو کەئامانجی دەوڵەتی داگیرکاری تورک و هاوکارەکانی چیە و بۆچی پەکەکە دەکەنە بیانووی ئەو داگیرکاریە، تاکە هێز کە بەرگری لە خەڵک و ئەم قەوارەیە بکات تەنها گەریلایە لەبەر ئەوە لەژێر بیانووی هەبووی گەریلا هێرش دەکەن، کە لەڕاستیدا بیانویەکی چەواشەکارانەیە، لە سەردەمی داگیرکاری مەغۆل، عوسمانی، ئەتاتورک گەریلا نەبووە بەڵام ئەوان هەر داگیریان کردووە."

 

دەربارەی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا و دانیشتنی لەگەڵ ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕژاک دەڵێت: لەو ڕۆژەی کە کوڕی بنەماڵەی بارزانی بانگکرا بۆ تورکیا و ئەمری پێکرا کە شەڕ دژی گەریلا دەستپێبکەن، ئیتر بە چەندین كۆپتەر و فڕۆكەی شەڕكەری توركیا هێرشیان كردە سەر لوتكەی كوڕەژارو و زۆرناوچەی تر، دواتر هێزە سەربازیەكانی توركیا لە ناوچە و چیاکانی تر پیادەکران بە ئۆپەراسیۆنێکی چڕ و لە ئاسمان و زەمینەوە کە ناوی ئۆپەراسیۆنەکەیان بە ناوی کلیلی چنگە ودەوڵەتی تورک و چەتەکان دەیانەوێ دەرگای داگیرکاری بکەنەوە، بەڵام ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.

 

هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەدا داوا دەکەن با هەمووان پێکەوە دژی داگیرکاری و ماڵوێرانی ڕاوەستن وبێدەنگ نەبن، بڵێن نەخێر بۆ شەڕ و داگیرکاری و خاکفرۆشی، "داوا لە گەلەکەمان دەکەین بە گشتی گەنجان، نوسەران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، مامۆستایان، پزیشکان، پارێزەران، پێشمەرگەکان، هەموو حیزب و ڕێکخراوە مەدەنی ژنانەکان بەرامبەر ئەم داگیرکاریە بێدەنگ نەبن، چونکە ئەم شەڕە دژی گەلی کوردە و قڕکردنی کوردە، لێرەشدا ژنان قوربانی هەرە سەرەکین، لەبەرئەوە دەبێت ژنان ڕۆڵی کارا و پێشەنگ ببینن لە بەرامبەر ئەو شەڕە ناڕەوایەدا، تا چیتر جەرگی دایک و باوکان نەسوتێن و خاکمان داگیرنەکرێت".