لە عێراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٦٣٩ خێزانى ئاوارە بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە
ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (IOM) گەڕانەوەى ٦٣٩ خێزانى ئاوارەى بۆ ناوچەکانی خۆیان لە سەرەتاى ساڵى ٢٠٢٦ـەوە ڕاگەیاند، کە سێ هەزار و ٨٣٤ کەس لەخۆدەگرێت و لە چوارچێوەى بەرنامەى گەڕانەوەى ئارەزوومەندانە بووە.
ناوەندی هەواڵ
باسکال ڕێنتجێنس، ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (IOM)، سەبارەت بە ژمارەى ئاوارە گەڕاوەکانى عێراق لە سەرەتای ئەمساڵ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکەیان بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتى عێراق سەبارەت بە دۆسییەى داخستنى کامپەکان و تێکەڵکردنەوەى ئاوارەکان بە بەشداریی لایەنە حکومییەکان و ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.
ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەتى عێراق سووربوونی خۆى دووپاتکردووەتەوە بۆ تێکەڵکردنی هەردوو کەمپی “بەحرکە” و “دیبەگە” لە هەولێر، هاوشانی تێکەڵکردنی سێ کامپەکەی ڕۆژهەڵاتی مووسڵ لەناو یەک کامپدا، ئاماژەى بە بەردەوامیی ڕاوێژکارییەکان کرد لەنێوان ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى، کۆمیسیۆنى باڵاى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) و دەسەڵاتە حکومییەکان لەگەڵ دانیشتووانی کامپەکان، بۆ تاوتوێکردنی چارەسەرەکان.
ڕوونی کردەوە، بەرنامەى گەڕانەوەى ئارەزوومەندانەى ئاسانکراو لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە بەشداربووە لە گەڕانەوەى ٦٣٩ خێزان کە سێ هەزار و ٨٣٤ کەس لەخۆدەگرێت، چی بۆ ناوچەکانی خۆیان یان لەڕێگەى نیشتەجێکردنەوە و تێکەڵکردنی ناوخۆییەوە بێت، ئاماژەى بە بەردەوامیی پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی کرد بۆ ئەو ئاوارەیانەی ئارەزووی بەجێهێشتنی کامپەکان دەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران دوای داخستنى کامپەکانى سلێمانی، سەرپەرشتی پرۆسەیەکی گەورەى گەڕانەوەى کرد کە بەشداربوو لە گەڕانەوەى نزیکەى ١١٠٠ خێزان، کە زۆربەیان لە کامپی “ئاشتی”ـی بوون بۆ شارۆچکەى دوجەیل لە پارێزگای سەڵاحەدین، لەگەڵ پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی سەقامگیری بە بڕی چوار ملیۆن دینار بۆ خێزانە گەڕاوە شایستەکان.