ژنان بە دەستدرێژی و توندوتیژیی لەلایەن هێزەکانی میانمارەوە دەکرێنە ئامانج

ژنانی میانمار لە دوو ساڵ پێش ئێستاوە بێ ترس بەرەنگاری دەسەڵاتی ستەمکارانەی جونتا بوونەتەوە، ژنان لە پێشەنگی شۆڕشدان، هەر بۆیەش حکومەت ترسی لە هێز و ئیرادەی ژنان هەیە و بە چەندین شێوازی توندوتیژی دەیانکاتە ئامانج و زایتر لە ٤ هەزار ژنی دەستگیرکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی میانمار دەستدرێژی و توندوتیژی لە دژی ژنان وەک بەشێکی گەورە لە هەڵمەتەکانی بۆ سەرکوتکردنی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان بەکاردەهێنێت، هەوڵی لە ناوبردنی ئیرادەی ژنان دەدات.

 

مای سابێ فیۆ، چالاکوانێکی ژنانە لە میانمار خۆپیشاندانی ژنانی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژە کودەتادا ڕێکخست، لە مانگی نیسانی ٢٠٢١ لە ژێر هەڕەشەی دەستگیرکردندا لە میانمار هەڵاتووە و پاشان لەگەڵ ژنانی دیکەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی میانمار لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ هاوپەیمانی داکۆکیکاری ژنانی میانماریان پێکهێنا بۆ بەهێزکردن و پشتیوانیکردن لە ڕۆڵی ژنان.

 

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی ٨ی ئاداردا ڕاگەیەندراوە کە سەربازانی جونتا لە سەرەتای کودەتاکەی وڵاتی میانمار دوو ساڵ لەمەوبەرەوە دەستدرێژی سێکسییان کردووەتە سەر زیاتر لە ١٢٢ ژن، لەو ماوەیەدا زیاتر لە سێ هەزار و ١٢٥ ژن دەستبەسەر کراون، کە ١٥یان لەلایەن حوکمەتەوە سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە و ١١ی دیکەشیان ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.

 

هێزەکانی جونتا لە ١ی ئاداردا هەڵیانکوتایە سەر گوندی تار تاینگ لە کورسی ناوچەی ساگاینگ و زیاتر ١٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە سێ کەسیان ژن بوون، ئەو ژنانە پێش ئەوەی تەقەیان لێبکرێت و بکوژرێن، لەلایەن سەربازەکانەوە دەستدرێژی بەکۆمەڵیان کراوەتە سەر، ئەم هێرشە وەک بەشێک لە پەرەسەندنی توندوتیژیەکانی ئەم دواییەی دژی خەڵکی مەدەنی لەلایەن حوکمی سەربازیی میانمارەوە سەیر کرا، ژمارەی کوژراوان و دەستگیرکردنەکان لەسەر بنەمای زانیاری سنووردارە کە دەکرێت کۆکردنەوەی زانیارییە دروستەکان لە میانمار قورس بێت، گروپەکانی مافی مرۆڤ مەزەندەی ئەوە دەکەن کە ژمارەی کوژراوەکان زۆر لەوە زیاتر بێت.

 

کۆمەڵەی هاوکاری بۆ زیندانیانی سیاسی کە بنکەکەی لە تایلەندییە لە مانگی شوباتی ڕابردوودا بە بەڵگەوە ڕایگەیاندبوو، لە سەرەتای کودەتاکەی مانگی شوباتی ٢٠٢١ەوە زیاتر لە ٤ هەزار ژن دەستگیرکراون یان دەستبەسەرکراون، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەی ئەو ژنانەی لە ئەنجامی شەڕ و ململانێکانی ناو وڵاتەکە کوژراون گه یشتووەته نزیکەی ٤٠٠ ژن و به شێک له ژنان له چالاکی سەربازیدا کوژراون، یان به زیندووی سووتێنراون، ئەم ڕێکخراوە لە دوای کودەتاکەوە دەستبەسەرکردن و کوشتنەکانی میانماری بەڵگەدار کردووە.

 

نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتەکەیدا بەناوی Global Appeal 2023 ڕایگەیاند، توندوتیژی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و توندبوونەوەی شەڕی چەکداری لە دوای کودەتاکە بووەتە هۆی ئەوەی دەیان هەزار پەنابەر بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵبێن و زیاتر لە ٩٨٢ هەزار کەس ئاوارەبوون لەناو میانمار، ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو کە یەک ملیۆن و ٣٥ هەزار کەسی ئاوارە ناوخۆییەکان لە وڵاتەکەدا هەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی ژن و منداڵن.

 

ژنان لە سەرەتای کودەتاکە زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە بە ئیرادەوە و بێ ترس بەرەنگاری دەسەڵاتی ستەمکارانەی جونتا بوونەتەوە، ژنان بوێر و زیرەکن لە ڕۆڵی پێشەنگی شۆڕشدا، هەر بۆیەش حکومەت ترسی لە هێز و ئیرادەی ژنان هەیە و بە چەندین شێوازی توندوتیژی دەیانکاتە ئامانج.