سنەی خوێناوی، دڕندەیی ڕژێمی ئێران لە ٢٢ شوبات

لە ٢٢ شوبات یادی کۆمەڵکوژیی شاری سنە لە مێشکی خەڵکی ئەم شارەدا هێشتا دەژی، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ئەنجامی یەکڕیزیی گەلی کورد لە دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەر ڕوویدا .

هیما راد

 

سنە- دوای پیلانی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩٩، کاتێک بە مەبەستی گەشتکردن بۆ وڵاتێکی دیکەی ئەفریقا بەرەو کینیا دەڕۆیشت، ئۆتۆمبێلەکەی لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا ون بوو و ڕۆژی دواتر گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە.

 

گەلی کورد لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان (باکور، باشور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا) وەک نیشانەی ناڕەزایەتی لە ٢٢ شوبات لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە شاری سنە خەڵکی هاتنە سەر شەقامەکان، گەنجانێکی زۆر کوژران و ژمارەیەکی زۆریش زیندانی کران.

 

  لەم ڕۆژەدا چەندین شایەتحاڵ هەن کە دوای ٢٤ ساڵ هێشتا دڕندەیی ڕژێمی ئێران وەبیردەهێننەوە و ئەو ڕۆژە بە ڕۆژێکی شوم دەزانن کە وەک زۆرێک لە ڕووداوە ترسناکەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نوێنەرایەتییەکی تەواوەتی ڕژێمی ئێران دەکات.

 

"دروشمی یەکەم مردن بوو بۆ حکومەتی تورکیا"

یەکێک لەم شایەتحاڵانە بە ناوی خوازراوی س.ت دەڵێت: لە ٢٢ شوباتی ساڵی ١٩٩٩ کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی گەنجان لە گۆڕەپانی ئازادی کۆبوونەوە، وە تەنها سەیری یەکتریان دەکرد وەک ئەوەی ئەم نیگایانە کۆدێک بن کە مێشکی یەکتریان پێ دەخوێندەوە، یەکەم دروشمیان مردن بوو بۆ حکومەتی تورکیا، دوای ئەم دروشمە پۆلیس گەیشت و هێرشیان کردە سەر گەنجان، هەموویان بە درێژایی شەقامی فیردەوسی بڵاوەیانکردبوو، هەروەها لە شەقامی شەشەمی بەهمەن دەستیان بە شەڕ کردبوو.

 

یەکەم شەهید کچێک بوو بە ناوی "ئاسۆ"

ئاماژە بەوەش دەکات کە هێزەکانی پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر خەڵک، بەڵام خەڵک تەنها بە فڕێدانی بەردی بچووک بەرگریان لە خۆیان کردووە، لەناکاو هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە تەقەکردن کرد و یەکەم کەس کە شەهید بوو کچێک بوو بە ناوی ئاسۆ لە شەقامی فیردەوسی، دوای ئەوەی ئەم کچە کوژرا چەند کەسێکی تریش کوژران و ئەم ڕووداوە تووڕەیی خەڵکەکەی زیاتر کرد.

 

س.ت دەڵێت: " لەناکاو شارەکە پڕ بوو لە هێزی پاسەوانی تایبەت کە ئیشیان لێدانی خەڵک بوو، لە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سنە، هەندێک کەس دەرگای ماڵەکانیان کردەوە بۆ ڕزگارکردن و داڵدەدانی گەنجان، لە یەکێک لەو ماڵانەدا هێزەکانی پۆلیس خەریکی لێدانی دەرگای ماڵەکە بوون و کاتێک خاوەن ماڵەکە دەرگای بۆ نەکردەوە و ماڵەکە بەتەواوی بێدەنگ بوو، ڕۆیشتن و گازی فرمێسکڕێژ و دەنگی تەقە کەشوهەوای گەڕەکەکەیان ترسناک کردبوو."

 

"بە هەلیکۆپتەر گازی فرمێسک ڕێژیان ڕشت"

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: " کامێرایەک خەریکی وێنەگرتنی ئەو چەکدارە گەنجانە بوو، گەنجێک بەردێکی فڕێدایە شوشەی کامێراکە و کامێراکەی شکاند، گازی فرمێسکڕێژیان بەسەر سەری خەڵکیدا فڕێدا و لەبەر ئەوەی گەنجێکی زۆر لە کوچەیەکی بنبەستدا بوون، ژەهراوی بوون و بەشێکی زۆریان لە هەمان کوچە بنبەست دەستگیرکران، ئەمە له کاتێکدا بوو که گەنجەکان هاتبوونه سەر شەقام بۆ پشتیوانیکردن له ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ناسراو به "ئاپۆ" و دهیانویست ئازاد بکرێت و هیچ دروشمێکی دژ بە ڕژێمی ئێرانیان نەدەوت، بەڵام دوژمنایه تی ئەو ڕژێمە له گه ڵ گه لی کورد وایان لێده کات دژایەتی هەموو تاکێکی کورد بکەن تەنانەت مرۆڤە ئاشتیخوازەکانیش ئەم جۆرە کارە دژە مرۆڤانەیە لە دژی ئەنجام دەدەن."

 

 

" دەچوونە قوتابخانەکان و تۆماری ئامادەبوون و ئامادەنەبوونیان دەپشکنی"

س.ت درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: " دوای ئەو ڕۆژە، هێزەکانی پۆلیس چوونە قوتابخانە ناوەندییەکان و بەتایبەت ئامادەیی کچان و لە ڕۆژی ٢٢ شوبات لیستی ئامادەبوون و ئامادەنەبوونیان پشکنی، هیچ بەڕێوەبەرێک لە هیچ قوتابخانەیەک ئامادەنەبوونی هیچ خوێندکارێکی ڕانەگەیاندبوو، جگە لە یەک بەڕێوەبەر بە ناوی غەزالە مورادی هەموو قوتابیە غابیەکانی قوتابخانەکەی ئاشکرا کرد و یەکێک لەو قوتابیانە کچێک بوو بە ناوی هایدە بەهرامی دانیشتووی گەڕەکی شەریف ئابادی سنە کە دواتر لە زیندان دەستدرێژی کرایەسەر و دوای ئازادبوونی لە زیندان کچەکە توشی دڵتەنگ و خەمۆکی بوو."

 

"دواتر گەنجانێکی زۆر بە وێنە ناسرانەوە و دەستگیرکران"

لە درێژەی قسەکانی وتی: "لە ٢٢ شوبات خەبات تا کاتژمێر چواری ئێوارە بەردەوام بوو ناڕەزاییەکان، گەنجێکی زۆر کوژران و دەستگیرکران، تا ماوەیەکی زۆر کۆبوونەوەی زیاتر لە دوو کەس بۆ ماوەیەکی زۆر لە شەقامەکاندا قەدەغە بوو و یاسای سەربازی لە شارەکەدا حوکمڕانی دەکرد، کوڕێکی گەنج لە نزیک بەنداوی وەهدەت بە دارێکەوە بەستراوەتەوە و بە گولە کوژراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر بنەماڵەی ئەم گەنجە بەدوای کوڕەکەیدا گەڕاون، گەنجەکان بە وێنە ناسێنراون و دەستگیرکراون."

 

شایەتحاڵێکی دیکە بە ناوی خوازراوی ش.ن دەڵێت: "  لەو کاتەدا تەمەنم دە ساڵ بوو و لە قوتابخانەی ئازادیگان لە پۆلی پێنجەم بووم، قەرەباڵغییەکە لە گەڕەکی بیست و پێنجەوە دەستیان پێکرد و گەیشتنە ڕێگای شێخان کە قوتابخانەکەمانی لێی بوو، لە پەنجەرەی قوتابخانەکەوە دەمانبینی دەرەوە، ئەفسەرەکان بە چەقۆ و دەمانچە خەڵکیان دەکوشت، کەشوهەوای قوتابخانە زۆر گرژ بوو و مامۆستایان و بەرپرسانی قوتابخانە هەموویان لە ترس و دڵەڕاوکێدا لە ڕاڕەوەکانی قوتابخانە کۆبووبوونەوە، لەو کاتەدا ئینتەرنێت نەبوو و دەسکەوتنی مۆبایل ئاسان نەبوو، هەر بۆیە دەبوو تەنها بە چاوی خۆمان هەواڵەکان ببینین یان لە یەکترەوە هەواڵەکانمان پێبگات، قوتابخانەکان لە هەموو ڕۆژێک درەنگتر داخرا، بەڵام لە ڕێگای گەڕانەوەدا، هێشتا ئەو قەرەباڵغییەمان بینی کە لە کاتژمێر ٩، ١٠ی بەیانی دەستیان پێدەکردبوو کە هێشتا و تا ئەو کاتە بەردەوام بوو، لەو ڕۆژەدا هەواڵەکانی کوشتن و دەستگیرکردنی خەڵک زۆر بڵاوبووبووەوە، ئەمەش توڕەیی خەڵکی زیاتر کردبوو."

 

"پارێزگاری ئەوکات، ڕەمزانزادە، کە فەرمانی لەسێدارەدانی زۆر کەسی دەرکرد"

وتیشی: " پارێزگاری ئەو سەردەمە ڕەمزانزادە بووە و بەو پێیەی هێشتا تەمەنم دە ساڵ بوو، دواتر لە باوکمەوە بیستم کە فەرمانی لەسێدارەدانی زۆر کەسی دەرکردووە، بەهۆی نەبوونی میدیا کە ئاماری کوژراو و بریندار و دەستگیرکراوەکان ڕابگەیەنێت، خەڵک زۆر درەنگ زانیارییان لەسەر ڕووداوەکان زانی، ئەو کوشتنە دڕندانەیە کە ئەگەر ئێستا بوایە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا دەهێنا و ڕەنگە ئەگەر میدیایەک هەبوایە شۆڕشی ژینا زۆر زووتر ڕوویبدایە، لە ڕۆژانی دواتر ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون و خەڵک لە شەقامەکانی شاردا یەکتریان دۆزیەوە و یەکتریان گرتەوە."

 

"گەنجان کە بەبێ هیچ بانگەوازێک لە گردبوونەوەکاندا یەکدەگرن"

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " بە پێی ئامارەکان ڕووداوەکەی ٢٢ شوبات کە لە شاری سنە ڕووی دا، زیاتر لە ٧٠ کەس شەهیدبوون، هەرچەندە خەڵکی لە هەموو تەمەنێکدا بەشدار بوون لەو ناڕەزایەتیانەدا، بەڵام زۆربەی بەشداربووانی ئەو ناڕەزایەتیانە گەنجان و هەرزەکارانی قوتابخانە بوون کە بەبێ هیچ بانگەوازێک و پلانێکی پێشوەختە دیاریکراو ڕژانە سەر شەقامەکان."

 

لایەنگرانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە هەموو شوێنێکی کوردستان و ئێران ئامادە بوون و ئەو ناڕەزایەتیانە تەنیا لە سنە نەبوون، بەڵکو لە شارەکانی دیکەی وەک کامیاران، مەریوان، ورمێ، لە کامیاران هەموو ئیمکاناتی سەربازی و زیندانەکان پڕ بوون لە دەستگیرکراوان و هیچ شوێنێکی بەتاڵ نەمابوویەوە.

 

  ڕووداوێک کە میدیاکان زۆر بایەخیان پێ نەدا، کوشتنی حەفتا کەس یان زیاتر لە ساڵێکدا، ئەگەر بە زارەکی لە نێو خەڵکدا بڵاو نەکرایەتەوە، ڕەنگە ئێستا نەمزانیبایە، و ئەمەش جێگای خۆیەتی بۆ ئەو میدیایانەی کە هەرگیز بێلایەنی لە کارەکانیاندا دانەناوە.