بەهۆی هێرشی داعش ژنێک لە کەرکوک کوژرا
لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ سەر گوندێکی شاری کەرکوک، ژنێک کوژرا و چەند هاوڵاتییەکی مەدەنیش برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢٧ی ئەیلوول، سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی هاوەن لە گوندی ئەلمەلحەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، ژنێک کوژراوە و چەند کەسێکی مەدەنیش برینداربوون، هۆکاری هێرشەکە بۆ داعش گەڕێنرایەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە، ئەو ژنە بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە، هاوکات بریندارەکانیش بۆ چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ دامەزراوە پزیشکییەکان.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامارە ڕاپۆرتکراوەکان سەرەتایین و ڕەنگە بەرزببنەوە.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە ناوچە گوندنشین و دوورەدەستەکانی پارێزگای کەرکوک، بە ئامانجی بەدواداچوونی شانەکانی داعش و سنووردارکردنی توانایان بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ناوچە مەدەنییەکان، بەردەوامن.