هەدەپە سەردانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەکات: لەرۆژئاوا هیچ هاوکارییەک نەگەیشتووەتە خەڵک
پەرلەمانتارانی هەدەپە لە سەردانیکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ڕایانگەیاند، خەڵکی ڕۆژئاوا ناتوانن دەستیان بە هیچ هاوکارییەک بگات و ١٠٠ کەس لە یەک خێمەدا بەدوای پەناگەدا دەگەڕێن.
ناوەندی هەواڵ
پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە "نوران ئیمیر، فیلیز کەرستەجئۆغڵو و موعەزز ئۆرهان و ئەندامانی دیکەی پارتەکە سەردانی قوربانیانی بوومەلەرزەیان کرد کە لە گەڕەکەکانی ئاکدێرێ، بایباحچە و گوزل ڤادی شاری عەنتاب دەکەن کە لە چادرەکاندا دەمێننەوە.
زۆرێک لە ڕزگاربووان ڕایانگەیاندووە کە بەزەحمەت دەستیان بە چادر و بەتانی و گەرمکەرەوەکان دەگات، ئاماژەیان بەوەداوە کە جگە لە هەدەپە کەس سەردانیانی نەکردووە، یەکێک لەو هاووڵاتیانە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی دەوڵەت بۆ ماوەی دوو ڕۆژ سەردانی کەسیان نەکردووە کاتێک ڕووبەڕووی برسێتی و نەبوونی ئاو بوونەتەوە، دەشڵێت، لەو ماوەیەدا هاووڵاتیانی دیکە هاوکاریان کردوون.
پەرلەمانتار نوران ئیمیر بە ئاماژەدان بەوەی کە دەوڵەت هیچ هاوکارییەکی نەگەیاندووەتە هیچ کەسێک لە ناوچەکەدا، وتی، “خەڵکی ڕۆژئاوا بە ڕێگەی خۆیان خێمەیان داناوە، نزیکەی سەد کەس هەوڵدەدەن لە چادرێکی بچووکدا بژین، ئەم کەسانە هێشتا هیوایان بە ڕزگارکردنی ئەو کەسانە هەیە کە لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە، ناتوانین قبووڵی بکەین کە ئەم کەسانە بۆ چارەنووسی خۆیان جێبهێڵرێن و ڕووبەڕووی کەشوهەوای سارد ببنەوە، ئێمە وەک هەدەپە ئامادەین هاوکارییان بکەین و هەموو پێداویستیەکانیان دابین بکەین”.