"ژینگەمان جوانە با بە نایلۆن وێرانی نەکەین"

ڕێکخراوی نوێ پێشەنگایەکی بۆ بەکلتور کردن و بەکارهێنانی تورەکەی خامی کردەوە، لە پێشەنگاکەدا هۆشداری درا لە بەکارنەهێنانی کیسەی نایلۆن تا پارێزگاری لە ژینگە بکرێت.

هەڵەبجە

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە باخی گشتی هەڵەبجە لە پارێزگای هەڵەبجە، ڕێکخراوی نوێ پێشەنگایەکی بۆ بەکلتور کردن و بەکارهێنانی تورەکەی خام بە دروشمی "ژینگەمان جوانە با بە نایلۆن وێرانی نەکەین"، کردەوە، ئەم پێشەنگایە بە بۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستان و لە چوارچێوەی پرۆژەی با کوردستان سەوز بکەین بەڕێوەچوو.

 

لە پێشەنگاکەدا چەندین جۆری تورەکەی خام بە دیزاینی جۆراوجۆر نمایشکران، هەر لەوێشدا چەندین ژنی گەنج ئامادەبوون کە نەخش و وێنەیان لەسەر تورەکە خامەکان دەنەخشاند، کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە  و ژمارەیەک لە ژینگەپارێزان و دانیشتوانی شاری هەڵەبجە تێیدا بەشداربوون.

سارا سەلام لێپرسراوی بەشی ژینگە لە ڕێکخراوی نوێ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ژنها دوا و وتی: مەبەستمان لەم پرۆژەیە زیاتر ناساندنی تورەکەی خامە و بەکارهێنانیەتی لەلایەن هاوڵاتیانەوە، چونکە نایلۆن زیانێکی ئیجگار زۆری بۆ ژینگە هەیە، سارا باسی لە هەڵمەتی سەوزکردنی ژینگەکرد و وتی: هەڵمەتێکی دیکەمان هەیە لە قوتابخانەکاندا بەڕێوە دەچێت، کە مەبەستمان هۆشیارکردنەوەی قوتابیان و سەوزکردنی ژینگەکەیانە.

 

شادان حەبیب دیزاینەری نەخشی تورەکەکان باسی لەوە کرد ئامانجمان بە کلتورکردنی تورەکەی خامە تا لەجێی نایلۆن بەکاری بهێنیت و ژینگە بپارێزیت، وتیشی: هەر ڕێکخراو و شوێنێک لەسەر داوای خۆیان دەتوانین نەخشیان بۆ بکەینە سەر تورەکەکان.

ڕێکخراوی نوێ لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کاری بۆ پاراستنی ژینگە و مافی ژنان کردووە، تاکو  ئیستاش بەردەوامە لە کار و پرۆژەکانی و چەندین چالاکی بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخستووە.

 

ت.پ