ڕۆژین موسێ: مەبەست لە سنووردارکردنی زمانی کوردی لەناوبردنییەتی
ڕۆژین موسێ، مامۆستای بەشی ئەدەبی کوردی دیاری کرد، کە بڕیاری سنووردارکردنی پەروەردەی کوردی بووە هۆی کاردانەوەی مامۆستایان وخوێندکاران لە رۆژئاوای کوردستان، دەڵێت: دەبێت کورد و کەسە پەیوەندیدارەکان زمانی کوردی بکەنە خاڵی سەرەکیی کارکردن.
نەغەم چاچان
قامیشلو – زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ قسەکردن؛ یادەوەری و ناسنامەی گەلانە، زمانی دایکیش یەکەم دەنگە کە منداڵ پێی جیهان دەناسێت، لەبەر ئەوە پاراستنی تەنها پاراستنی وشەکان نییە، بەڵکو پاراستنی بوون و ناسنامەیە، لە بەرامبەر بڕیاری ٢٧ی ئاب کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاتیی سووریاوە کە سنوور بۆ وانە زمانی کوردی دادەنێت، ناڕەزایەتیی گەل، مامۆستایان و خوێندکاران لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، بە چالاکی و هەنگاوی بەردەوام، دەیانەوێت نیشانی بدەن کە زمانی کوردی تەنها لە پۆلەکانی دەرسدا نییە، دەبێت لە ژیانی کۆمەڵگەشدا بژی و پەرەی پێ بدرێت، لەبەر ئەوەی بۆ زمانی کوردی ساڵانی درێژ شۆڕش و تێکۆشان کراوە، بۆ پاراستنی و گەیاندنی بە نەوەکانی داهاتوو پێویستە بەردەوامیدان بە پەروەردە.
ڕۆژین موسێ، مامۆستا کە دەرچووی بەشی ئەدەبی کوردی لە زانکۆی ڕۆژئاوایە، ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕی لە دژی بڕیاری ٢٧ی ئاب کە زمانی کوردی تەنها بە سێ وانە لە هەفتەیەکدا سنووردار دەکات.
”بە ڕێگەی بڕیاری ٢٧ی ئاب دەیانەوێت زمانی کوردی لە ناو ببەن”
ڕۆژین موسێ ئاماژەی بەوەشکرد، کە حکومەتی کاتی دەیەوێت بە گوێرەی هۆشیاریی خۆی زمانی کوردی سنووردار بکات و لە کۆتاییشدا لەناوی ببات و وتی: ئێمە وەکو مامۆستا و خوێندکار کە ١٢ ساڵە بە زمانی کوردی دەخوێنین و فێر دەبین، لە بەرامبەر ئەم بڕیارانە ناڕەزایەتیی خۆمان نیشان دەدەین، کاتێک ماددەی ١٣ ڕاگەیاندرا، ئێمە لە دژی وەستاین بەڵام بەداخەوە هیچ کەسێک تێڕوانینی ئێمەی نەخستە بەرچاو، هەروەها بڕیاری ٢٧ی ئابیش سەبارەت بە زمانی کوردی بڕیارێکی لە جێی خۆیدا نییە، ئەم بڕیارە بۆ ئێمە ئەو واتایە دەدات کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی سیاسی و بە گوێرەی هۆشیاریی تاکلایەنە و یەکڕەنگی خۆیان، زمانی کوردی سنووردار بکەن و لە کۆتاییشدا لەناوی ببەن.
”با مامۆستا و قوتابی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دژ بە زمانی کوردی بێدەنگ نەبن”
ڕۆژین موسێ ڕایگەیاند، کە مامۆستایان و خوێندکاران لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ساڵانە خاوەندارێتییان لە زمانی کوردی کردووە و وتی: حکومەتی کاتی کە هاتووە سووریا بەڕێوە ببات، دەیەوێت لە بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕاوەستێت، ماف و ناسنامەی گەلی کورد پێشێل بکات و پێویستییەکانیان لە ناو ببات، بێگومان، مامۆستا و خوێندکارانی کە خاوەنی پێنوسی پیرۆزن و بە ساڵانە خاوەندارێتی لە زمانی کوردی دەکەن لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانە دەوەستن و ناڕەزایەتیی خۆیان بە شێوەیەکی ئاشکرا نیشان دەدەن.
”ئێمە لە دژی فێرکاری زمانی جیاواز نیین”
ڕۆژین موسێ جەختی لەوەکردەوە، کە ئەوان لە دژی فێرکاری هیچ زمانێک نیین و وتی: ئێمە لە دژی فێرکاری زمانەکانی تر نیین، بەڵام ناڕەزایەتیی ئێمە لەمەیەکە کە کاتێک بۆ فێرکاری هەموو زمانێک ڕێگە دەدرێت، لە هەمانکاتدا زمانی کوردی سنووردار دەکرێت و لەناوبردنی نیشان دەدرێت، من وەکو دەرچووی زانکۆی ڕۆژئاوای بەشی ئەدەبی کوردی ئەگەر ئەدەبی کوردی وەکو ماددە لە ناو وزنەکانی پەروەردەدا جێ نەگرێت، من دواتر چی بە خوێندکاران بڵێم؟ لە هەمانکاتدا، ئەو خوێندکارانەی کە فێری ئەدەبی کوردی بوون و وەکو چەمکێکی بنەڕەتی ناسیویانە، کاتێک لە ئێمە دەپرسن ئەم چەمکە بۆ کوێ چوو؟ ئایا ئێمە چ وەڵامێک دەدەینەوە.
”بەو شێوەیە مێژوو و چاندیی کوردی لە ناو دەبەن”
ڕۆژین موسێ ڕوونیکردەوە، کە پێویستە ئەو پەرلەمانتارانەی بە ناوی کوردەوە کار دەکەن زمانی کوردی وەکو خاڵی سەرەکی و بنەڕەتی کاری خۆیان بگرنە دەست و وتی: کاتێک ئەدەبی کوردی لە ناو دەبەن، بەو شێوەیە مێژوو و چاندی کوردییش لە ناو دەبەن، هەموو کاتێک بە چاوی لاوازییەوە سەیری گەلی کورد دەکەن، دەبێت هەموو کوردو خوێندکاریک ناڕەزایەتیی خۆی نیشان بدات، هیواو ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی و کەسە پەیوەندیدارەکان زمانی کوردی بکەنە خاڵی یەکەمی کارییان، لەبەر ئەوەی گەلێک زمانی خۆی لە دەست بدات، لە کۆتاییشدا بوونی خۆشی لە دەستدەدات.